ناسنامەی نیشتمانی لەنێوان گەل و حزبدا

‌د. سەڵاح عەزیز

ژیانی سیاسیی لە کوردستاندا بەدەگمەن دەستەواژەکانی خاڵییە لە ووشەکانی وەک: "گەلی کورد"، "ئیرادەی کوردستان" ، "نوێنەری شەرعی" ، "هێزە نیشتمانییەکان" یان "پڕۆژەی نەتەوەیی". بەگشتی لایەنەکان بەناوی کوردەوە قسەدەکەن ،و هەموو حزبێک خۆی وەک دەنگی کوردستان نیشاندەدات، بەشێوەیەک بۆ هاووڵاتی ئاسایی و چاودێری دەرەکی زەحمەتە جیاکەرەوە بکات: کێ نوێنەرایەتی کێ دەکات؟

 ئەم هەڵئاوسانە لە زمانی نوێنەرایەتیدا چیتر تەنها شێوازێکی ڕەوانبێژی نییە، بەڵکو گۆڕا بۆ دیاردەیەکی سیاسی سەرلێشێواو کە مانای ڕاستەقینەی ناسنامەی گشتگیر لاواز دەکات. کاتێک هەمووان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، نوێنەرایەتیکردن بەهای خۆی لەدەستدەدات. وەکاتێک کورد دەبێتە دروشمێکی رێکخراوەیی ئەرکی خۆی وەک چوارچێوەیەک بۆ کۆکەرەوەی هەمووان لەدەستدەدات. 

لێرەوە پرسیارێکی گرنگ دێتەئاراوە: ئایا هیچ حزبێک یان ڕێکخراوێک مافی نوێنەرایەتیکردنی کورد  یان کوردستانی هەیە بەشێوەیەکی ڕەها؟ 

ناسنامە لەپێشترە لە حزب  

بەرلەوەی لە پرسی نوێنەرایەتی بکۆڵینەوە، واپێویست دەکات بۆ خاڵی سەرەتا بگەڕێینەوە: ناسنامەی کوردی لەڕێی حزبەکان، لێدوانی سیاسی و بەرنامەی ڕێکخراوەییەوە پێکنەهاتووە. ئەم ناسنامەیە لە مێژوودا لە ڕێی زمان، کەلتوور، یادەوەری بەکۆمەڵ و شێوازی ژیانی ڕۆژانەدا گەشەیکردوە. لە شار و بازاڕەکان، لە هۆنراوە و پەروەردەی ئاینی، و لە تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە بە ماوەیەکی درێژ پێش سەرهەڵدانی ڕێکخراوە مۆدێرنەکان بوون. بە واتایەکی تر، کۆمەڵگە پێش سیاسەت بوونی هەبوە و ناسنامەش پێش حزب کەوتووە.


 لێرەوە دەکرێت جیاوازی لەنێوان دوو ئاستی جیاوازدا بکرێت: گەل وەک قەوارەیەکی مێژوویی بەردەوام کە نەوەکان وسەرکردەکان تێدەپەڕێنێت، وحزب وەک چوارچێوەیەکی سیاسی کاتیی کە بۆ قۆناغێکی دیاریکراو سەرهەڵدەدات و خۆی لە خۆیدا دەکەوێتە ژێر گۆڕانکاری و دابەشبوون و ڕەنگە لەناوچوون. یەکەمیان ناسنامەیەکی کۆکەرەوەەو، دووەمیان ئامرازێکی ڕێکخراوەییە. وەکاتێک هەردووکیان تێکەڵ دەبن، ڕۆڵەکان پێچەوانە دەبنەوە، ئامرازەکە دەبێتە جێگرەوەی ئەسڵی، و کۆمەڵگە لەناو رێکخراوێکدا کورتدەکرێتەوە. وەئەرکی حزب قۆرغکردنی ناوی گەل یان بانگەشەکردن بە نوێنەرایەتیکردنی ڕەهاوە نییە، بەڵکو خزمەتکردنێتی لە چوارچێوەی دەسەڵاتێکی دیاریکراودا. حزبەکان دێن ودەڕۆن، بەڵام کۆمەڵگە دەمێنێتەوە، بۆیە ناسنامەی کۆکەرەوە دەبێت فراوانتر بێت لەهەر چوارچێوەیەکی سیاسی وگەورەتر لەهەر رێکخراوێک. 

لە خزمەتەوە بۆ قۆرغکاری

 لە بنەڕەتدا حزبە سیاسییەکان بۆ ڕێکخستنی داواکارییە گشتییەکان وخزمەتکردنی کۆمەڵگە سەریانهەڵدا. ئەوان ئامرازن بۆ کاری گشتی، نەک جێگرەوەی کۆمەڵگە خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی کورد، وەک زۆربەی کۆمەڵگەکان کە لە ڕووی سیاسییەوە دەردەکەون، ووردە ووردە خزاندنیان بەخۆوەبینی لە "کارکردن بە ناوی کۆمەڵگەوە" بەرەو "بانگەشەی خاوەندارێتی لە ناوەکەی"، بەشێوەیەک چیتر حزب نوێنەری بەشێکی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو وتەبێژی تەواوی ناوەکەیە.

تێڕامانی ناوی حزبە کوردییەکانی عێراق وسوریا وئێران بەسە بۆ سەیرکردنی ئەم دیاردەیە. پێدەچێت  هەموو ڕێکخراوەکان خەسڵەتە گشتگیرەکانی وەک "دیموکراتی"، "نیشتمانی"، "ئیسلامی" یان "کوردستانی" بەکاربهێنن. وەگۆڕینی ئەم وشانە بۆ هێما حزبییەکان ووردە ووردە لە مانا گشتییەکەی بەتاڵ دەکاتەوە، وگەر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت ئاماژە بەوەدەکات کە ئەوانەی لە دەرەوەی ڕێکخراون کەمتر دیموکراسین، نیشتمانپەروەرن، وکوردستانین، یان کەمتر ئیسلامین. لێرەوە زمان لە ئامرازی یەکگرتنەوە بۆ ئامرازی قۆرغکاری دەگۆڕێت، وناسنامەی کۆکەرەوەن لە فەزایەکی هاوبەشەوە بۆ چوارچێوەیەکی حزبی تەسک دەگۆڕێت. ئەم وەسفانە لە بنەڕەتدا ،چەمکی گشتین تایبەتمەندە بە هەموو کۆمەڵگەوە، بەڵام لە پراکتیکدا دەگۆڕدرێت بۆ نیشانەی ڕێکخراوەیی کە ئاماژە بە قۆرغکردنی بەهاکان دەکات کە دەبێت لە نێوان هەموو هاوڵاتیان هاوبەش بێت.

کێشەکە تەنها بە ناوەکانەوە ناوەستێت، بەڵکو لە گوتاری ڕۆژانەشدا دەردەکەون. گوێبیستی دەستەواژەکان دەبین وەک "ئێمە نوێنەرایەتی ئیرادەی خەڵک دەکەین"، "ئێمە بەرگریکاری ڕاستەقینەی کوردستانین"، "ئەمە هەڵوێستی کوردە"، و" ئێمە کوردین" . وەک ئەوەی کۆمەڵگە  کوتلەیەکی بێدەنگ بێت، چاوەڕێ دەکات کەسێک لەبری ئەو قسە بکات. بەڵام واقعەکە تەواو جیاوازە. کۆمەڵگە هەمەجۆرە: سیاسی، فکری وکۆمەڵایەتی. ئەوەی وەک "دەنگی گەل" پێشکەش دەکرێت، زۆرجار جگە لە دەنگی رێکخراوێکی دیاریکراو هیچی تر نییە. کاتێک ئەم هەڵەیە ڕوودەدات، جیاوازییە سیاسییە سروشتییەکان دەگۆڕێت بۆ ململانێی ناسنامە. وەناکۆکی لەگەڵ حزبێک هەندێکجار وەک ناکۆکی لەگەڵ خودی "کورد" لێکدەدرێتەوە. ومەترسییەکە لێرەدا چڕدەبێتەوە.

کاریگەری کردەیی ئەو سەرلێشێواوییە

دەشێت گفتوگۆ دەربارەی چەمکەکانی "ناسنامە" و "نوێنەرایەتی"  بابەتێکی زمانەوانی یان تیۆری بێت، بەڵام لە واقعدا ڕاستەوخۆ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕەنگدەداتەوە. کاتێک زۆرلایەن هەن کە بەناوی "تاکە نوێنەری شەرعی" قسەدەکەن، دەنگی کورد لە دەرەوە پەرتەوازە دەبێت، و جیهان توانای جیاکردنەوە لەدەستدەدات سەبارەت ئەوەی کێ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی دانوستان یان بڕیاردانی هەیە. وەلەناوەوە، متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان بەرەو لاوازی دەچێت، بەشێوەیەک هەمووان گوێبیستی ئەوەن کە بەناویەوە قسەدەکات بێ ئەوەی هەست بکات هیچ کەسێک ڕاوێژی پێدەکات یان نوێنەرایەتی دەکات. وەبە تێپەڕبوونی کات، چیتر ناکۆکییەکان نابنەوە بە ململانێکانی نێوان بەرنامە وسیاسەتەکان ،بەڵکو دەگۆڕێن بۆ ناکۆکی لەسەر قۆرغکاری خودی ناسنامە، وناسنامەی کوردی کە پێویستە ببێتە سەرچاوەی یەکڕیزی وهێز، دەبێتە بارگرانییەکی زیادە کە دابەشبوونەکە توندتردەکات لەبری سوککردنی.

لۆژیکی دەوڵەتی مۆدێرن و سنووری نوێنەرایەتی

لەبەرامبەردا، لۆژیکی دەوڵەتی مۆدێرن لەسەربنەمای تێگەیشتنێکی خۆبەزلنەزانین و ووردتر لە نوێنەرایەتی سیاسی کاردەکات. نوێنەرایەتیکردن ڕەها وهەمیشەییە نییە، بەڵکو ڕێژەیی و گرێدراوی کاتە ومەرجدارە بە دەسەڵاتێکی ڕوون: پەرلەمانتار نوێنەرایەتی بازنەکەی دەکات، حکومەت نوێنەرایەتی ئەو کەسە دەکات کە متمانەی پێبەخشیوە، سەندیکا تەنها نوێنەرایەتی ئەندامەکانی دەکات. هیچ لایەنێک  ناتوانێت بانگەشەی ئەوەبکات کە نوێنەرایەتی هەموو گەل دەکات بەگشت هەمەجۆری وجیاوازییەکانیەوە. لەم ڕوانگەیەوە، قسەکردن لەسەر "تاکە نوێنەری کورد" لەگەڵ بنەڕەتیترین یاساکانی سیاسەتی هاوچەرخدا یەکناگرێتەوە. ئەوە گوتاری کۆکەرەوەیە زیاتر لە وەسفکردنی واقعی. چونکە گەلەکان لە ڕێکخراودا کەمناکرێنەوە، ولەسەرکردایەتیدا کورتناکرێنەوە، بەڵکو لەڕێی فرەدامەزراوەییەوە بەڕێوەدەبرێن کە ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی سروشتی خۆیەتی.

بەرەو تێگەیشتنێکی پێگەیشتووتر لە نوێنەرایەتی

 ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە هەڵوەشاندنەوەی حزبەکان یان کەمکردنەوەی ڕۆڵیان نییە، چونکە حزبەکان بەشێکی سروشتی هەر ژیانێکی سیاسی تەندروستە، بەڵکو دووبارە دانانی سنووری ڕوونە لە نێوان حزبەکان و کۆمەڵگەدا. هەر لایەنێک دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵک بکات، بەڵام ئەوەندەی ئەو دەسەڵاتەی پێیاندەدرێت، وەهەر حزبێک دەتوانێت خزمەتی کوردستان بکات، بەڵام بێ ئەوەی بانگەشەی خاوەندارێتی یان قۆرغکاری ناوی خۆی بکات. ئەوەی کوردستان لەم قۆناغەدا پێویستی پێیەتی بونیادنانی دامەزراوە مەدەنییەکانە کە دڵسۆزی ڕێکخراوەیی تێبپەڕێنێت ،و کەلتوورێکی سیاسی دابمەزرێنێ کە "خزمەت" لە "قۆرغکاری" جیا بکاتەوە، وگرتنەبەری گوتارێکی خۆبەزلنەزانین لە بانگەشەی نوێنەرایەتیدا، لەپاڵ قبووڵکردنی ڕاستەقینەی  فرەیی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا. وەناسنامەی نیشتمانی دەبێت لەسەروو هەموویانەوە وەک بنمیچێکی هاوبەش بمێنێتەوە، وەک چوارچێوەیەکی گشتگیر نەک گۆڕەپانی کێبڕکێی حزبی.

ڕەنگە خودی واقعی کۆمەڵایەتی ڕوونترین بەڵگە بێت کە گەل گەورەترە لە هەر رێکخراوێک. کاتێک لەم دواییەنەدا کوردانی سوریا دووچاری قەیرانێکی سەخت بوون، شەپۆلێکی بەربڵاو وخۆڕسکی هاوخەباتی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هاتەکایەوە، هاوڵاتیان دروشمی یەکگرتوویان بەرزکردەوە وەک "ئێمە کوردین" و "ئێمە یەک گەلین" بەبێ ئاڵای حزب و وێنەی سەرکردە سیاسییەکان؛ تەنها ناسنامە ئامادەگیی هەبوو، ئەم هاوسۆزییە بۆ هەڵمەتەکانی فریاگوزاری وکۆکردنەوەی کۆمەک و ناردنی هاوکاری بۆ شارە کوردییە گەمارۆدراوەکان وئاوارەکان درێژەی هەبوو. لەو ساتانەدا، کۆمەڵگە بەدەنگی ڕاستەوخۆی خۆی قسەی دەکرد، بە تێپەڕاندنی ڕێکخستنی ڕێکخراوەییەکان، وجەختکردنەوە لە ڕاستییەکی سادە بەڵام قووڵ: کاتێک خەڵک بەپاڵنەری ئینتیمای هاوبەش هەنگاودەنێن، ناسنامە لە هەموو دروشمێکی حزبی ڕاستتر دەبێت، وبەڕوونی دەردەکەوێت کە گەل لە حزب فراوانترە، و کوردستان ئەوەندە گەورەترە لەوەی لەهەر رێکخراوێدا کورتبکرێتەوە.

لە کۆتاییدا، کوردبونمان نە نازناوێکی سیاسیی ونە بڕوانامەیەکی شەرعی، و نە دروشمێکی هەڵبژاردنە. بەڵکو ئینتمایەکی کەلتووری وئاکاریی تەواوی کۆمەڵگەیە. ئەوەی خزمەتی خەڵک بە ڕاستگۆیی بکات نوێنەرایەتییان دەکات هێندەی ئەوەی  خزمەتیان دەکات، نەک ئەوەندە کە بە ناویانەوە دروشم بەرز بکاتەوە. کوردستان پێویستی بە گوتەبێژی زیاتر نییە، بەڵکو پێویستی زیاتری بەکارکردووان هەیە لەپێناویدا . وەناسنامە ماڵێکە بۆ هەمووان، نەک هێمایەک کەسێک لەسەر دەرگاکەی دایبنێت.

لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا




PM:06:58:10/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی