کاتێک منبەر سنووری خۆی تێدەپەڕێنێت

‌ لوقمان مصطفی صالح

خوتبەی نوێژی هەینی یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی ڕێنمایی ئاینی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای موسڵماندا. منبەر لە بنچینەدا دەبێت شوێنێك بێت بۆ ئاراستەکردنی خوو ڕەوشتی جوان، هێنانە پێشەوەی هوشیاری گشتی و بەهێزکردنی یەکگرتوویی تاكەكانی كۆمەڵگا. 

بەڵام کاتێک ئەم پێگەیە لە سنووری خۆی دەرچوو، دەتوانێت ببێتە هۆکاری کێشە و ناكۆكییە کۆمەڵایەتییەکان،پاشانیش سەرپێچی كارانیش ڕوبەڕوی یاسا دەكرێنەوە.

لە دوای ئەو خوتبەیانەی لە مزگەوتی بەختەوەری لە سلێمانی و مزگەوتێک لە کەلار پێشکەش کران، کە بە پێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان تێیدا وتاری توند دژی شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو، ناڕەزایی نوێژ خوێنانی لێكەوتەوە،سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژەیان دا کە هەردوو مامۆستا ئاینیەکە دەسگیر کراون. دەسگیرکردنەکە بە پێی مادە ٢٤٠ لە یاسای سزا‌دانی عێراقی ئەنجام دراوە؛ مادەیەک کە پەیوەندی بە سەرپێچیكردنی مەرجەكانی وەزارەتی ئەوقاف و وتار و کردارەکان هەیە کە دەتوانن ببنە هۆکاری تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، توندکردنەوەی ناکۆکی و تێکدانی ئارامی گشتی.

ئەم گۆڕانکارییە، منبەر لە سنووری وتاری ئاینی بۆ سنووری لێپرسینەوەی یاسایی دەهێنێتە ناو، و پرسیارێکی گرنگ دێنێتە پێشەوە: ئایا خوتبە تا کوێ دەتوانێت ئازاد بێت، و لە کوێدا یاسا دەستێوەردان دەکات؟

لە ڕوانگەی فەرمییەوە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە هەرێمی کوردستان بە ڕوونی مەرجەکان بۆ خوتبەدان داناوە: قەدەغەی سیاسی‌کردنی منبەر، دووربوون لە هێرش و تۆقاندن، و پابەندی بە ناوەڕۆکی ئاینی–ئەخلاقی کە ئارامی کۆمەڵگا پارێزراو بێت. ئەگەر وتاری خوتبە لەم سنوورانە دەرچوو، ئەوە تەنها پێشێلکاری ڕێنمایی ئاینی نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بابەتی لێپرسینەوەی یاسایی.
دەسگیرکردنی مامۆستا ئاینیەکان ــ هەرچەندە زووە بۆ دەرچوونی حوکمی دادگا لە ئێستادا، چونكە هێشتا لەسەرەتای لە لێكۆڵینەوەدان لە بەردەم دادوەری  دادگای لێكۆڵینەوەدا ــ ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە لەوەی کە منبەر، وەک هەر شوێنێکی گشتی تر، لە ژێر سنووری یاسا دایە. ئەمەش هۆشیارییەکە بۆ هەموو خەتیبان: وشە لەسەر منبەر تەنها وتار نییە، کاریگەری و ئەنجام و لێكەوتەی یاسایی هەیە.

کۆتایی ئەوەیە کە پاراستنی پیرۆزی منبەر، بە مانای دوورکردنەوەی لە شەڕی سیاسی و وتاری توندە. ئەگەر منبەر ببێتە ئامرازێک بۆ دژایەتی‌کردن و سوكایەتی كردن بە بەتایبەت براو هاوزوبانی خۆت، ئەو زیانە تەنها ئاینی نییە؛ کۆمەڵایەتی و یاساییشە. نێوان ئازادی خوتبە و سنووری یاسا، هێڵێکی باریک هەیە، و ئەم ڕووداوە دووبارە ئەو هێڵە دەهێنێتە پێشەوە.

بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئاینی كە ئەركی ڕەوشتی كۆمەڵایەتیان لەسەر شانە وورتر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكاندابكەن، پێویستە شوێن پێی پێشەوا قازی محەمەدی نەمر هەڵگرن، لەگەڵ مەینەتی و مافی میللەتەكەیانبن دژ بە دوژمنانی كورد و كوردستان.


PM:09:26:16/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی