ناسیۆنالیزمی خێڵەکی جوانییەکانی ڕۆژئاوا نابینێت...

‌د. شێرکۆ حەمەئەمین

ناسیۆنالیزمی (تورک، فارس، عەرەب) مەبەست وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبە، پێچەوانەی ناسێۆنالیزمی ئەوروپا بەرهەمی گەشەکردنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و بیری ڕۆشنگەری نەبوون.

لایەکی دیشەوە جوڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازی شۆڕشگێڕی نەبوون، کە لە ئەنجامی خەبات دژی داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم دەرکەوتبن، بەڵکو جوڵانەوەیەکی شێواو و شەڕانگێزی وابەستەی خودی کۆڵۆنیالیزم بوون و هەمیشە لەبەرانبەر دەوڵەتانی کۆڵۆنیالیزم خویان بەبچوک زانیوە و دەزانن. لە دژی نەتەوە و پێکهاتەکانی ناو قەڵەمڕەوی دەوڵەتەکانیان کە بە زەبری هێزی دەوڵەتانی کۆڵۆنیالیزم ژێردەستەکراون، لوتبەرز و خۆبەگەورەزان و پەلاماردەربوون و دەبن.

بەگشتی ئەم دەوڵەتانە گەرچی لە ڕواڵەتدا سروشتێکی مۆدێرن و ناسێۆنالیستیان هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا درێژەپێدەری هەمان ستراکتور و پێکهاتەی دەوڵەتانێکن، کە ئاوێزانی فاشیزم، خێڵ، ئاین، توندڕەوین و ئابورییەکەشیان پەلاماردان و دەستەکەوت‌ و تاڵانی بووە.

لەم سروشتەی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئێستای بیری جۆلانی و چۆنییەتی هاتنەسەرکاری و ئاڕاستەکردنی و فاشیزمی تورک، کەبنەمای‌ کۆمارە و ئێستا بە بیری ئیخوانیش ئاوێتەبووە، هەرئەو ئینکاری و بەدبینییە بەرهەمدێنێت، کە دژی جوانییەکانی ڕۆژئاوا و پێکەوەژیان و ژن وەک هێمای ژیان و ئازادی و بەرخودان بوەستنەوە و بە چاو داخستن و بێ مۆڕاڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی و لەپیلانگێڕییەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا بیانەوێت ئەو دەستکەوت و مافە سروشتی و خوداییەی کورد، لەژێر پەردەی بەرژەوەندی و یەکپارچەیی خاک و ناوەندگەرایی لەناوببەن.

بەڵام هەر لەهەناوی جوانییەکانی ڕۆژئاواوە، کە(نا)یەکی مێژوییان کرد و کوردیان لە قوربانییەوە بۆ مافستێن، بە دروشمی (مردن نەک تەسلیمبوون) گۆڕی و توانییان بەو بڕیار و ئیرادەیەیان یەکبوونی نەتەوەیی بخوڵقێنن، کەپشتگیری کوردان لە ناوە و دەرەوە، بە دروشمی (یەکە یەکە یەکە گەلی کورد یەکە، یان کینە ئەم؟ کوردین ئەم.) خۆی بەرجەستەکرد و وەک خۆشیان دەڵێن: ئەو دوو هۆکار ڕۆژئاوای لە سڕینەوە و جینۆساید پاراست:

١-بڕیاری مردن نەک تەسلیمبوون.

٢- پشتگیری کورد لە باشور و ڕەوەندی کوردی بە تایبەتی و باکور و ڕۆژهەڵات و هەمووکونجێکی دونیا و هەندێک دۆستی ناکورد،  زۆر بە تایبەتی پشتگیری و چالاکییەکانی کورد خۆی پێکەوە دۆخی ئاگربەستیان بەرهەمهێناوە.

بەڵام هێشتا مەترسی و پیلانگێڕی لەسەرڕۆژئاواوباشوور ماوە و شەڕی سیاسی گەورە لەڕۆژئاوایە، بۆیە هەر پێویستمان بە چالاکی و فشاری دبلۆماسی فراوان و دروشمی (یەکە یەکە یەکە گەلی کورد یەکە.) و یەکدەنگی وحوکمی ڕەشیدلەباشووروگۆڕینی ئەم ڕابونە نەتەوەییە بۆ پڕۆژە و ئەنجامگیری بەرجەستە هەیە.

سەرچاوە: سود لەکتێبی (ئیمپراتۆریای لم)ی ڕەفیق سابیر وەرگیراوە.


PM:10:35:10/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی