سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە میونشن.. بەشدارییەکی دڵنیاییبەخش
ئاریان فەرەج
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنتەنیا کۆبوونەوەیەکی ساڵانەی دیپلۆماسیی ئەمنی نییە، بەڵکو گەورەترین سەکۆی جیهانییە بۆ داڕشتنی تێڕوانینە ستراتیژییەکان. گەڕی ئەمساڵی کۆنفرانسەکە کە زیاتر لە پەنجا سەرۆکدەوڵەت و چەندین بڕیاربەدەستی سیاسی بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئاساییشی جیهان، تێیدا ئامادەن، لە کاتێکدایە ناوچەكەی ئێم- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەر ناوچەیەکی دیکەی نائارامی جیهان، لە ناو جەرگەی ململانێی توند، تارمایی شەڕ و لە ئاستانەی گۆڕانکاریی سیاسیدایە. هەرێمی کوردستانیش لە پڕیشکی ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانە نەک هەر دوور نییە، بەڵکو کەم نین ئەو شرۆڤەکارانەی کە پەرەسەندنەکان بە مەترسی بۆ سەر کورد و ئەزموونەکەی دەبینن؛ بۆیە لەم ئان و ساتەدا بەشداریی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەک لە سەرۆکەکانی ئەم ناوچە قەیراناوییە، ڕەنگە لە بەشدارییەکانی خولەکانی پێشتر گرنگتر و بەبایەختر بێت.
سیاسەتمەدارانی جیهان لە میونشن مەبەستیانە گوێ لە ڕا و بۆچوونەکانی كەسانی وەك نێچیرڤان بارزانی بگرن كە لە ناو جەرگەی قەیرانەکانەوە هاتووە و خوێندنەوەکانی قاڵبووی ئەزموون و واقیعی ناوچەکەن. ئەو وەک نوێنەری گەلێک دەچێتە میونشن کە دەزانێت تەنیا بە دیپلۆماسییەت و تێگەیشتن لە هاوسەنگیی هێزەکان دەتوانێت هەرێمەکەی لەناو باهۆزی گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بە سەلامەتی دەرباز بکات. سیاسەتوانانی ڕۆژئاوا و ناوچەکە درک بەوەش دەکەن کە نێچیرڤان بارزانی جیا لە نوێنەرایەتی هەرێمەکەی، نوێنەر و خاوەنی دیدگایەکی "میانڕەو و چارەسەرخوازە" کە دەتوانێت پردی پەیوەندی لە نێوان جەمسەرە دژبەیەکەکاندا دروست بکات. ئەمەش وا دەکات دیدارە چاوەڕوانکراوەکانی لە میونشن تەنیا پرۆتۆکۆڵی نەبن، بەڵکو ببنە وێستگەیەک بۆ ڕاوێژپێکردن و بیستنی ڕا و دید و بۆچوونەکانی وەک سەرکردەیەکی دانا دەربارەی داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە.
یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی هەگبەی پڕی سەرۆک لە میونشن، ڕۆڵ و هەوڵە سەرکەوتووەکانییەتی لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی سووریا کە بووە مایەی ڕێگری لە شەڕێکی خوێناوی و پەرەئەستێن كە هاوزمانەكانی تێدا دەبوونە قوربانی.
خاڵێكی دیكە: ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیی دراوسێکانی، هەوڵدانی بێوچان بۆ ئەوەی هەرێمەکەی و ئەگەر بکرێ عێراقیش لە ململانێ سەختەکانی ناوچەکەوە نەگلێن و نەبنە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، هاوکات جەختکردنەوە لەسەر "بێلایەنییەکی چالاک" کە دواجار سەقامگیری و بەرژەوەندییەکان بپارێزێت؛ ئەو ڕوانگە سیاسییەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە کە سیاسەتوانانی جیهان مەبەستیانە چۆنێتیی پیادەکردنی ببیستن.
بەشداریی ئەمجارەی میونشن، ئاماژەیەکی بەهێزە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەشدارە لەو گفتوگۆیانەی دەربارەی ئاسایشی ناوچەکە دەگوزەرێن. بەشداریی ئەمجارە جیا لە چالاکییەکی دیپلۆماسیی ئاستبەرز، جووڵەیەکی ستراتیژیشە کە دەڕژێتە خانەی پاراستنی قەوارەی کوردستان و پتەوکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ دۆستەکانی.
لە ئان و ساتێکدا کە تارمایی هەڕەشە و مەترسی لەسەر ناوچەکە چڕن و پێشبینیی مەترسی لەسەر کورد و ئەزموونەکەشی هەن، بەشداریی ئەمجارەی سەرۆک ئاماژەیەکی دڵنیاییبەخشە. کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی سەرۆک لەگەڵ سەرکردە و بڕیاربەدەستانی جیهان، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەر وەک هەمیشە "کارەکتەرێکی شەرعی و جێی متمانە"یە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و نیشانەی ئەوەیشە کە پاراستنی ئاساییشی هەرێم و خەڵكەكەی بەشێکە لە ئاسایشێکی گەورەتر و تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە.
ئەم بەشدارییە هاوکات وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەشە بۆ ئەو پەرۆشانەی کە دەڵێن کورد دەبێت لە ئێستادا لەسەر ئاستی باڵا بجوڵێت.
سەرۆک بەم بەشدارییە و بە جووڵە دیپلۆماسییەکانی دیکەی دەیەوێت بڵێت: کوردستان لە چاوەڕوانیدا دۆش دانامێنێت تا چارەنووسی بۆ دیاری بکرێت، بەڵکو خۆی لە ناوەندەکانی بڕیاردانە و بەرگری لە مانەوەی سیاسیی خۆی دەکات.
PM:07:55:12/02/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی