وەڵامێک بۆ ئێران و ئەمریکا

‌ئاسۆ عەلی

بێ سڵاو.......

کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەنێوان بەرداشی هەردوولاتاندا گیری خواردووە. هەرلایەکتان، پێشنیارێکی هەڕەشاویتان، لەڕێی دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەمانەوە، کردووە بەدیاری جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بۆمان.

جمهوری ئیسلامی ئەڵێ بەشداری لەهەر کارێک لەدژمان بکەن. ڕاستە ماڵ و حاڵی خۆمانمان پێناپارێزرێت، بەڵام داروبەردی ئێوە بەسەریەکەوە ناهێڵین. ئەمریکاش ئەڵێت، لەگەڵمان نەبن، واتای ئەوەیە لەدژمانن و لێتان قبوڵ ناکەین، تێشدەگەین(لێتان قبوڵ ناکەین)ی ئەمریکا یەعنی چی؟!! بەوحسابە، فەرمان و پێشنیاری هەرکامێکتان جێبەجێ بکەین، لاکەی ترتان وێرانمان ئەکەن. سەرەنجام گوێزانی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆتانتان خستۆتە قوڕگمانەوە، دەریبهێنین قوڕگمان ئەبڕێت و قوتی بدەین قورگمان ئەبڕێت. هیچ نەکەین هەر سزا ئەدرێین، هەرچیش بکەین هەر سزا ئەدرێین!!

لە بەدبەختی و بێکەسی و بێچارەیی و گیرۆدەییشماندا، قەرزداری هەردوولاتانین و لە کارەساتەکانی ڕابوردوماندا، هەرلایەکتان لەسەردەمێکدا (بۆ بەرژەوەندی خۆتان) بەفریامانەوە هاتوون. هاوشانی ئەوەش، بەردەوام و یەکی چەندان جار، یاری و مامەڵەی ترسناکتان بە چارەنوسمانەوە کردووەو لێنەگەڕاون هەرگیز لەدۆخی (مەمرەو مەژی) ڕزگارمان بێت.

ڕاستییەکەی بڵێین؛ ئەگەر بۆمان هەبوایە بەسۆز بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشنیارو فەرمانەکانتان بدەین. پێمان خۆش بوو، لەداخی هەرلایەکتان پێشنیازی لاکەی ترتانمان جێبەجێ بکردایە. بەڵام بەداخەوە ئێستا کە هەلی جێبەجێکردنی هەردوکیانمان نییە، ئەوا خۆمان پێشنیارێکی جێگرەوەتان بە دوو بژاردەوە، پێشکەش ئەکەین، داواکارین بەزوویی وەڵاممان بدەنەوە:
یەکەم: یان ئەوەتا، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو واحساب بکەن، ئێمە سویسراین و بۆمان هەیە لەدۆخی بێلایەنیدا بین! کەی لایەکتان پشتی لاکەی ترتان شکان، یان بوون بە برای گیانی بەگیانی، لە سویسرابوون ڕزگارمان بکەن و بمانهێننەوە سەر خاڵی سفر!

دووەم: یان هەرئێستا هەردولا، واز لەکێشەکانی خۆتان بهنن و کۆبونەوەیەکی سەربازی باڵا ئەنجام بدەن و سەبارەت بە دیاریکردنی کاتژمێری (سفر) ڕێکبکەون؛ بەخستنەکاری هەرچی هێزی ڕۆکێتی و ئاسمانی و دەریایی و زەوینی لەبەردەستتاندایە، بەهەماهەنگی تەواوەوە، لەهەر شەش لاوە، هێرشێکی کوتوپڕمان بکەنەسەرو بەماوەیەکی کورت و لەکارکردەیەکی پوختدا، تاکبڕمانکەن! لەم لاپەڕەیەی مێژووشدا، بنووسن؛ دوێنێ گەلێکی سەد ملیۆن کەسی زیادە لەمێژوو، لەجوگرافیا، لەم سەرزەوییەدا هەبوو. سەرکەوتوانە لەناومان بردن و چارەسەری ڕیشەییمان بۆ خۆیان و کێشەکەشیان دۆزییەوە، بەو بۆنەیەوە هاوپەیمانی پایەداری نێوانمان ڕائەگەێینین. دڵنیابن، لەو کارە خێرخوازی و مرۆڤدۆستانەیەتاندا، پشتیوانی بێدرێغ و بێبەرامبەری؛ تورکیاو دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی و گشت ڕێکخراوە خێرخوازی و قازانج نەویستەکانی: داعش و قاعدەو ئیخوان و نەسرەو جیهادو حەماس و بۆکۆحەرام و تاڵیبان و زۆرینەی بانگخوازەکانی جیهانتان مسۆگەرە.

تکایە وەڵام........


PM:07:29:07/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی