قسەیەکی دارایی‌و شەرعی لەبارەی پێنج موچەی بانکەوە بۆ موچەخۆران

‌هاوکار عیززەت میکە

ماوەی چەند ڕۆژێکە قسەو باسی ئەوە هەیە کە یەکێک لەبانکە ئەهلیه‌كانى کوردستان پێنج موچە وەک پێشینە خەرجدەکات بۆ ئەو موچەخۆرانەی کە لەبانکەکەو لەڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە موچەکانیان وەردەگرن.

ئەم بابەتە دوو دیوی جیاوازی هەیە، چونکە بانکەکە پارەکە بەکاش ناداتە موچەخۆران‌و بەجۆرێک مامەڵە دەیانداتێ کە خۆی ناوی لێناوە "مورابەحەی ئیسلامی".

بەوپێیەی پسپۆڕییەکەی بەندە دارایی‌و ژمێریاریی بانکەو ماوەی 17 ساڵە لەبواری دارایی‌و بانک کاردەکەم‌و تاڕادەیەک دەکرێت بڵێین ئەزمونێکم کۆکردوه‌تەوە، ڕەنگە بتوانم لەدوو ڕوەوە قسەی لەبارەوە بکەم:

- لەڕوی داراییەوە بەوپێیەی کە پێنج موچەکە بەکاش نادرێتە موچەخۆران‌و بەکڕینی کاڵاو پێویستیەکان (کە هەندێک کات نا پێویستین‌و بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکە دەکڕدرێن) وادەکات موچەخۆر ڕاستەوخۆ زیانێکی گەورەی دارایی بکات‌و ئەو پارەیەی کە پێویستی پێیەتی دەستی نەکەوێت‌و لەکڕین‌و فرۆشتنەوەی کاڵاکەو قازانجی دیاریکراوی یەکەمجاری کاڵاکە لای بازرگانەکەوە وادەکات بڕێکی زۆری ئەو پارەیەی دەبێتە ماڵ بەسەر موچەخۆرەکەوە بفەوتێت‌و ئەو پارەیەی دێتە دەستی، بڕێکی کەمتربێت لەو بڕەی کە لەپێنج موچەکەیەوە بەتەمایە وەریبگرێت، بەدڵنیاییەوە لەسەدا 20ی کۆی مامەڵەکە دەبێتە زیان بۆ موچەخۆرەکە، واتە لەبری پێچ موچە سود لەچوار موچەی وەردەگرێت کە ئەوه‌یش زیانێکی گەورەی دارایی دەبێت بۆی.

- لەڕوی شەرعییەوە، بەوپێیەی کۆمەڵگەی کوردیی کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی‌و موحافزکارە بۆ مامەڵە شەرعی‌و ناشەرعییەکان، منیش بەحوکمی کارەکەم‌و لەماوەی ئەم 17 ساڵەدا یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆرم لەسەر خوێندوه‌تەوەو ژمارەیەک پسپۆڕی شەرعیی باڵاو گەورە شارەزای بوارەکەم دواندوەو ژمارەیەکی زۆر کتێبی تایبەت بەمامەڵە داراییە ئیسلامیەکان هەن، ئەو جۆرە مامەڵەیەی کە بەڕێوەبەرانی بانکەکە لەژێر ناوی (مورابەحەی ئیسلامی)دا ناویان لێناوە، لەژێر ئەو ناوەدا خۆی نابینێته‌وه‌و لەچوارچێوەی مامەڵەی ئیسلامیدا جێگەی نابێتەوە.

(ڕەنگە خودی مامەڵەکە دروست‌و بێ کێشەبێت بەوپێیەی دەڵێن لیژنەی شەرعیمان ڕەزامەندیداوه‌، بەڵام بەڕێوەبەرانی بانکەکە ناتوانن بەجوانی بابەتەکە ڕونبکەنەوە، بۆیە ئەو ئاڵۆزییە لەمامەڵەکە دروستبوە، ئێمە قسەمان لەسەرئەوەیە کە لەزاری بەڕێوەبەرانی بانکەکەوە بیستومانە).

مامەڵەی ئیسلامی لەبواری پارەو کڕین‌و فرۆشتندا بەتایبەت لەبابەتە بانکیەکان‌و خزمەتگوزارییە بانکیەکاندا، بابەتێکی وردو هەستیارەو ناکرێت هەموکەس قسەی لەبارەوە بکات‌و فەتوای لێبدات بڵێت (حەرام یان حەڵال)ە، چونکە شێوازەکانی کڕین‌و فرۆشتن‌و پارەدان‌و مامەڵەو عمولەو قازانجی بانکی بابەتگەلێکی وردو هەستیارو زۆرن‌و تەنها بەیەک (پێ خزان)و دەربڕینی دەستەواژەیەک یان جێکردنەوەی یەک مەرجی بچوک سروشتی مامەڵەکە دەگۆڕێت لەهەر یەکێک لەحاڵەتەکانەوە بۆ ئەوی دیكه‌.

بۆیە پێشنیازم بۆ ئەو دۆست‌و هاوڕێیانە ئەوەیە کە بەتەمان ئەو مامەڵەیە لەگەڵ بانکەکە بکەن‌و سودمەندبن لەو خزمەتگوزارییە، پەلە نەکەن تا بەتەواوی بابەتی خودی مامەڵەکەو سروشتی کارەکەو چۆنێتی کڕین‌و فرۆشتنەکە ڕون دەبێتەوە، بۆ ئەوەی نەکەونە زیانی گەورەی داراییەوەو ئەوانەشیان کە بەتەنگ بابەتە شەرعیەکانەوەن بەدودڵی‌و گومانەوە نەچنە مامەڵەیەکەوە تا لێی دڵنیانەبن.


PM:09:19:26/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی