کورد و قۆناغی پۆست داعش
ئاریان فەرەج
ئەوەی ڕوودەدات، دەرکەوتەکانی قۆناغی پۆست داعشە کە وا خەریکە پێ دەنێینە ناوی. ڕاستە لە میدیا و ئەدەبیاتی سیاسیی‌دا دەممان لەسەر باسکردنی داعش وەک مەترسی و هەڕەشەیەکی بەردەوام ڕاهاتووە و به‌رژه‌وه‌نديشمان له‌وه‌دايه داعش وه‌ك هه‌ڕه‌شه مابێت تا جيهان له هاوپه‌يمانيى كورد بێ منه‌ت نه‌بێ، ، بەڵام ئاماژەکانی پاشەکشە و كه‌مبوونه‌وه، ئەگەر نەڵێین ڕەوانەوەی ئەو هەڕەشەیە (بە تایبەت بۆ سەر ئەمن و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا)، هەروا دێ و ڕوونتر دەردەکەون.
ئیدارەی ئێستای ئەمریکا جیاواز لە پێش خۆی و جیاواز لە ئەورووپاييه‌كانيش، هێندەی داعش وەک مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە مادییەکانی دەبینێت، هێندە وەک هەڕەشەیەکی بێ‌ئامان بۆ سەر بەها ئەخلاقییەکان و شارستانییەتی مرۆڤایەتی نایبینێت کە پێویست بکات هەتاهەتايه شەڕی مان و نەمانی لەگەڵ بکات، بۆيه‌ش پێيوايه دەکرێ بە ڕێکاری دیکەی ناسەربازیش ئه‌و هەڕەشەيه بڕەوێنرێتەوە یان ئاڕاستەی پێ بگۆڕدرێت، لە لایەکی دیکەشەوە، ئاڵنگارییە پەرەسەندووەکانی وەک (پەلهاویشتنی چین و سەرهەڵدانه‌وه و سه‌ره‌له‌قه‌ى ڕووسیا و ملنەدانی ئێران) بە ئەندازەیەک هاتوونەتە ڕۆژەڤەوە کە ئەولەوییەتیان به ئەمریکا گۆڕیوە و داعشیان کردووەتە بابەتێکی لاوەکی.
ئاماژەکانی قۆناغی پۆست داعش زۆرن، ڕەنگە ئەمانەی خوارەوە هەندێکیان بن:
•بێ‌منەتى له هه‌مبه‌ر هێزەکانی هەسەدە نەک هەر جاڕدانى کۆتایی شەڕی داعشه، بەڵکو تا ئەندازەیەکی زۆر جاڕدانى کۆتایی ئەگەری سەرهەڵدانەوەشيه‌تى.
•گۆڕینەوەی هاوپەیمانیی هەسەدە لە لایەن ئەمریکاوە بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتێکی جیهادیی سەلەفی لە سووریا کە هەم بە ئایدۆلۆژیا و هەم بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتیش ئامۆزای داعشه، گۆڕانكارييه‌كى هزريى زۆر جدييه.
• پشتيوانيى به‌هێز له ئەحمەد شەرع و شه‌يبانيى خاوەن پاشخانی جیهادی، بە بەڵێنی ئەوەی بتوانێ کۆی سەلەفییەتی جیهادی بە پاشماوەکانی داعشیشەوە ئیحتیوا بکات و بگەرێنێتەوە بەرەی ئەمریکا و ئەو سەردەمەی بە پشتیوانیی ڕۆژئاوا لە دژی پەلهاویشتنی سۆڤیەت و کۆمۆنیزم دەجەنگان. گره‌وێكى پراگماتيانه‌يه كه زۆر هاوكێشه ده‌گۆڕێت.
•دەستهەڵگرتنی سەلەفییەتی جیهادی لە دوژمنایەتیی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ڕووکردنە ئاشتەوایی لەگەڵ ئیسرائیل؛ نەک هەر ئاشتەوایی، بەڵکو هاوسەنگەرییش لەگەڵيدا لە بەرامبەر دوژمنی هاوبەش کە پێیان وایە ئێران و شیعەیە! ئاماژه‌يه‌كى به‌هێزى ئاڕاسته‌گۆڕينى سه‌له‌فيه‌تى جيهادييه به داعشيشه‌وه.
•بێ باكيى ئه‌مريكا له دژایەتی و لێدان و لاوازکردنى ئێران و بگره ئه‌گه‌رى روخاندنيشى؛ ئەو ئێرانەی یەک لە سەنگەرە قایمەکانی دژ بە داعش بوو، ئاماژه‌يه‌كى ديكه‌ى بێ منه‌تبوونه له مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى داعش.
•ئاڕاستەگۆڕینی ئەمریکا لە پشتیگیریکردنی هێزە نادەوڵەت و لۆکاڵییەکانەوە کە لە شەڕی داعشدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان بینی، بەرەو مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتە مەرکەزییەکان تا بتوانێت لە ڕێگەی ئەوانەوە ڕووبەڕووی هەژموونی چین، ڕووسیا و ئێران ببێتەوە. بێ‌منەتبوون لە هێزە ناوخۆییەکان و دەستدانەوە باڵی حکومەتە ناوەندییەکان و پشتیگریی مەرکەزییەت و پشتکردنە فیدرالیزم و نامەرکەزییەت وەک لە سووریا ڕوودەدات، ئاماژەیەکی دیکەی کۆتایی داعش و دەسپێکی قۆناغی پۆست داعشە.
ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاماژانه‌ى سه‌ره‌وه جددى بن، ئه‌گه‌ر پشتگیریی ئەمریکا بۆ کورد، وه‌ك له سياسه‌تدا باو و چاوه‌ڕوانكراوه گرێدراوی بەرژەوەندیی کورتخایەن و تاکتیکی ڕۆژ بێت و قابيلى كز بوون بێت؛ ئەگەر له‌گه‌ڵ ره‌وينه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى داعش و سه‌له‌فيه‌تى جيهاديدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژه داعشيش دواجار بڵاوه‌ى لێ بكه‌ن و ئيشيان به كه‌س نه‌مێنێ، ئەگەر ئه‌وله‌ويه‌ت له شه‌ڕى داعشه‌وه گۆڕابێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه نوێيه‌كان له ڕێى بەهێزکردنەوەی دەوڵەتە ناوەندییەکان لەسەر حیسابی هاوپه‌يمانانى دوێنێ؛ پرسيار ئه‌وه‌يه: ده‌بێ كورد وه‌ك لايه‌نێكى په‌يوه‌نددار به‌و پێشهاتانه چ بكات و چ رێيه‌ك بگرێته‌به‌ر.
له ڕاستيدا كورد ده‌بێت دوور له شۆك و سه‌رسڕمان و ده‌سته‌وه‌ستان و چاوەڕێ كردنى قەدەر، عه‌قڵمه‌ندانه هاوكێشه نوێيه‌كان بخوێنێته‌وه و چى پێويسته بۆ مان و به‌رده‌واميى خۆى، ئه‌وه بكات:
- به‌رله هه‌مو شتێك و سەرباری هەموو تێبینییەکان، نابێت کورد سوك و ئاسان تەسلیمی ئەو باوەڕە بێت کە ئەمریکا پشتی تێ کردووە. کورد دەبێت سه‌ربارى گۆڕ‌انى ڕێساكانى گه‌مه‌كه، ده‌ست به‌و دۆسته‌وه بگرێت كه له هه‌موو كات زياتر پێویستی پێيه‌تى، چونکە نه‌مانى ئه‌و دۆستايه‌تييه زيانه‌كه‌ى بۆ كورد هەزاران هێندەی ئه‌و حه‌راجه‌ته‌يه کە ڕه‌نگه بۆ سیاسەتی ئەمریکا دروست بێت. ئه‌و دۆسته‌ى ده‌يان ساڵه هاوكارى كورد ده‌كات و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ وێستگه‌شدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندي ئێمه له خۆمان په‌رۆشتر بووه، هه‌ر بۆنموونه له پرسى يه‌كخستنى پيشمه‌رگه‌دا كه دەبوا ئێمە په‌رۆش بووينايه و به پێداگیرییەوە داواى هاوكارى له‌وان بكه‌ين، كه‌چى ئه‌وان گه‌رمتر بوون و دواجاريش خەمساردی و ناسازانی ئێمە، ئه‌وانيشى سارد کردەوە.
- پێویستە بە ژیرییەوە مامەڵە لەگەڵ جوگرافیای نه‌گۆڕى ناوچەکە و گەلانی هاوژیانمان (عەرەب، تورک و فارس) بکەین. دەبێت له هه‌ركات زياتر په‌رۆشى پته‌وكردنى بناغەی هاوژیانيى ستراتیژی بين له‌گه‌ڵيان. گرتنه‌به‌رى ريگه‌ى ژيرانه‌ى چارەسەرکردنی ئاشتييانه‌ى کێشەکانمان له‌گه‌ڵ ئه‌و سێ نه‌ته‌وه‌يه‌ى سه‌به‌بكارى سه‌ره‌كيى دابه‌شبوونى كورد نه‌بوون، لە چوارچێوە و له پايته‌ختى هه‌ر چوار ووڵاتدا و بێ ته‌ره‌فى سێهه‌م، ده‌بێ بژارده‌ى ستراتيجيمان بێت. پێویستە دەست بە دەستکەوتەکانمانەوە بگرین و به كه‌ميان نه‌زانين. كوردى عێراق ده‌بێ بەغدا (بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە) وەک قووڵايی ستراتیژی ئەم پارچەیەی کوردستان ببينێ كه پشتیوانه بۆ پارچەکانی دیکەش.
- ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕی تایەفی (شیعە و سوننە) كه ئه‌مجاره هه‌ندێك به شه‌ڕى( عێراق و سوريا) ناوى ده‌به‌ن، لە ئارادایە. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، دەسەڵاتی سوننەی دیمەشق کوردی سوریا بە نەیار دەبینێت، بەڵام کوردی عێراق بە براى هاومه‌زهه‌ب، لە بەرانبەریشدا، گرووپگه‌لێكى شیعەی عێراق کە مووچە به كوردى عێراق ره‌وا نابينن، فرمێسک بۆ کوردی سوریا دەڕێژن. کورد دەبێت لەم شەڕە مەزهەبییە بێهوودەیە بەدوور بێت. نە مێژووی تاڵى پڕ لە ئەنفالی له‌گه‌ڵ سوننە و نە هاوخەباتیی دێرین لەگەڵ شیعە، نه‌كاته سۆنگه و پێوەر بۆ لایەنگیرى.
- ئەرکی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە کە نەک هەر ڕێکبکەون، بەڵکو باڵاترین فۆرمی پێکەوەبوون پیادە بکەن. پێویستە لە ئاستی ئەو هۆشیارییە نەتەوەییەدا بن کە خەڵکی کوردستان نیشانیان داوە. ئەگەر لەسەر ئاستی بڕیار و هەڵوێست و ئامانج نەبینە یەکدەست، ئەوا سبه‌ى ڕۆژ گریان و سکاڵا لە "بەختی ڕەش" و "دۆستی بێوەفا" لە بازاڕی بێڕەحمی سیاسەتدا، هیچ کڕیارێکی نابێت.
PM:01:57:27/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 408
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی