گورزەکەی ئەمجارە، روخاندن یا ئاقڵکردنی رژێمی ئێرانە؟!

‌بارزان شێخ عوسمان

هەردوای گورزە موشەکییەکەی ئەمریکاو ئیسراییل لە ئێران ، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیی کورتدا ئاماژەی کرد بۆ گۆڕینی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ، بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیری ئیسرایلیش داوایکرد گەلانی ئێران خۆیان رزگار بکەن لەستەمکاران .

هەرچەندە لە گورزەکەی یونی /حوزەیرانی ٢٠٢٥شدا سەرەتای سرەواندنی گورزەکان ، سەرۆك ترەمپ ئاماژەیکرد بۆ پشتیوانیی گەلانی ئێران بۆ شاد بونیان بە سیستمێکی دیموکراسیی ، بەڵام هیچ لێدوانێکی وای نەدا کە ئاماژە بێت بۆ روخاندنی رژێم .

لێدوانەکەی ئەمجارەی سەرۆکی ئەمریکا، راڤە و شیکاریی زۆری بە دوای خوێدا هێناوە ، بە تایبەتیی کە بازنەی جەنگەکە زۆر فراوانتر بوە .

ساڵی رابردو ویلایەتە یەکگرتوەکان هیچ کام لە فڕۆکە هەڵگرە زەبەلاحەکانی وەك (USS Abraham Lincoln CVN-72)) و
‏(USS Gerald R. Ford (CVN-78)ی نەهێنابوە ناوچەکە کە هەریەکەیان چەندین پاشکۆی تریان لەگەڵدایە ، لەوانەهێزی مارێنز .ئەوەش راڤەکان زیاتر بەو ئاقارەدا دەبات کە ئامانجی ئەمجارەی ئەمریکا تەنیا گورز سرەواندن نییە لە توانا بالیستیی ، ئەتۆمیی ، دەریایی و سەرانی پاسداران و ئیتیڵاعات ، بەڵکو گۆڕینی رژێمەکەیە . وەك ئاگایانی سیاسییش وتیان ، گۆڕین وروخاندنی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەرج نییە نەهێشتنی تەواوی سیستمەکە بێت ، بەڵکو لەوانەیە رابەر بکرێتە نیشانە و ئامانج کە سەرەنجام ئەویش لەناوبرا و کوژرا . وەك ئەو ئاگایانە دەڵێن رەنگە پەلەقاژەیەك بەدی بکرێت بە ناوی تۆڵە سەندنەوە ، بەڵام ئەوە تا سەر نابێت . پێ دەچێت نەیارەکانی خەتی ولایەتی فەقیهە(کە کەم نین ) بتوانن لەگەڵ ئەمریکادا رێك بکەون ، ئەو کاتە جێگرەوەیەکی میانڕەو بن وەك ئەوەی ئێستا سەرکێشی نەکەن و ئاقڵ دابنیشن و مل کەچی لۆژیکی ئێرانێکی بێ ئەتۆم و بێ بالیستیی بن کە نەتوانێت هەژمونی دینیی و مەزهەبیی خۆی بسەپێنێت لەناوچەکەدا ، بەتایبەتیی عێراق کە مانگانە دو ملیار دۆلاری هەزێنەی ئەم وڵاتە بۆ خۆی دەبات.

ئەو کاتە عێراقیش دەگەڕێتەوە ریزی کۆمەڵی دەولی و ئەو عێراقە دەبێت کە ئەمریکا لە پێناوییدا سامانێکی زۆرو زەوەندی دارایی و مرۆیی بەخشی، بۆیە وەك چاودێران رای دەگەیەنن ، ئەگەر ئەم هەڵمەت و گورزە سەربازییە پایەکانی کۆماری ئیسلامیی خۆهەڵقورتێنەر لە ناوچەکەش وردوخاش نەکات ، ئەوا بە جۆرێك پەڕو باڵ و ئاقڵی دەکات کە چیتر هەڕەشە نەکات ، کۆتاییش بێت بە میلیشیا وابەستەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا .


PM:03:50:01/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی