کۆتایی هاتنی ترس لە ئێران

‌عەباس میلانی

پڕۆفیسۆر میلانی بەڕێوەبەری ئێرانناسییە لە زانکۆی ستانفۆرد و ئەندامی دامەزراوەی هووڤەرە.
سەرچاوە:نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانی: وێستگەنیوز

ڕژێمە دیکتاتۆرەکان لە لوتکەی دەسەڵاتیاندا هەیبەتی پارێزبەندییەکی لە شکان نەهاتوو نیشان دەدەن. کاتێک لەناکاو دەڕووخێن، بوونیان زۆر بێمانا و نادروست دەردەکەوێت. ئێمە سەیری داروپەردووەکە دەکەین و بە سەرسوڕمانەوە دەپرسین: چۆن شتێکی ئاوا بێسەروبەر توانیویەتی هێندە درێژە بکێشێت؟

بەڵام ئەوەی وەک ڕووخانێکی خێرا دەردەکەوێت، هەمیشە ئەنجامی داخورانی پێکهاتەییە و لە هەمووی گرنگتر، داخورانی ترسە.

ئێمە ئێستا دەبینین ئەمە لە ئێران ڕوودەدات. لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمەوە، خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی هەڵاوسان، داڕمانی ئابووری و بەردەوامیی سەرسەختیی حکومەت. سەرباری هەموو شت پانتایی خۆپیشاندانەکان بێوێنەیە. ئەوەی ئەم ناڕەزایەتییە دەیگرێتەخۆی لە شارۆچکە بچووکەکانەوە دەست پێ دەکات، کە تا ئێستا بنکەی پشتیوانی حکومەت بوون، تا بازاڕەکان، کە مێژووی سەرچاوەی سەرەکی پشتیوانی دارایی و سیاسی پیاوانی ئایینی بوون. ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٩دا خۆپیشاندەران داوای ژماردنی دەنگەکانیان دەکرد، ئێستا هەندێکیان هاواری "مەرگ بۆ ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی" ڕێبەری باڵای ئێران دەکەن و داوای گۆڕینی ڕژێم دەکەن.

ئەو بێترسییەی کە خۆپیشاندەران نیشانی دەدەن، هۆکاری ئەوەیە کە ئەم ڕاپەڕینە ڕەنگە بەردەوام بێت. هێزە ڕۆژئاواییەکان دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگرن لە کاتی پشتگیریکردنیاندا، پشتگوێخستنی ئەم بزووتنەوە بەهێزانە بە واتای لەدەستدانی هەلی یارمەتیدانی گەلی ئێران دێت بۆ ڕزگاربوون لەم مۆتەکەیە و هێنانەدی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئاشتیانەتر و دیموکراسیتر.

ترس چیمەنتۆی هەموو پێکهاتەیەکی دیکتاتۆرییە. نە ئایدۆلۆژیا، نە تیۆلۆژیا، و تەنانەت نە هێزی ڕووت بە تەنیا ناتوانن ئەم بینا بەرزە لە شوێنی خۆی ڕابگرن. بەڵکوو ئەوە ترس دەیکات. کاتێک ترس نامێنێت، ئامرازە ئاساییەکانی سەرکوتکردن، وەک زیندان و هەڕەشەی چەتەکان، تا کوشتن و میدیای فەرمی، هێزی خۆیان لەدەست دەدەن بۆ دوورخستنەوەی گەلێکی ناڕازی لە ڕاپەڕین. بەبێ ترس، پرسیارەکە چیتر ئەوە نییە کە ئایا دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەڕووخێت یان نا، بەڵکو کەی دەڕووخێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتاوە لەم ڕاستییە تێگەیشت. هەر کە دەسەڵاتی گرتە دەست، ئامانجی ترساندن بوو. توندوتیژی تەنها ڕووداو نەبوو، بەڵکو وانەیەکی پەروەردەیی(پیداگۆجی) بوو. لەسێدارەدانی گشتی بە وردی و ڕێوڕەسمی تایبەت ئەنجام دەدرا. وێنەی تەرمە هەڵواسراوەکان یان جەستە گوللەبارانکراوەکان لە ڕۆژنامەکاندا بڵاودەکرانەوە و لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتەوە پەخش دەکران. پەیامەکە ڕوون بوو: شۆڕش سەرکەوتوەو بێبەزەییە.

لە سەرەتادا، ئەم توندوتیژییە ئاراستەی زۆرێک لە بەرپرسانی حکومەتی ڕووخاوی شا محەمەد ڕەزا پەهلەوی کرا. بەڵام زۆری نەخایاند فراوانتر بوو بۆ چەپەکان، لیبراڵەکان، گروپە نەتەوەییە ناڕازییەکان و ئەو ژنانەی کە بۆ مافەکانیان دەجەنگان. ناڕەزایەتی وەک گوناه و تەنانەت لادان لە ئایین پێناسە کرایەوە، سزاکان گشتی و ترسناک بوون. ڕژێمی مەلاکان دەزگایەکی ئەمنی مۆدێرنیان لەگەڵ شێوازێکی ڕێکخراوانەی سەدەی ناوەڕاستی تیرۆر تێکەڵ کرد. ترس بوو بە پیداگۆچییەکی مەدەنی.

کاتێک تیرۆر دەبێتە بەشێکی ناوەکی مرۆڤ، وەک ئەوەی هەمیشە لە کۆمەڵگا دیکتاتۆرەکاندا ڕوودەدات، پێویستی بە نیشاندانی توندوتیژی گشتی کەم دەبێتەوە. لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئێران، کاتێک ترس لە دڵ و مێشکی خەڵکدا جێگیر بوو و جیهان دەستی کرد بە وردبوونەوە لە تۆمارە خراپەکانی مافی مرۆڤی حکومەت، توندترین کردەوەکانی توندوتیژی لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام دەدران. لەسێدارەدانی هەزاران زیندانی لە ساڵی ١٩٨٨دا، کە لەو کاتەدا گەورەترین کوشتنی بەکۆمەڵی ئێرانییەکان بوو لەلایەن سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامییەوە، بە نهێنی ئەنجام درا. تەرمەکان شاردرانەوە، گۆڕەکان بێ نیشانە بوون، و خێزانەکان بێدەنگ کران. تیرۆر هێشتا بەکاردەهێنرا، بەڵام چیتر نیشان نەدەدرا.

پاشان داخورانی وردەوردەی شەرعییەتی ڕژێم هات. هەڵبژاردنەکان بوون بە ڕێوڕەسمی بێ بژاردە، دروشمە فەرمییەکان دەنگی خۆیان لەدەستدا، بیرۆکراسییە بەجێماوەکان بوون بە تۆڕی گەندەڵ و بێتوانا کە زۆرجار تەنها دەستکەوتەکانیان بەسەر لایەنگرانی جیاوازی فەرمانڕەوا نوێیەکاندا دابەش دەکرد. تەنها سەرچاوەی ماوەی دەسەڵاتی ڕاستەقینە ئەو ترسە بوو کە حکومەت بەردەوام بوو لە چاندنی، ئەو هەستەی کە بەرگری بێسوودە چونکە ڕژێم زۆر جێگیرە، زۆر بێبەزەییە، و زۆر لە هەموو شوێنێک ئامادەیە تا بتوانیت بەرەنگاری ببێتەوە.

ئەو هەیبەتە لە شکان نەهاتووەی دەسەڵات، لەلایەن ژنانی ئێران و بزووتنەوەی نافەرمانی مەدەنی بەردەوامەوە تێکشکا کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا دەستی پێکرد و بەناوی "ژن، ژیان، ئازادی" .

ئەم بزووتنەوەیە بوو بە خاڵی کۆتایی هاتنی کۆنترۆڵی سۆزداریی فەرمانڕەوا ئایینییەکان. کاتێک ژنان بە سەرسەختییەوە حیجابەکانیان لە شوێنە گشتییەکاندا لادا، کاتێک بە قژی دانەپۆشراوەوە بە لای بریکارە چەکدارەکانی دەوڵەتدا تێپەڕین، شتێکی گەڕانەوەنەبوو ڕوویدا. ترس لایەنەکەی گۆڕی.

ڕژێم هێشتا دەیتوانی دەستگیر بکات، لێ بدات، کوێر بکات و بکوژێت، بەڵام چیتر نەیدەتوانی ژنان بترسێنێت بۆ قبوڵکردنی ملکەچانەی سیستمێکی دژەژن. زیاتر لە ١٩ هەزار کەس دەستگیرکران و نزیکەی ٥٠٠ کەس لە چەند مانگی یەکەمی خۆپیشاندانەکاندا کوژران، کاتێک هێزەکانی حکومەت هەوڵیان دەدا ترس لە دڵی ژناندا و بەو هۆیەشەوە لە کۆمەڵگاشدا بچێننەوە. هەوڵەکە شکستی هێنا، و ژنان بەردەوام بوون لە سەرپێچییەکانیان.

لە ئاستی ناوچەییشدا، ئەو وێنەیەی کە سەرکردایەتی بۆ خۆی دروستی کردبوو وەک هێزێکی بێسنوور، دەستی کرد بە تێکچوون. تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئیدارەی یەکەمی ترەمپەوە، یارمەتیدەر بوو لە تێکشکاندنی ئەفسانەیەکی ستراتیژی. لاوازکردنی هێزە بریکارەکانی ئێران، حزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، چیرۆکی باڵادەستی ناوچەیی حەتمی تێکشکاند. لەم دواییانەشدا، شەڕی کورت بەڵام کاریگەری ١٢ ڕۆژەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان گورزێکی دیکەی وەشاند، نەک تەنها لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو لە ڕووی دەروونییەوە. ئەوەی سیستمە دیکتاتۆرەکان زۆرترین ترسیان لێی هەیە شکست نییە، بەڵکو دەرکەوتنی لاوازییەکانیانە.

کاردانەوەی ڕژێم بۆ دوایین خولی خۆپیشاندانەکان وەک چاوەڕوان دەکرا دڕندانە بووەو خۆپیشاندانەکان لەڕۆژانی دواییدا کەمی کردووە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ژمارەی کوژراوەکانیان بە ٢٥٠٠ بۆ ٣٤٠٠ کەس خەمڵاندووە، کە زۆربەیان خۆپیشاندەر بوون و لە شەقامەکاندا تەقەیان لێکراوە. ڕژێم هەڕەشەی لەسێدارەدانی کردووە و دانپێدانانی زۆرەملێی نیشان داوە. ئەمە نیشانەی هێز نییە، ئەمە شڵەژان و ترسە. کاتێک ترس نامێنێت، ڕژێم دەبێت توندوتیژی زیاد بکات بۆ قەرەبووکردنەوە. ئەو ڕاستییەی کە خولەکانی ڕابردووی بەرگری و سەرکوتکردن تەنها بزووتنەوەیەکی دیکەی گەورەتریان لێکەوتووەتەوە، حکومەتی لە توندوتیژییەکانی سارد نەکردووەتەوە. ئەمە تەنها زمانێکە کە ئەوان دەیزانن.

ئێستا تاران ڕووبەڕووی پارادۆکسێک دەبێتەوە. هەمان ئەو پلاتفۆرمانەی سۆشیاڵ میدیا کە بۆ ترساندن بەکاریان دەهێنێت، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی سزا و گەورەکردنی هەڕەشەکان، لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەکاردەهێنرێن یان بەکاردەهێنران، پێش بڕینی ئینتەرنێت لەلایەن حکومەتەوە لەم هەفتەیەدا. ڤیدیۆکانی سەرپێچی خێراتر لە کلیپە ئاگادارکردنەوەکانی حکومەت بڵاودەبنەوە. گاڵتەجاڕی و تەنز خێراتر لە تیرۆر و هەڕەشە بڵاودەبێتەوە. ئازایەتی، کاتێک دەبێتە پەتا و دەگوازرێتەوە، کەرەنتینەکردنی قورسە.

خۆرخی لویس بۆرخیس دەڵێت "سانسۆر دایکی میتافۆرە." کاتێک قسەکردن سنووردار دەکرێت، خەڵک ڕێگەی نوێ بۆ قسەکردن دەدۆزنەوە. لە ئێرانی ئەمڕۆدا، سەرکوتکردن دایکی دۆزینەوەی شێوازی نوێی ناڕەزایەتییە. کە دژەژەهری ترسە. هەموو هەوڵێک بۆ بێدەنگکردن، شێوازی نوێی دەربڕین دروست دەکات، هەموو هەوڵێک بۆ ترساندن، ڕێزمانی نوێی سەرپێچی بەرهەم دەهێنێت. دەوڵەت هێشتا کۆنترۆڵی ئامرازەکانی توندوتیژی دەکات، بەڵام کۆنترۆڵی خەیاڵدانی لەدەستداوە.

ڕژێمە دیکتاتۆرەکان کاتێک ناکەون کە وەک دڕندە دەردەکەون. دڕندەیی دراوی ئەوانە. ئەوان کاتێک دەڕووخێن کە وەک ناسک و فشەڵ دەردەکەون. کۆماری ئیسلامی ڕەنگە هێشتا بە هێز فەرمانڕەوایی بکات و ڕەنگە لە تێکشکاندنی ئەم خولەی ناڕەزایەتییەکاندا سەرکەوتوو بێت، بەڵام چەکی ترس لەدەست دەدات، کە ناوەندی دەسەڵاتەکەیەتی. ئەمە بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت.
https://www.nytimes.com/2026/01/16/opinion/iran-fear-demonstrations-islamic-republic.html



PM:04:58:07/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی