ڕه‌شنووسی یاسای (ڕزگاركردنی كورده‌كان)ی سیناتۆر گراهام و ناشتنی تۆوی هه‌رێمی كوردستانی ڕۆژاوا
ئالان عەتوف
سی و پێنج ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، ڕژێمی دیكتاتۆری سه‌دام خه‌ریك بوو دووباره كورد له عێراق كۆمه‌ڵكوژ بكاته‌وه كه پێشتر له كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالدا كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی دژی كورد گه‌یانده لوتكه. دوای تێكشكانی عێراق له جه‌نگی داگیركردنی كوێت و كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی، رژێمی به‌عس ئه‌وكات له هه‌وڵدا بوو دووباره له ڕێی كوشتن و بڕینه‌وه ناوخۆی عێراق تۆكمه بكاته‌وه و ته‌واو ده‌ستبگرێته‌وه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی باشووریشدا كه له ڕاپه‌ڕینه‌كانی ١٩٩١ دا له ده‌ستی دابوو. له ترسی ئه‌و ڕژێمه خوێنڕێژه خۆیان، نزیكه‌ی سێ ملیۆن هاووڵاتی كوردی عێڕاق ئاواره بوون و هه‌موویان خۆیان گه‌یانده سنووره‌كانی ئێران و عێراق و كاره‌ساتی كۆڕه‌وه‌كه‌ی لێ كه‌وته‌وه كه نه‌وه‌یه‌ك له یاده‌وه‌ریاندا ماوه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه، رۆژی ٥ ی نیسانی ١٩٩١، ئه‌نجومه‌نی ئاساییشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UN) به ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا بڕیاری (٦٨٨)یان ده‌ركرد بۆ سه‌پاندنی ناوچه‌ی (دژه-فڕین) له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م بڕیاره ئیدانه‌ی سه‌ركوتكردنی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی عێراقی، له‌ناویشاندا كورد، كرد و داوای له رژێمی ئه‌وكاته‌ی عێراق كرد كۆتایی به داپڵۆسین بهێنێت و فڕینی فڕۆكه‌ی جه‌نگی و بۆمبارانی دژی هه‌رێمی كوردستانی له ڕژێمی سه‌دام قه‌ده‌غه كرد. هه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ش بوو كوردستانی باشووری له ژرێمی سه‌دام پاراست و بووه هه‌وێنی هه‌رێمێكی ده‌ستووری به‌هێز له دوای ڕووخانی ڕژێم له ٢٠٠٣دا.
بڕیاری ناوچه‌ی دژه فڕینی ١٩٩١، تویته‌كه‌ی ئه‌م به‌یانیه‌ی سیناتۆری ئه‌مریكا لینزی گراهام و سیاقه مێژووییه هاوشێوه‌یه‌كه‌ی كوردستانی باشوور و ڕۆژاوای بیر هێنامه‌وه كه هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی كوردستان له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی دووژمنه‌كاندا بوون و هه‌ن. زمانی تویته‌كه‌ی لینزی گراهام سه‌باره‌ت به ناساندنی ڕه‌شنووسی یاسای (ڕزگاركردنی كورده‌كان) له‌وانه‌یه به ناوه‌ڕۆك له بڕیاری (٦٨٨) هێند جیاواز نه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چ بڕیاری ٦٨٨ و چ تویته‌كه‌ی گراهام داوای پاراستنی كورده‌كان ده‌كه‌ن له دوو هه‌رێمی جیاواز كه هه‌ردووكیان دۆستی خۆرئاوا و ئه‌مریكان. له ده‌ره‌نجامدا زمانی تویته‌كه‌ی - كه هه‌وێنی پرۆژه یاساكه‌ی ده‌بێت بۆ ڕزگاركردنی كوردی ڕۆژاوا - هه‌ندێك گاره‌نتی تێدایه كه پاراستنی هه‌رێمی كوردستانی ڕۆژاوا ده‌چه‌سپێنێت. بڕوانه زمانی تویته‌كه: (پرۆژه یاسایه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌م بۆ سەپاندنی سزای پەکخه‌ر بەسەر هەر حکومەتێک یان گروپێکدا کە سه‌رقاڵن به دوژمنایه‌تییه‌وه دژ بە کورد. من باوەڕم وایە پشتگیرییەکی بەهێزی هه‌ردوو پارته‌كه به‌ده‌ست ده‌هێنێت و دەبێت هێند ددانی هەبێت بكه کاریگەر بێت.)
ئه‌گه‌ر زمانی بڕیاری سه‌پاندنی (ناوچه‌ی دژه فڕین له هه‌رێمی كوردستان له ١٩٩١)دا بریتی بووبێت له‌وه‌ی كه ڕژێمی سه‌دام چی دی بۆی نه‌بێت به فڕۆكه بۆمبارانی هه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌وا زمانی تویته‌كه‌ی گراهام ئاماژه ده‌دات به (سه‌پاندنی سزای په‌كخه‌ر بۆ سه‌ر هه‌ر حكومه‌تێك یان گروپێك كه دژی كوردن) كه تا ڕادده‌یه‌ك هه‌مان حوكم و هێزی بڕیاره‌یه‌كه‌ی ناوچه‌ی دژه فڕینی هه‌یه. ئه‌وه‌ی له‌بارتریشه بۆ كوردانی سووریا ئه‌وه‌یه كه پێویست ناكات وه‌ك كوردانی باشوور له ١٩٩١ ه‌وه تا ٢٠٠٣ چاوه‌ڕێ بن بۆ ئه‌وه‌ی ڕژێمه مه‌ركه‌زییه‌كه بگۆڕدرێت، به‌ڵكو ڕژێمه مه‌ركه‌زییه‌كه له له حاڵه‌تی ئه‌واندا (واته ڕژێمی ئه‌سه‌د) چه‌ند ساڵێكه گۆڕدراوه و ووڵاته‌كه و ناوچه‌كه له دووباره دروستبوونه‌وه‌دایه. بۆیه كورتبڕییه‌ك له ڕووی زه‌مه‌نییه‌وه بۆ كوردانی ڕۆژاوا دروستبووه. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی ده‌رفه‌تێك ده‌بێت كه پێویسته سیاسیه‌كانی كورد به دیبلۆماسیه‌تێكی ژیرانه و تاكتیكی سه‌ربازی و به نه‌فه‌سێكی درێژه‌وه بیقۆزنه‌وه سه‌رباری فشاره‌كانی لایه‌نی ته‌نفیزی ئه‌مریكا. ئه‌مه ده‌رفه‌ته چونكه هێشتا له‌تێكی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكی (كه گۆنگرێسه) خه‌ریكه دووباره به‌لای كورددا ده‌یشكێنتیێته‌وه هه‌رچه‌نده له‌ته ته‌شریعیه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكاش و له چاو ئیداره‌ی ته‌نفیزی ئه‌مریكادا له‌وانه‌یه هێواش تر بێت.
ئه‌گه‌ر (یاسای ڕزگاركردنی كورده‌كان) له‌ناو كۆنگرێیس تێپه‌ڕێت، ته‌نها كاریگه‌ری كورت مه‌ودای نابێت بۆ وه‌ستاندنی دوژمنایه‌یتی سوپاكه‌ی شه‌رع و فشاره‌كانی توركیا و سعودیه و قه‌ته‌ر به‌ڵكو له دوور مه‌ودادا ده‌توانێت ببێته به‌رده‌بازێك بۆ كوردانی ڕۆژاوا بۆ دروستكردنی هه‌رێمێكی ده‌ستووری بۆ خۆیان. ئه‌وه‌ی گرنگه بیكه‌ن یارییه‌كی درێژ خایه‌نه له‌گه‌ڵ دیمه‌شقدا و به ئاسانی مل نه‌یه‌ن كه تا ئێستا نه‌یانداوه. هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕ هه‌میشه له قازانجی كوردستاندا بووه چونكه دۆستی كوردیش یه‌كجار زۆر بووه له جیهاندا. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كردنه‌وه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕه له‌گه‌ڵ دوژمنێكدا ده‌بێت كه له توندڕه‌وی داعشی و هێزی ئیسلامگه‌رای توندڕه‌ودا خۆی ده‌بینێته‌وه. بۆیه گه‌ر ئه‌م هێزه تیرۆریسته به‌شێوه‌یه‌كی كاتیش پشتگیری هه‌ندێ ووڵاتی هه‌بێت، دواجار دۆسته‌كانی كورد زۆرترن چونكه جه‌نگێك ده‌كه‌ن كه جه‌نگی دژایه‌تیكردنی ئه‌وپه‌ڕی جۆره‌كانی دڕه‌نده‌ییه دژ به مرۆڤ. بۆیه ئه‌گه‌ره‌كانی كردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌پێناو ملنه‌داندا و له‌مه‌ودای كورتدا به‌سوود بۆ ڕۆژاڤا ده‌شكێته‌وه.
ئه‌و یارییه سه‌ركه‌وتوانه‌ی كه هه‌رێمی كوردستانی باشوور كردی نموونه‌ی باشن بۆ ڕۆژاوا. كوردستان باشوور گێچه‌ڵی زۆر پێكرا له‌لایه‌ن هه‌موو دراوسێكانه‌وه تا ڕادده‌ی ئه‌وه‌ی كه په‌لكێشكرایه ناو شه‌ڕه ناوخۆییه‌كانه‌وه. زۆرجارانیش هێرشی ڕاسته‌وخۆی له‌لایه‌ن ئێران و توركیاوه كرایه سه‌ر. به‌ڵام به‌هۆی ملنه‌دانی كوردی باشووره‌وه، دواجار پشتگیری و پاراستنی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێناو و بووه هه‌رێمێكی ده‌ستووری كه توركیا و ئێران و ووڵاتانی تر ئێستا به خۆشحاڵیه‌وه بازرگانی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و كونسڵخانه‌ی زۆربه‌ی ووڵاتانی تێدا كراوه‌ته‌وه.
هێشتا له‌وانه‌یه زوو بێت، به‌ڵام ئه‌م سیناریۆیه‌یه هیچ دوور نییه له‌وه‌ی له ڕۆژاواش دووباره ببێته‌وه ئه‌گه‌ر یاساكه‌ی گراهام تێپه‌ڕێت و سه‌ركردایه‌تی سیاسی ڕۆژاوا ژیرانه له ڕووی دیبلۆماسی و سه‌ربازییه‌وه هه‌ڵسو كه‌وت بكه‌ن و بزانن وه‌به‌رهێنان له پارێزگارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك یاساكانی كۆنگرێسدا بكه‌ن.
بۆیه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ڕووداواكانی ناوچه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ڕۆژاواش ده‌بێت یاری به گێجی داواكارییه‌كانی بكات. له‌وانه‌یه له ساتێك‌دا له‌وانه‌یه زۆر پێویست بێت گێجی داواكارییه‌كانی له (زامنكردنی مافی كلتووری و زمانه‌وانییه‌وه) بگۆڕێت بۆ (زامنكردنی هه‌رێمی كوردستانی سووریا) پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا تێپه‌ڕێنرێت. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌یه‌كی كورت و بێ تاسه نییه، به‌ڵام به ڕای من ده‌بێت لانی زۆر كه‌م (هه‌رێمی كوردستانی ڕۆژاوا) ئامانجه دووره‌كه بێت.
#kurdistan #NoFlyZone #Rojava #USCongress
PM:09:03:27/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 68
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی