تەڵەکە بتەقێ، پارتی و یەکیەتی دەبنە گۆشتی قوربانی

‌د. ئەمیر حسێن

مشکێک لە ئاغەڵی باخەوانەکەیدا تەڵەیەک دەدۆزێتەوە، خێرا مریشک و مەڕ و جوانەگا، کە لەگەڵیدا لە ئاغەڵەکە دەژیان، ئاگادار دەکاتەوە، هاواردەکات تەڵە نراوەتەوە تکایە ئاگاداربن، بەڵام هیچیان گوێی پێ نادەن و دەڵێن ؛ خۆ ئێمە بەتەڵەوە نابین، ئەوە تەڵەی مشکە، کەواتە کێشەی ئێمە نییە .. زۆر نابا لەشەوێکی تاریکدا، کلکی مارێک بەتەڵەکەوە دەبێ، هاوسەری باخەوانەکە دەیەوێ مارەکە بکوژێ، بەڵام لە ناغافڵ و تاریکیدا، مارەکە بە ژنەکەوە دەدا.

ژنە لە جێدا دەکەوێ و تایەکی زۆر دایدەگرێ، باخەوانەکە مریشکەکەی بۆ سەردەبڕێ، دەیکاتە فڕوجاو بۆ ژەمی ئێوارە .. بە هۆی ژەهراوی بونەوە، دوای چەند ڕۆژێک لە ناو جێگادا، دواجار ژنەکە گیان لەدەست دەدات، لە پرسەکەیدا مەڕەکە سەردەبڕن بۆ میوانەکان، دواتر لە چلەکەیدا جوانەگایەکە دەکوژنەوەو دەیکەنە خێر.. بەم جۆرە لە موسیبەتی تەڵەی مشکەکە تەنها مشکەکە ڕزگاری دەبێت، بۆیە مشکەکە لە درزی دیوارەوە تەماشای ئاغەڵە چۆڵ و بێدەنگەکە دەکا، بیر لەسەرەتای بێباکی هاوڕێکانی دەکاتەوە، لەبەر خۆیەوە دەڵێت ؛ ئەگەر سەرەتا بەگوێی منیان کردبا، تەڵەکەمان تەقاندبایەوە، ئێستا وەک جاران هەمومان پێکەوە لێرە دەبووین .

مەبەست لە گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە کاریکاتێریە، تەنها ڕەهەندە پەروەردەییە کۆمیدیەکەی نیە، بەڵکو لەو هەلومەرجە دژوارەی ئەمڕۆ، ناوچەکەو کوردوستانی پێدا تێدەپەڕێ، ڕەهەندە سیاسیەکەی بۆ ئێمە، لە هەمو کاتێک گرنگترە، لە کاتێکدا ناوچەکە بەگشتی لە سەر ئاگرێکی هێواش، لە حەوشەی پشتەوەی هێزە هەرێمایەتی و جیهانیەکان، لە قۆناغی دوبارە دیزاینکردن و داڕشتنەوە دایە، ئەوەتا ڕۆژئاوای کوردوستان وەک هەنگاوی یەکەم، کەوتۆتە ژێر هەڕەشەو پەلاماری، گورگە بۆرەکان وسەگ وچەقەڵەکانی بەنی ئومەییە، بینیمان هەڵوێستی دۆستەکانمان، لە ئەمریکاو ئەوروپا تادەگاتە وڵاتانی ئیسلامی و تەنانەت ئیسڕائیل، لە باشترین حاڵەتدا، تەنها بۆڵە بۆڵێکی پیرێژنانەی، شەرمنی ژێر لێوی تێنەپەڕاند، لەبەرامبەردا جگە لە کۆدەنگی و یەک هەڵوێستی شەقامی کوردی، لە گۆڕەپانە جۆراو جۆرەکانی بەرخۆدان، وەک پشتیوانی بۆ سەنگەرەکانی بەرگری شەڕڤانان، دونیا جارێکی تر گەلەکەمانی، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چارەنوسە نادیارەکەی، دوبارە تەنیا جێ هێشتەوە .

ئەم ڕوداوانە زۆر خێراو بە شێوەیەکی دراماتیکی ڕویاندا، هەرچەندە بەدیوێکدا ئاماژەی زۆرو ئەرێنی، لە یەکدەنگی گەلی کورد پێشانی جیهاندا، وەک بەردەوامی چنینی تەونی خەونە نەتەوەییەکەی، لەسەردەستی نەوەیەکی هۆشیارو زیندو، تێپەڕاندنی چەپەرەکانی زۆنی خێڵ و حزب، تەنانەت شکاندنی سنوری سەر نەخشە زەردهەڵگەڕاوە سەپاوەکەی لۆزان، بەڵام بە دیوەکەی تردا، ئاماژەی نەرێنی و پرسیارێکی مەترسیداری خستەوە بەر دەممان، چۆنە تائێستا نەمان توانیوە، لە ناو ئەجێندای هێزە جیهانی و هەرێمایەتیەکان، شوێنێکی شیاو داگیر بکەین؟ بۆ ئەوەی ببین بە ژمارەیەکی قورس، هەتا وەک گەورەترین نەتەوەی بێ وڵات لەناوچەکەدا، مامەڵە لەگەڵ پرسەکەماندا بکرێ. ئاشکرایە ئەگەر بەشێکی بێ هەڵوێستی ئەم هێزانە، پەیوەست بێت بە سیاسەتی پراگماتی و پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوری و جیۆ سیاسیەکانیان، ئەوە بەشەکەی تری پەیوەستە، بە ململانێی ناڕەوای ناوخۆمانەوە، بەردەوامی کيبڕکێ لەسەر بەرژەوەندیە تایبەتیەکان، نەبونی کۆدەنگی نیشتیمانی و دونیا بینی هاوبەش، شکست لە دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی تەندروست، دزی و گەندەڵی و نادادی و چاوچنۆکی دەسەڵاتداران و لاوازی هێزەکانی خۆمان، چونکە دوای ئەو هەمو خوێن وقوربانیەی گەلەکەمان بەخشیویەتی، هێشتا نەمان توانیوە جیهان بخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتیەکی یاسایی ومرۆیی، یان چالاککردنی پرەنسیپەکانی ئازادی و دیموکراسی و جاڕنامەی مافی گەلان، لە دیاریکردنی چارەنوسیاندا، یان سود وەرگرتن بنەما ئاینی و ئەخلاقیەکان، بۆ ئەوەی لانی کەم ئەگەر دۆست و پشتیوانمان نین، بەڵام تەنها بۆ جارێکیش بێ، هەموان پێکەوە دوژمن ونەیارمان نەبن .

ئەوەتا لەگەڵ ئەم هەمو هەڕەشانەی ڕوبەڕومان دەبێتەوە، مەترسیەکە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا، باس لەو هەمو تەڵەو لوغمە چێنراوانە دەکرێ، کە بەردەوام دژی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی لە هەموو لایەکەوە دەنرێنەوە، هەوری ڕەشی شەڕو ئاشوب، ئاسمانی ناوچەکەمانی بەچڕی داپۆشیوە، لە چەندین شوێنەوە دڵسۆزان لە ناوخۆو دەرەوە، هاواردەکەن و ئاگادارمان دەکەنەوە، بەردەوام پێمان دەڵێن : ناوچەکە پڕ لە پلان و تەڵەیە، تکایە وریابن بەشێکی زۆری ئەم گێچەڵانە، دواجار سەری ئێمە دەگرێتەوە. بەڵام دەستەبژێرە دەست ڕۆیشتوەکەی ناو پارتی و یەکیەتی، زۆر بێباکانەو بێخەم گوێیان ئاخنی وە، وەک نەریتی هەمیشەییان، لەسەر دابەشکردنی پلەو پۆست، لەسەوداو مامەڵەی بەردەوامدان، باکیان بە هیچ تەڵەیەک نیە، وەکو مەڕو مانگای ناو چیرۆکەکە، پێیان وایە ئەو تەڵە پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە، وڵاتیان توشی قەیرانێکی قوڵی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ویاسای کردۆتەوە، پەکی ژیان و گوزەرانی خەڵکیان خستوە، پێچەوانەی کۆدەنگی گەلەکەمان، لە پێناو بڕێک دەستکەوتی حزبی و کەسی و بنەماڵەییدا. ئەوەندەی خەریکی دامەزراندنی کۆمپانیای جۆراو جۆرو تاڵانکردنی گیرفانی هاوڵاتیانن، باکیان بە هیچ جۆرە تەڵەیەک نیە، نازانن ئەگەر تەڵەکە بتەقێ، لەپرسەی گەلەکەماندا، هەرچەندە گۆشتیان تاڵ بێت، بەڵام دەکرێنە گۆشتی خێرو قوربانی، سفرەو خوانیان پێ دەڕازێندرێتەوە، ئەوکاتیش ئەم نەوە هۆشیارە، چیتر باوەڕ بە بەیت و بالۆرەی دیسان ( خیانەت لە کورد ) کراوە ناکات، بۆئەوەی ڕەحمیان پێبکاو شەفاعەتیان بۆ بکات، لەبەردەم لەعنەتی مێژودا . لە کۆتایدا ڕاستە زۆر جار تەڵەکان بەناوی مشکەوە دەنرێنەوە، بەڵام مەرج نیە هەمیشەو تەنها مشک بە تەڵەوە بێت !


PM:02:49:14/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی