جه‌نابی موجته‌با خامنه‌یی سڵاو
ره‌حمان غه‌ریب
ئه‌م به‌یانییه، سه‌رقاڵی مشوری ژیانی رۆژانه و ئاماده‌كردنی ژه‌می به‌یانی بووین بۆ منداڵه‌كانمان، ته‌ماشای شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانمان ده‌كرد تا كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگ له‌سه‌ر نرخی پیاز و ته‌ماته و سووته‌مه‌نی ماڵان بزانین، ده‌نگی درۆنی وڵاته‌كه‌ت سه‌رله‌نوێ خۆی كرد به ماڵه‌كانماندا، ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوو به میوانمان.
درۆنێكی موعتادی سوپاكهتان یان "وه‌كیل"ه‌كانتان له موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی، ئه‌و هێزانه‌ی له ووتاره‌كه‌ی ئه‌م ئێواره‌یه سوپاست كردن، كه‌وته سه‌ربان و بنبانی ماڵی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی گه‌ڕه‌كی (قالاوه)ی شاری سلێمانی.
ئه‌م وێنه‌یه ته‌واوی سه‌رده‌مێك له خۆده‌گرێت، سه‌رده‌مێكی ره‌ش كه درۆنه‌كان جیاوازی ناكه‌ن له نێوان جه‌نگاوه‌رێك و ژنێكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان كه ژه‌می به‌یانی بۆ منداڵه‌كانی ئاماده ده‌كات. هه‌رێمێك ده‌كاته ئامانج كه سه‌ركرده‌كانی شێوازی ده‌ربڕین نه‌ماوه به‌كاری نه‌هێنن: "ئێمه به‌شێك نین و نابین له‌م شه‌ڕه".
درۆنی جه‌نگیی سوپا و پاسدار و حه‌شدی وهلائیتان له سه‌ربانی ماڵ له گه‌ڕه‌كه‌كانی قالاوه و ژیان له سلێمانی و هه‌ولێر و شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان دڵته‌زێنتر ده‌بوو، نه‌خوازا له‌ناو یارییه‌كی منداڵانی گه‌ڕه‌ك بووایه، یان له شوێنێكی وه‌ك قوتابخانه‌كه‌ی شاری میناب، كه وه‌ك ده‌رهاویشته‌یه‌كی قێزه‌ونی جه‌نگ، مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه بۆ ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ی.
بۆ ده‌ته‌وێت بمانكوژیت؟ ئه‌وانه‌ی شاره‌كانتان ده‌كه‌نه گۆڕستان، ئێمه نیین، ئیتر بۆ ئه‌م هه‌سته قین و شه‌ڕه‌نگێزه‌ی هێزه‌كانتان بووه به خوو و فۆڕمێكی ده‌روونی وه‌رگرتووه؟ له كاتێكدا، له ئاستی ره‌سمیدا به یه‌ك ووشهش پشتیوانی ئه‌و جه‌نگه نه‌كراوه، له سنووره‌كانمانه‌وه فیشه‌كێك به رووی پاسدارێكتاندا نه‌ته‌قیوه، له شاره‌كانمانه‌وه خۆپیشاندانێكی (10) كه‌سی نه‌هاتووه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ پشتیوانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل، ئیتر تۆڵه‌ی چیمان لێ ده‌كه‌نه‌وه؟
رووداوه‌كانی ئێستا و رابردوو له به‌كه‌م ته‌ماشكردنی خوێنی هاوڵاتیان كوردستانی، له یاده‌وه‌ری نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو به‌زیندوویی ده‌مێننه‌وه. دانیشتووانی ئه‌م شاره بۆمببارانی 17ی كانونی دووهه‌می 1987ی له یاده‌وه‌ریدا نه‌سڕاوه‌ته‌وه، له گه‌رمه‌ی جه‌نگدا كاتێك سوپای عێراق، شاره‌كانی ئێوه‌ی داگیر ده‌كرد، ئێوه ده‌هاتن گه‌ڕه‌كی ئازادی و شه‌قامی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ و كارێزه ووشكتان بۆردومان ده‌كرد، هه‌ر ئێمه قوربانی بووین، تاوانكارییه؟
جه‌نابی موجته‌با، به بۆنه‌ی ده‌ست به كاربوونتان وه‌ك سێهه‌مین رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی، زۆربه‌ی سیاسییه‌كانمان، پیرۆزباییان لێ كردن، كه‌چی به زۆری زۆرداری شوێنه مه‌ده‌نییه‌كانی و دامه‌زراوه‌كانی تری ده‌كه‌نه ئامانج، شه‌ڕ بۆ ده‌هێننه سه‌ربانی ماڵه‌كانمان؟
ئه‌م هه‌موو پاره‌یه بۆ ئیتڵاعات و هه‌واڵگری سه‌رف ده‌كه‌ن، كه‌چی نازانن له قالاوه هیچ باره‌گایه‌كی مۆسادی لێ نییه، ئه‌م هه‌موو بهكرێگیراوهتان نه‌یانتوانی بیسه‌لمێنن كه ئیسرائیل له هه‌رێمی كوردستان بنكه‌ی نییه. ئیتر ئه‌م دڵڕه‌قی و دڵڕهشییهی سوپای پاسداران و به‌كرێگیراوه‌كانیان له عێراق دژ به كوردستان له پای چی؟ بۆ ته‌واو نابێ؟
PM:09:25:12/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 544
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی