با بارودۆخی ئێستاش. یەك دەنگیی و یەکڕیزیی سیاسیی بێنێتە ئاراوە
بارزان شێخ عوسمان
سەرباری دەستپێشخەرییە بەناوبانگەکەی سەرۆك مامجەلال لەساڵی ١٩٨٤ (ئاشتبونەوەی گشتیی) ، روداوەکانی پێش شاڵاوەکانی ئەنفال و بۆردومانی کیمایی، ئاشتبونەوەی هێزە سیاسییەکانی رەخساند و ساڵی ١٩٨٧ ئامادەکاری کرا بۆ بەرەی کوردستانیی و لە ساڵی ١٩٨٨ بەرەی کوردستانیی پێکهات
کە هەلومەرجی راپەڕین رەخسا بارودۆخەکە هەموانی یەکخست و ئاشتبونەوەی گشتیی ،راپەڕینی سەرخست .
کۆرەوی چەند ملیۆنی گەلی کوردستانی عێراقیش هەمو کوردی یەکخست و بەیەك دەنگ داوای فریاکەوتنی کوردیان کرد.
کاتێکیش لە یەکی شوبات ی ساڵی ٢٠٠٤ هەردو بارەگای مەڵبەندی رێکخستنی (ی،ن،ك) و لقی دوی (پ،د،ك) لە یەك کاتدا و ، لە یەکەم رۆژی جەژنی پیرۆزی قورباندا پەلامار دران و سەدو سێ کەس گەشمەرگ بون لە هاوڵاتیی ، کادیر و پێشمەرگە و سەرکردەی هەردولا ، یەكڕیزیی و تەبایی کوردستانیی قوڵتر بوەوە بە تایبەتیی هەردو حزبی سەرەکی کوردستان. ئەو تەباییەی کە تا ساڵی ٢٠١٣ش بەردەوام بەرهەمی ئەو یەک دەنگیە بو کە گەلەکەمان لە کەنارێکی ئارامدا بو.
روداوەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ و سەرەتای ٢٠٢٦ یش لە بەشەکەی سوریای کوردستانی دابەشکراومان ، هاوسۆزیی و پشتیوانیی و یەکدەنگییەکی بێ ئەندازەی هێنایە کایەوە، کە سنورە دەستکردەکانی بڕی.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە رێ رۆیشتنی هێمنانە و خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی هێرش و دەستدرێژییەکانی حکومەتی سوریا ،رۆژانە لە تەواوی شار ،شارۆچکە و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد بە بێ وەستان ، کە هەمو چین و توێژەکان ، هەمو تەمەنەکان( بە زۆریی جەوانان ) و رەنگەکان بێ مۆرکی حزبیی و بێ جیاوازیی بەشداربون، کۆمەك و یارمەتیی بە هەمو جۆرەکانییەوە دابین کرا بۆ کوردی ئەو بەشەمان ، سەدان کەس خۆبەخشانە سنوری دەستکردیان بڕی بۆ یارمەتیدانی جەنگاوەران ، لەو پێناوەشدا گیانیان بەخشی بە خاکی ئەو بەشەی کوردستانمان لەوانە گەشمەرگ احمد هێمن کەرکوکی.
هەمو لەو پیلانە تێ گەیشتین کە لە ئارادایە کە زۆر نزیکە ئەم بەشەی ئێمەش بگرێتەوە کە بە عێراقەوە گرێ دراوە .
کەواتە وەك چۆن ئەو روداوانەی ئاماژەیان بۆ کرا، یەکڕیزیی جەماوەریی و سیاسییان یەکخست ، با روداوەکانی ئێستای ناوچەکەش، یەکڕیزیی و یەکدەنگیی سیاسیی و حزبییش بێنێتە ئاراوە.
چونکە گەلەکەمان لە ناوەوە و دەرەوەش یەکڕیزیی خۆیان پیشان دا ئەندامانی حزبەکان بێ لۆگۆ ، بێ ئاڕم بێ هەڵگرتنی وێنەی سەرکردەکانیان و بێ ئاڵا ی حزب ، بە تەنیشت یەکەوە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دروشمی کوردایەتیی و پشتیوانیی بۆ کوردستانی سوریا (رۆژئاڤا) بەشدارییان کرد.
سەرکردایەتی کوردی سوریا واتە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا (هێ ، س،د) ، بەو رێککەوتنە فریای گەلە کەی کەوت کە بەم دواییە ئیمزا کرا.
بۆی دەبێت لە هەرێمی کوردستانیشدا هەموان لەو ئاست و بەرپرسیارێتییەدا بن کە بارودۆخەکە داوای دەکات بۆ یەکڕیزیی و رێککەوتن ، هیچ لایەنێك بێ باك و بێ خەم نەبێت ، جا کامەیان زوتر دەستپێشخەریی بکات ئەوە پشتیوانیی گەل زیاتر بەدەست دەهێنێت.
PM:07:30:01/02/2026
ئهم بابهته 528
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی