بەڕاست؛ پەرلەمان مان بۆ چییە
سلێمان مستەفا حەسەن
(١)
پەرلەمان لە ڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە وەک دڵی ڕێکخستنی دەسەڵاتە، ئەو دامەزراوەیە کە دەسەڵات لە دەستی تاک و خێزان و هێز دەردەهێنێت و دەیکاتە مافی گەل و لە گەلەوە ڕەوایەتی وەردەگرێت و بەناوی گەلەوە یاسا دەردەکات و دەبێتە سەرچاوەی ڕەوایەتی دەسەڵات.
پەرلەمانی کوردستانیش بەرهەمی خەباتی سەدەیەک لە قوربانی و بەرخودانی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، کە لە پێناویدا ڕووبەڕووی جینۆساید بووەوە، ئەگەر سەیری ڕۆژژمێری ڕووداوەکانی باشووری کوردستان بکەین، ڕۆژگارەکانی سەرڕێژن لە بۆنە و کارەساتی لە بیر نەکراون، بە جۆرێک لە قوڵای بیر و ڕۆح و هزری هەموو تاکێکی کورد نیشتوونەتەوە، بابەتی ئێمە گەڕانەوە نییە بۆ ڕابردوو، بە قەد ئەوەی بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە وەیە کە هەر بە ڕاست پەرلەمانمان بۆ چییە؟
پەرلەمان هەر شوێنێک نییە بۆ دانیشتن، پەرلەمان تەنیا شوێنی دەنگدان نییە بۆ یاساکان، پەرلەمان هەر ناوەندێکی سیاسی نییە، بۆیە لێرەدا بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکەین، بەپێی ماددەی ٥٦ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ساڵی ١٩٩٢، ئەرک و دەسەڵاتی پەرلەمانی لە (١١) بڕگەدا کۆ کردووەتەوە، بە پشت بەستن بە ماددەی سەرەوە، بە گشتی دەسەڵاتەکان خۆیان لە دانانی یاسا و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پێدانی متمانە بە حوکمەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پەسەند کردنی بودجەی هەرێم و متمانە دان بەدەستە سەربەخۆکان چاودێری کردنیان دەبینێتەوە، پەرلەمان ڕەوایەتی دەداتە دامەزراوەکان و سیستەمی حوکمڕانی، هەروەها هێز و پێگەی پەرلەمان لە دەستوور و دەنگی میللەتەوە سەرچاوەی گرتووە. هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم لەنێوان بەرژەوەندی و داواکاری حیزب و جەماوەر دا چەندین پرسیاری گرنگ دەخاتە بەرچاومان.
بەڕاست؛ پەرلەمانمان بۆ چییە، ئایا ئەم خولەی پەرلەمان ئاستەنگەکانی خولەکانی پێشوو تێ دەپەڕێنێت؟ ئایا پەرلەمانتاران لەنێوان ئەرکی پەرلەمانتاری و داواکاری حیزبی سەرکەوتوو دەبن؟ ئایا کوردستان و هەرێم و نەتەوە گرنگترن یان بەرژەوەندی حیزبی و کەسی؟ ئایا کابینەی دەیەم کە زادەی لە دایک بوونی هاوپەیمانیەتی حیزبە براوەکانە، ڕەنگدانەوەی دەبێت لە پێدانەوەی دەسەڵات و شکۆ بە پەرلەمان؟ ئایا ئەو فراکسیۆنانەی گەورەترین فراکسیۆن پێکدەهێنن لە یەک فراکسیۆن ئاوێتە دەبن؟ ئایا بەرنامە و پلان و ڕێکەوتنیان هەیە بۆ چاکسازی بۆ مانفێستۆی حوکمڕانی بۆ کابینەی دەیەم؟ بۆ پێداچوونەوە و هەموار کردنەوەی دەیان یاسای پەیوەندیدار بە ژیانی خەڵک، ئایا بەرنامەیان هەیە پێداچوونەوە بەو یاسایانەدا بکەن کە پەیوەندی و بەریەککەوتنیان بە حوکمەتی فیدراڵییەوە هەیە؟ ئەمانەوە دەیان پرسیاری تر کە وەڵامی باوەڕپێهێنەریان دەوێت.
ئەرکەکانی پەرلەمان دیار و بەرچاون، چاوەڕوانییە کانیش زۆرن بەڵام کار و کردار و چاوەڕونیەکان بابەتێکی ترن. ئایا پەرلەمان فراکسیۆنەکانی خاوەن دەسەڵات دەبن بە ڕەقیب بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن؟ ئایا دەتوانن کەسی دەسەڵاتداری حیزبەکانیان لە ناو حوکمەت بێنە ناو پەرلەمان بۆ گفتوگۆ و لێپێچینەوە و متمانە لێسەندنەوە؟ ئایا یاسای بودجە لە کاتی خۆی پەسەند دەکەن. ئایا لێپێچینەوە لە وەزیر و کار بە دەستان دەکەن، ئایا پرسی مووچە پاشەکەوت کراوەکان بە یاسایی دەکەن؟ باج و میرانە کان، پارەی کارەبا و سەرپێچی تیژڕەوی، بە یاسا ڕێک دەخرێنەوە؟ ئایا پرۆسەی پێداچوونەوە و هەموارکردنەوە بۆ یاساکان دەکەن؟ ئایا پرسی پێدانی کارەکانی حکومەت بە کۆمپانیاکان دەخەنەوە ژێر بواری پێداچوونەوە؟ چونکە دەیان یاسا پێویستی بە هەموار و پێداچوونەوە هەیە، یاسای پەروەردە و خوێندنی باڵا، یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری، یاسای هاتووچۆ، یاسای وەزارەتی کارەبا و کشتوکاڵ و شارەوانی و گەشتوگوزار، دروست کردنی هاوسەنگی و گونجاندن لە نێوان ئەو یاسایانەی بەریەککەوتنیان لەگەڵ یاسا فیدراڵەکاندا هەیە. ئایا پەرلەمان دەبێتە ناوەندی بڕیار و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، پەرلەمان ئامادەیە یاسای هەڵبژاردن و یاسای پەرلەمان و یاسای حیزبەکان و یاسای پارێزگاکان هەموار بکاتەوە. ئایا بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەستە سەربەخۆکاندا دەچێتەوە؟
لە ماوەی ڕابردوو دا دەیان ڕاپۆرت و توێژینەوە بە ئەرێنی و نەرێنی لەسەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران بڵاو کرانەوە، تا ڕادەیەک کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕۆڵی پەرلەمان جێ هێشتووە. بۆیە هەمووان چاوە ڕوانین خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە ساڵێک سوێند خواردن، لە دەست بەکاربوونیان هاوسەنگ و بابەتیانە ئەرکە کانی ڕایی بکات و هاوسەنگی لەنێوان نوێنەرێەتی گەل و ئەندامی پەرلەمان و ئەرکی یاسا دانان و چاودێری و وابەستەبوون بە حیزبەکان دروست بکات، ناکرێت فراکسیۆنە براوەکان و پێکێنەرەکانی زۆرینە و کابینەی حکومەت بە بیانووی ئەوەی پێکهێنەری حوکمەتن بیانووە بێنەوە پەرلەمان بکەن بە قەڵغانی شاردنەوەی نا دادی، نایاسایی و نا کارایی کاربەدەستانی حوکمەت. بەپێچەوانەوە دەوردان بە پەرلەمان دەوردانە بە هەرێمێکی دەستووری و لە بەرژەوەندی حوکمەتی هاوپەیمانیی و هەرێمی کوردستان، ڕۆڵدان بە پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەرکی خۆی ڕایی بکات واتای گەڕاندنەوەی ڕەوایەتی و شکۆ بۆ پەرلەمان و پاراستنی شکۆی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن. گەڕاندنەوەی ڕەوایەتی و شکۆ بۆ پەرلەمان واتای گەرانەوەی ڕەوایەتی و شکۆ بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە پەرلەمان پیرۆزترین دامەزراوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و خاوەنداریەتیەکەی نەتەوەیە، گەلی کوردستانە، خەبات و بەرخودانی سەدەیەک تێکۆشان و ڕەنجدانە، خاوەنەکەی خوێنی ئاڵی شەهیدانی کوردستانە، هەر حیزب و کەسێک بە تەنیا پەرلەمان بە موڵکی خۆی بزانێت هەڵەیەکی گەورە دەکات، بۆیە چاوەڕوانییەکان زۆرن و چاوەڕوانین ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی پرسیارەکانمان دەست بکەوێت.
(٢)
پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا
پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و بەهێز و یەکگرتوو تەواو کەری پرۆسەی سیاسییە لە هەر وڵات و هەرێمێکدا، پەرلەمان بەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو، پەرلەمانێکی چالاک و زیندوو نابێت، بۆیە ناکرێت لێرەدا ئاماژە بە دەوری ئۆپۆزیسیۆنی ئەرێنی نەدەین، کە خاوەن ڕوئیا و بەرنامە بێت، خاوەن دیدگا و یەکگرتوو بێت، پرۆژەی چارەسەری هەبێت، ئۆپۆزیسیۆن بێت نەک نەیار و سەنگەر لێدەر، دەبێت ئۆپۆزیسیۆن سەکۆی پەرلەمان بکاتە وێستگەی هاوسەنگ و پرۆژەی چارەسەر و ڕوئیا و پلانی جیاواز. ئۆپۆزیسیۆنێک هاوسەنگ و ڕکابەر، نەک پۆ پۆلیست و فەیسبووک چی، ئۆپۆزیسیۆنێک ژیر و دانا نەک سەنگەر بگرێت لە حوکمەت، بێ بەرنامە و سەرگەردان و پاشکۆی دەسەڵات. کەواتە دەبێت بپرسین و چاوەڕێین، ئایا حیزبەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن فراکسیۆنێکی یەکگرتوو پێک دەهێنن، ئایا مانفێستۆی چاودێری و بەرنامەی کار و پرۆژەی چارەسەری و بەڵێنەکانیان بە ڕای گشتی ڕادەگێنن، چاوەڕوانین ئەم خولە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئۆپۆزیسیۆن، بۆیە دەپرسین ئایا بەرنامە و پلانیان دەبێت بۆ چاودێری و چاکسازی یاسایی و حکومەتی سێبەر.
(٣)
پەرلەمان و دەستوور
دەستوور بۆ هەر هەرێمێکی دانپێدانراوی دەستووری، بنەمای سەروەری نێودەوڵەتی و بنچینەی دروستبوونی کەسایەتی یاسایی لە ئاستی دەرەوە، چونکە بەبێ چوارچێوەی دەستووری، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت وەک یەکەیەکی سیاسی و یاسایی بە شێوەیەکی تەواو لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بەردەوام بێت وبژێت. بۆ هەرێمی کوردستان، کە مافەکانی خۆی لە ڕووی دەستووری لە دەستووری عێراقی ئیتتیحادی ساڵی ٢٠٠٥وەرگرتووە، نەبوونی دەستووری خۆی بۆ ماوەی ٣٤ ساڵ واتە نەگونجاوی نێوان دانپێدانان و بنیاتنانی سەروەری ناوخۆی، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر توانای دروستکردنی کەسایەتی نێودەوڵەتی.
دەستوور تەنیا ئامرازێکی ڕێکخستنی ناوخۆ نییە، بەڵکوو بنەمای ئەوەیە هەرێم بتوانێت خۆی وەک یەکەیەکی بەڕێوەبەری خاوەن دەسەڵات لە ناو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا پیشان بدات و کۆتایی بە نا دادی و پێشێلکاری یاسایی بینێت. کەواتە دەکرێت بپرسین ئەم خولە دەبێتە خولی پەسەندکردن دەستوور و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی کاری پەرلەمانتاری؟ ئایا پەرلەمان لەم خولەیدا ڕێکارەکانی نووسینەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێم تەواو دەکات؟ ئایا پرۆژەکە دەخاتە بەردەستی گەل بۆ ئەوەی لە ڕیفراندۆمێکی گەلی متمانە وەربگرێت و ببێتە گرێبەستی یاسایی تەواو و کۆتایی بە کۆمەڵێک گرفتی یاسایی بینێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی و گرفتەکانی ناوخۆش، بۆیە پرسیارێکی حیسابی ئایا پەرلەمان دەبێتە پەرلەمان و ناوەندی یاسادانان، چاودێری. یان دەبێتە دامەزراوەیەکی بێ ڕۆح و زیاد و بارگران. دەبێت ڕۆژانی داهاتوو فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان کە لەم خولە دەنگ و پێگەیان هەیە وەڵامی ئەو پرسیارەمان بە کردار بدەنەوە.
(٤)
ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان
ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان بە پێی ماددەی (٥٦)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چین؟ بۆیە دووبارە دەپرسین بە ڕاست پەرلەمانی کوردستان مان بۆ چییە، ئەگەر بە وردی بڕوانینەوە ئەرک و دەسەڵاتەکانی بۆمان ڕوون دەبێتەوە پەرلەمانمان بۆ چییە و ئەرکی چییە؟ بۆیە لێرەدا دەقی ماددەی (٥٦) وەک خۆی دادەنێن،ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان، وەکلەماددەی پەنجا و شەشەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (هەموارکراو) ی ساڵی ١٩٩٢ دا هاتووە.
پەرلەمان ئەم ئەرک و دەسەڵاتانەی خوارەوە جێ بەجێ دەکات:
١-یاسادانان
٢-بڕیاردان لەسەر ڕێکەوتنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشە چارەنووسسازەکانی گەلی کوردستان - عێراق دیاریکردنی پەیوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی (مەرکەزی) (ئەم بڕگەی لە لایەن دادگای فیدراڵی پووچەڵکراوەتەوە)
٣-دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە ئەویش دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی ئەندامانی دەسەڵاتەکەی هەیە لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان یان کەسانی تردا
٤-متمانەی بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن یان لێسەندنەوەی.
٥-بڕیاردان لەسەر بودجەی گشتی و پلانەکانی گەشە پێدان.
٦-چاودێری دانان لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
٧-پێکهێنانی لیژنەی جۆر بە جۆر بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر کار و بارێکی بیەوێ.
٨-دانانی پەیڕەوی ناوخۆی. دیاریکردنی میلاکات، بڕیاردان لەسەر بودجەکەی و دامەزراندنی کارمەندەکانی.
٩-پێکهێنانی لیژنە هەمیشەیی و کاتییەکان لە ئەندامانی ئەنجوومەن بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ.
١٠-دانانی ڕێسا (بنچینە)بۆ تۆمەتبارکردن و دادگای کردنی ئەندامەکانی، لە کاتی شکاندنی ئەو سوێندەی کە خواردوویانە.
١١-یەکلاکردنەوەی ئەو تانانەی کە پێشکەشکراون لە بارەی دروستیی هەڵبژاردنی ئەندامەکانی، ئەندامێتیش بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووانەوە نە بێ، هەڵناوەشێتەوە.
دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵیکی دیکە بدەین، فەراهەمکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیانە دوور لە هەر دەست وەردانێک پەیرەوی دەسەڵات و ئەرکەکانیان بکەن، ئەو دامەزراوە گرنگە ببێتە سەند بۆ هەرێمێک کە یاسا تێدا سەروەربێت. بەهەمان شێوە دەستە و دامەزراوە سەربەخۆکان (مافی مرۆڤ، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، دەستەی نەزاهە، چاودێری دارایی) کە ئەرکێکی زۆر گران و گرنگیان خراوەتە سەر شان پێویستە بپارێزرێن لە هەر جۆرە هەژموون دەسەڵاتێکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەبێ دەستە بەرکردنی سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕیی ئەو دامەزراونە ناتوانن بە ئەرەکەکانیان هەڵبستین، بە هەمان شێوە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی کوردستان / هەموار کراو هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستانە لە ئێستادا.
(٥)
کۆتایی قسە و دەرەنجام لەم بابەتەماندا ئەوەیە
پەرلەمان لە ڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە وەک دڵی ڕێکخستنی دەسەڵاتە و ئەو دامەزراوەیەیە کە دەسەڵات لە دەستی تاک و خێزان و هێز دەردەهێنێت و دەیکاتە مافی گەل و ڕەوایەتی لە گەلەوە وەردەگرێت، لە ڕوانگەی مۆنتیسکۆو جۆن لۆکیشەوە پەرلەمان واتە سنووردانانە بۆ دەسەڵات، ئەوەش بە واتای بنچینەی ئازادیی دێت، پەرلەمان ئەو دامەزراوە گرنگ و پڕ بەهایەیە کە سنوور دادەنێت و ناهێڵێت هێز بگۆڕێت بۆ ئامرازی سەرکوتکاری. لە فەلسەفەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی جان جاک ڕۆسۆشدا دەبێت یاسا لە ئیرادەی گشتییەوە دەربچێت، پەرلەمانیش ئەو شوێنەیە کە گفتوگۆی جیاوازەکان و بەریەککەوتنەکانی ناوکۆمەڵگاو ناکۆکی و ململانێکان و دەگوازنەوە بۆ ڕێککەوتن و پرۆژە و دیدی هاوبەش و لەکۆتایش بۆبوون بە یاسا.
بەم مانایە، پەرلەمان تەنیا کاری ڕۆتین کارگێڕی نییە، بەڵکوو فەرهەنگی سیاسی دروست دەکات: فەرهەنگی قسەکردن ودانوستاندن و گفتوگۆ شوێن بە فەرهەنگی زۆرەملێ لێژ دەکات، یاسا جێی فەرمان دەگرێتەوە. ئەگەر پەرلەمان بەهێز بێت، دەوڵەت لەسەر بنەمای یاسا و ڕێککەوتن و ڕەوایەتی و سەقامگیری و شەفافیەت دەست پێدەکات؛ ئەگەر پەرلەمانیش بێ ئیرادە و بێ شکۆ و لاواز بێت، سیاسەت دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی تاک و هێزی خۆسەپێن و نا دادی و حیزبایەتی ناڕەوا، پەرلەمانیش دەبێتە پەیکەرێکی بێ شکۆ و بێ ڕۆح و بارگران بەسەر ڕەوایەتی شانی گەل. لە سایەیی ٣٤ ساڵەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پەسەند کردنی دەستووری فیدراڵی بۆ عێراق و بێ ئەوەی پەرلەمان هەرێمی کوردستان بکاتە خاوەنی دەستوور، زۆر پرسیاری حیسابی ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە و پێیان دەڵێن هەر بەڕاست پەرلەمانمان بۆ چییە؟ کات بۆ گفتوگۆ نەماوە دەبێت ئەزموون هەڵەکانی ڕابردوو بکرێن بە دەرس و وانە، دەبێت قەبارەی ئەو زیانانە لەبەرچاو بگرین کە لە ئەنجامی بەهەڵە ئەزموون کردنی دیموکراسی و حوکمڕانی ٣٤ ساڵەی هەرێمی کوردستان کردوومانە، لە هەموو گرنگتر دەبێت پەرلەمانتارانیش وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، پەرلەمانتاری بۆ هەرێمی کوردستانە یان بۆ هەرێمی حیزبستانە، دەبێت وەڵامی ئەو سوێندەمان بدەنەوە، بۆیە سەرچاوەی تانە و تەشەرەو تەنزی هاووڵاتییان جێگای پرسیار و ڕامانە، هەموومان چاوەڕوانین پەرلەمانتاران وەڵامی ئەو پرسیارەمان بە کردەوە بدەنەوە؛ دوای ساڵێک زیاتر لە سوێند خواردن و بێ دەنگی، هەر بەڕاست پەرلەمانمان بۆ چییە.
PM:12:56:28/02/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی