ئایا ئەمریکا لە روخاندنی رژێمی ئێستای تاران، ئامانجێکی تری ئاشکرا کردوە؟
بارزان شێخ عوسمان
وا
حەوت رۆژ تێپەڕ بو بەسەر گورزە هاوبەشەکەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا
و ئیسراییلدا بۆ سەر تەواوی ژێرخانی سەربازیی و ئابوریی کۆماری ئیسلامیی
ئێراندا .
وەك پێشتریش لە وتارێکدا لە یەکەم رۆژی گورزە سەربازییە
هاوبەشەکەدا ئاماژەمان بۆ کردبو ، ئامانجەکە کۆتایی هێنانە بەم دارو
دەستەیەی ئێستا و هێنانە کایەی ئێرانێکی بێ وزەی ئەتۆم و بێ چەکی بالیستیی و
کۆمەڵکوژ و چەندین ئامانجی ئابوریی و سیاسیی تریش لە ناوچەکەدا .
هەر
بۆیە لە تازەترین لێدوانیدا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی
ئەمریکا دوپاتیکردەوە کە دەبێت ئێران مل کەچ بێت و خۆبەدەستەوەدان ئیمزا
بکات ، ئەمریکاش بەشدار بێت لە دانانی سەرکردایەتیی تازەی ئێران .
تا
ئێستا پلانەکەی زایۆنی جیهانیی (کە ئەمریکا و ئیسراییل جێبەجێی دەکەن) ،
بە راشکاویی ئاماژەی نەکردوە بۆ هەماهەنگیی کردن لەگەڵ هیچ کام لە
لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن ، لەولاشەوە کۆشکی سپی بەرەسمی ئاشکرایکرد کە
واشنتن نیازی نییە هیچ کام لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەوانە کورد چەکدار
بکات بۆ لێدانی رژێمی ئێران .کەواتە ئامانجەکە ئاشکرایە کە ئەمریکا و
ئیسراییل بە دوای ئەڵتەرناتیڤی دیموکراسیی دا ناگەڕێن بۆ ئێران ، بگرە
نیازیانە هەر لە نێو خودی ئەم مۆرك و ریتمەی حوکمڕانییدا کەسانێك ببنە
جێگرەوەی رژێمەکە ، هەروەك دەبینین لە سوریادا بەو حوکمە رازین کە لە
جێگەی بەشار ئەسەدە .
کەچی بە داخەوە بەشێك لە روناکبیر و کەسایەتیی
سیاسیی ، لە لایەك سەرکردایەتیی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هان دەدەن بە
کردنەوەی سنورەکان بۆ پێشمەرگەکانی کوردستانی ئێران بۆ هێرش کردنە سەر
ئێران ، لەولاشەوە داوا لە هێزەکانی ئەودیو دەکەن بچنە ناو خاکی ئێرانەوە
و دەرفەت لەدەست نەدەن.
هەمو کەسێکی خاوەن ویژدان ، مرۆڤ دۆست ،
دیموکراتخواز ، کوردپەروەر ،نیشتمان پەروەر و ، کوردستانیی ویست و خواستی
ئەوەیە کۆتایی رژێمی خوێنخۆر و دژە ئینسان لە ئێران بە زوترین کات کۆتایی
بێت و بڕوخێت . بەڵام کە هیچ پلان و بەرنامەیەك لە ئارادا نەبێت لە
ناوەندی بڕیار لەلایەن رێکخراوی زایۆنی جیهانییەوە ، ئامانجەکەش تا ئێستا
هەر لەناوبردنی توانا ئەتۆمیی و بالیستیی و چەکە کۆمەڵکوژەکانی ئێران بێت ،
ئیتر بۆچی بە ختو خۆڕایی کورد لە ئێران ببنە قوربانیی ، لەولاشەوە رژێمی
پەت و سێدارەی کۆماری ئیسلامیی بە پێی قسە باوەکە ( علیّ وعلی أعدائی )
هەڕەشەکانی بۆ وێران کردنی هەرێمی کوردستان لە سەرە مەرگی خۆیدا جێبەجێ
بکات .
بۆیە هەق نییە بە دروشمی بریقەدار زیان بە بزوتنەوەی
هەقخوازانەی دیموکراسیی گەلی کوردستانی ئێران بگەیەنرێت ، لەولاشەوە
وەکیلەکانی رژێمی ئێران لە عێراق ( مقاوەمەی ئیسلامیی) شارەکانی هەرێمی
کوردستان بکوتن .ئەوەتا هێشتا هیچ نەبوە سلێمانی و هەولێریان داوەتە بەر
درۆن .ئەوە ترس و زراو تۆقین نییە کە دەیڵێم بەڵکو خۆپارێزییە بۆ رێگرتن
لە وێرانیی . هەر بۆیە وتارە پوختەکەی رۆژنامەنوسی بەڕێز توانا عوسمان
(سەرکێشیکردن) بە روانینێکی واقیعی دەزانم ،بەیان نامەکەی حزبی شیوعیی
عێراق و کوردستانیشم لا پەسەندە کە ژیرانە دەبێت مامەڵە بکرێت لە تەك ئەم
بارودۆخە ئاڵۆزەدا. واتە نابێت خۆمان بدەینە دەست (چی دەبێت با ببێت )لە
کاتێکدا هیچ بەرنامەیەك رون نییە و ئەمریکا و ئیسراییل بە نوێنەرایەتیی
رێکخراوی زایۆنیی جیهانیی هیچ رێککەوتن و هاوپەیمانێتیی و سەنەدێکیان
لەگەڵ کورد دا ئیمزا نەکردوە و رون نییە کورد چی دەبێت لە دوای روخاندنی
رژێمی ئێستای ئێران ، مقاومەی ئیسلامیی عێراقیش چی بەسەر دێت.
PM:04:17:07/03/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی