شەڕفرۆشتن بە جوانیی و بە مرۆڤبوونێکی بەرپرسیار
مەریوان وریا قانیع
ئەم کچە گەنجە شیعرێک دەخوێنێتەوە کە ناوەرۆکی شیعرەکە بەرگریکردنێکی بێچەندوچوونە لە کوردبوونی خۆی و لە خودا و لە پێغەمبەرەکەی. هێرش دەکاتە سەر ئەو هێزانەی قورئان بۆ ئەنفالکردنی میلەتەکەی بەکاردەهێنن و وێنەی پێغەمبەرەکەی ئیسلامیش رەش وناقۆلا دەکەن و وەک هیتلەر نمایشیدەکەن. بەم مانایە ئەو باس لە تەعەدای ئەو دوژمنانە لە «محەمەد» دەکات و رەخنە لەوەدەگرێت کە ئەوان وەک هیتلەر نیشانیئەدەن.
ئەوەی لەیەککاتدا مایەی گریان و پێکەنینە کاردانەوەی هەندێک لە ئیسلامیی و بکەرە دینییەکانە بەرامبەر بەم شیعرە. ئەمانە، بە مەبەست یان بێمەبەست، ئەم پارچە شیعرە وەک سوکایەتیکردن بە دین و ئیمان و خودا و پێغەمبەر نیشانئەدەن. لەکاتێکدا شیعرەکە پێچەوانەی ئەم قسە و لێکدانەوانەی ئەوان دەسەلمێنێت.
ئەم بەشە لە ئیسلامیی و بکەری دینیی وڵاتی ئێمە، بە ئاگا یان بێئاگا، ناوی دین و ئیمان و خودا و پێغەمبەرەکان پیسدەکەن و وادەکەن قەیرانێک لە ئیمانی موسڵمان و ئیماندارە سادەکانی ئەم نیشتیمانەدا، دروستببێت، ئیمانێک توانای دروستکردنی مرۆڤی میهرەبان و هاریکار و بەرەحم و لێبوردەی هەیە. لەڕاستیدا دروستکردنی ئەم قەیرانەیە لە ئیمانی موسلمانە سادەکاندا وایکرد، لە ماوەی رابردوودا ، خودی ئەو ئیماندارانە، کۆمەڵێک لەو مەلا و بانگخواز و بکەرە دینییانە لەسەر مینبەری مزگەوتەکان بهێننەخوارەوە و بیاننێرنەوە ماڵەکانی خۆیان.
ئەمەش دەقی شیعرەکە:
هەزار و چارسەد ساڵە
وڵاتی مە ئەنفالە
سەرو ماڵ و ناموسا مە
لە دوژمنێ مە حەڵالە
ئەو دیکتاتۆرێن قەشمەر
ئیسلام لەمە کردن خەنجەر
بە ئایەتا ئەنفالا رەش
محەمەدێ مە کرن هیتلەر
ئەی خودای شەڤ و رۆژان
بلا بمرە ئەو دەرد و ژان
یا کوردستان یا گۆڕستان
هەربژی هەر چار پارچەی کوردستانێ
خاڵی سەرەکیی لەم شیعرەدا پەلاماردانی ئەو دوژمنانەیە کە ئیسلامیان کردوە بە خەنجەرێک بۆ گیانی کورد، تەعەداکردنە سەر ماڵ و ناموسی کوردیان حەڵاکردوە، ئەنفالیان گۆڕیوە بۆ ئایەتێکی رەش، خودی پێغەمبەریشیان وەک هیتلەر نمایشکردوە. هاتنی ئیسلامیش لە سەرەتاوە، ١٤٠٠ ساڵ لەمەوپێش، هاتنێکی سەربازیی و توندوتیژانەیە و دواتر دەگۆڕێت بۆ ئاینی زۆرینەی کۆمەڵگاکە. شیعرەکە پەلاماردانی ئەو دوژمنانەیە کە پەلاماری کورد دەدەن و سەر و ماڵ و ناموسی کورد، بەناوی بەرگریکردن و پیادەکردنی ئیسلامەوە، حەڵاڵکردوە.
هەرچۆنێک سەیریبکەین ئەم شیعرە توڕەبوونی گەنجێکی وڵاتی ئێمەیە لەم خراپ بەکارهێنان و ترسناکەی دین بۆ رەوایەتیدان بە کوشتن و بڕین و ئەنفالکردن. هاوکات شیعرەکە دەنگ و پەنابردنی ئیماندارێکی گەنج بۆ خودا بەرجەستەدەکات، لە خودا دەپاڕێتەوە هاریکاری کوردان بکات و ئەو دەرد و ژانەیان لەکۆڵ بکاتەوە کە دیکتاتۆرە «قەشمەرە»کان بەسەریاندا سەپاندوە. ئەو دیکتاتۆرانەی ئیسلام وەک خەنجەرێک بۆ لێدانی کوردان بەکاردەهێنن.
لە جەوهەردا شەرفرۆشثنی چەند گروپێکی ئیسلامیی و ژمارەیەک لە بکەرە دینییە داخراو و نیازخراپەکان بەم خانمە و بەم شیعرە، شەڕفرۆشتنە بەو بزوتنەوە و رۆحەیەتە تازەیەی لە دوای پەلاماردانی کوردانی رۆژئاواوە، هاتۆتەکایەوە. بزوتنەوەیەک لەیککاتدا دەسکارییەکەی گەوەری ماناکانی کوردبوون و نیشتیمان و نەتەوە و ئیمانی دینیی، کردوە. دەسکارییەک بەرەو دروستکردنی مرۆڤێکی باشتر و ئینسانیتر و بەرپرسیارتر.

PM:12:10:30/01/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی