تیرۆری پیرۆز، کاتێک کوشتن و بەکارهێنانی توند و تیژی، دەبێتە جۆرێک لە بە جێگەیاندنی فەریزەت، لای بەشێک لە باوەڕداران
د. ئەمیر حسێن
تیرۆر لە بۆشایدا سەرهەڵنادات ، بەڵکو لەسەر زەمینەیەکی پتەوی باوەڕداری و بیرکردنەوەی عەقائیدی گەشەو نەشونوما دەکات ، هەر بۆیە ناکرێ لە کردەیەکی پۆلیسی داماڵراودا کورتی بکەینەوە ، بەڵکو لە ژینگەیەکی هزری و ڕۆشنبیری دیاریکراودا گەشەدەکات ، ئەم ژینگەیە پێش ئەوەی ئامرازەکانی تیرۆری بخاتە بەر دەست ، تێگەیشتن و ڕەوایەتی بۆ دابین دەکات ، توندوتیژی ناچێتە ناو چەمکی تیرۆرەوە ، تەنها ئەوکاتە نەبێت کە پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە ، وە باشترین پاساو بۆ داپۆشینی تیرۆر، بە بەرداکردنی بەرگێکی ئاینیە ، وە وێناکردنیەتی وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقی ، لێرەوە ئیتر لە ئاستی تاوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاستی پابەندی بە ئەنجامدانی جۆرێک لە فەریزەت بۆ ئیمانداران ، لە چوارچێوەی ئەم کۆنتێکستەدا تیرۆر دەرچون و لادان نیە لە سیستەمی باو ، بەڵکو دەرئەنجامێکی سروشتی سیستەمێکی باوی بیرکردنەوەیە ، وەکو فۆکۆ دەڵێت : دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی ستەمەوە پەیڕەو لە باڵادەستی خۆی ناکات ، بەڵکو بە بەرهەمهێنان و داتاشینی مانای نوێ ، بۆ چەمکەکان خۆی دەسەپێنێ . کاتێک واتای پیرۆزی بۆ توندوتیژی بەرهەم دەهێنرێت ، ئیتر کوشتن دەبێتە جێ بەجێ کردنی ئەرکێکی شەرعی ، تاوانبارەکەش دەبێتە گوێڕایەڵێکی باوەڕدار لەناو سیستەمێکی ڕەمزی فراوانتردا ، بکوژ خۆی وەک ڕاسپێردراو ، یان هەڵگری پەیام دەبینێ نەک تاوانبار.
مەترسی گەورەی تیرۆری بناژۆخواز( ئوسولی) ، لەوەدایە کە نەک تەنها جەستە بەڵکو خودی عەقڵ و بیرکردنەوە دەکاتە ئامانج . کاتێک بیرکردنەوە دەبێتە دۆگمایەکی داخراو، ئیتر ڕەخنەگرتنی لێ دەبێتە دەستدرێژی کردنە سەر ناسنامە ، بۆیە لە هەمو بۆچونێکی دەرەوەی سیستەمەکە دەسڵەمێتەوە ، تەنانەت وەک خائین سەیری ئەوانیتر دەکات ، پرسیارکردن دەبێتە هەڕەشەی وجودی بۆ سەر بوونی گروپەکە ، لێرەوە ئیتر دەق ئۆبژێکتی تێگەیشتن نییە بە تەنها ، بەڵکو دەبێتە خودی سەبژێکت بە دەسەڵاتی بێدوایەکی ڕەهاوە ، ئیمانیش دەبێتە تەنها ملکەچی و گوێڕایەڵی ، نەک باوەڕهێنان وەک دەرئەنجامی تێگەیشتن و بیرکردنەوە ، یان پە یوەندیەکی ڕوحی لە نێوان عەبد و خودای خۆیدا .
ڕژێمە تۆتالیتارییەکان ( ئایینی و تەنانەت سیاسییەکان ) ، دەرکیان بەو ڕاستیە کردووە ، ترس کاریگەرترین ئامرازە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا . کاتێکیش ترس پیرۆز دەکرێت ، ئیترهێندەی تر پایەکانی ستەم بە ئەستوری دادەکوتێ . ئەمەش نەک تەنها « هاوڵاتییەکی ترسنۆک » ، بەڵکو « باوەڕدارێکی ترسناک » بەرهەم دەهێنێت ، وەک فەرمانێکی ئاسمانی پیرۆز بەرگری لە سیستەمەکەی دەکات ، ئەگەرچی باش دەزانێ ستەمکارە ، وەک نیچە ئاماژەی پێکردووە ، مەترسیدارترین شێوەی ستەمکاری ئەوەیە کە مرۆڤەکان والێدەکات ، لەبری نیگەرانی و هەڵچون و کاردانەوە ، هەمیشە هەست بە تاوانباری بکەن.
تیرۆری پیرۆز، بەو واتایەی ، جۆرێکە لە پێشاندانی ڕووخساری تیۆلۆژیانەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی ، وەک هانا ئارێنت ئاماژەی پێدەکات ، زۆر تەباو تەریبە لەگەڵ لۆژیکی ( خراپەکاری بێبایەخ )، واتا مەرج نیە ئەنجامدانی توندوتیژی پێویستی بە ئەهریمەنێکی باڵا دەستی ناوازە بێت ، وەکو لە خەیاڵدانی هەر یەکێکماندا خۆی وێنا دەکات ، بەڵکو تەنها ئامادەیی کەسانی ئاسایی بەسە ، بەمەرجێک دەستبەرداری ڕەهەندی بیرکردنەوە بێت و ملکەچی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەبێت ، وەک ڕاستی ڕەها دەخرێتە ئەستۆی.
لەم ڕوانگەیەوە ، تەنها چارەسەری پۆلیسی ، هەرچەندە لە قۆناغێکدا پێویست بێت ، بەڵام بە تەنها بەس نییە . چونکە تیرۆر تەنیا کردەوەیەک نییە بتوانرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێز بنبڕ بکرێت ، بەڵکو سیستەمێکی فیکری کەڵەکەبووە ، وزە و بەردەوامبوونی خۆی لە دەق و لێکدانەوە مێژوییەکانەوە وەردەگرێت ، کە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاون بۆ ناسنامە و مانایەکی وجودی وەک شوناسی ئەم گروپانە . تا ئەو مانایە بەردەوام بێت ، واتا کوشتن بە ناوی جیهاد پیرۆزبێ ، توندوتیژی دژی نەیاران وەزیفەیەکی ئەخلاقی بێ ، تاوان بە پاساوی بێباوەڕی فەریزەی عەقیدە بێت ، ئەم پرسە بە کراوەیی دەمێنێتەوە ، کردەوەکە واتا ( تیرۆر) هەمیشە ئەو کەسانە دەدۆزێتەوە کە دوبارە بەرهەمی دەهێننەوە.
ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە تیرۆرە ( تیرۆری پیرۆز ) ، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە سیمبولیە عەقائیدیەیە شەرعییەتی پێدەدات ، لە ڕێگەی پەروەردە و گەڕاندنەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و عەقڵانی ، کردنەوەی فەزای کولتووری بۆ ئەوەی ڕێگە بە گفتوگۆی ئازاد بدات ، بەبێ ئەوەی پرسیارکردن یان جیاوازی بیرکردنەوە و فرەیی ، بە نەریتی شەیتان و تاوان بزانێت . وەک سپینۆزا جەختی لەسەر کردۆتەوە ، هێزی ترس تەنیا ئەو کاتە لاواز دەبێت ئازادی بیرکردنەوەی جیاواز بۆ هەر تاکێک دەستەبەر بکرێ.
تیرۆر بە نەهێشتنی تیرۆریستانی تاوانکار کۆتایی نایەت ، بەڵکو بە لێستاندنەوەی مافی زەوتکردنی ماناکانی کردەوەی توندوتیژی ، داماڵینی چەمکی کوشتن لە پیرۆزی ، گێڕانەوەی پرسی تاوان ، بۆ شوێنی شایستەی خۆی ، لە کایەی ئیماندا بەگشتی ، نەک بە تەنها لە کایەی سیاسەت و دەسەڵاتداریدا ، دەکرێ بڵێین سەرەتای کۆتای تیرۆر فەراهەم دەبێت . چونکە تیرۆر کردەوەیە ، کردەوەش لە هەناوی بیرکردنەوەدا چاو دەکاتەوە ، کاتێک ئەو فۆڕمە لە بیرکردنەوە وزەی بەردەوامی لە پیرۆزکردن وەردەگرێ ، ئەوا تەنیا بەکارهێنانی هێز بەبێ زانست و پەروەردە و برەودان بە بیرکردنەوەی عەقڵانی ، لە گەڵیدا بوێری بۆ دووبارە دەستبردنەوە ، لە پێناو ڕاڤەکردن و لێکۆڵینەوەی نوێ ، لە بیروباوەڕە مێژوییە چەسپاوەکان ، بە دڵنیایی کاریگەری ئەوتۆی نابێت.
تا ئێستا ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر ، لە تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتەنها ئەرکی دامو دەزگا پۆلیسیەکانە . ئەمەش دەرفەتی بەردەوام دەڕەخسێنێ بۆ سەرهەڵدانەوەی گروپی جۆراو جۆری تیرۆر، لە فۆڕمی جیاجیا و قۆناغی جیاجیادا ، ئەگەرچی هەمویان دواجار ، لە یەک سەرچاوەی بیرکردنەوە ڕەوایەتی وەردەگرن ، بۆیە باشترە سەرچاوەکەیان بە ئامانج بگیرێ ، بەپێی نەخشە ڕێگایەکی پەروەردەی و ڕۆشنبیری نیشتیمانی ، هەوڵ بۆ وشک کردنی بدرێت ، بەڵام بەداخەوە تائێستا لەم بوارەدا هەنگاوی پێویست بەگەڕ نەخراوە . ئەم خەمساردیە وادەکات ، لە هەر بۆنەو قەیران و کارەساتێکدا ، تیرۆرستان لە ناوخۆو دەرەوە ، زۆر بێشەرمانە ، چاو لە گەلەکەمان و خەون و هیواکانی سور بکەنەوە.
PM:12:58:13/01/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی