وه‌ك خێزان و وه‌ك تاكی كورد، چی بكه‌ین؟
ئالان عەتوف
پێش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی خواره‌وه: ته‌نها دیمه‌نی ئه‌و كچه بهێنه‌وه پێش چاوی خۆت كه پێرێ له بینایه‌كی به‌رزه‌وه چه‌كدارانی دوژمن فڕیان دایه خواره‌وه. ئه‌شێ كچی هه‌ر یه‌كێكمان بێت له داهاتوودا.
ڕوونه كه دۆستمان نیه و بڕاوه‌ته‌وه. ئه‌ی خۆ هه‌ر دانیشین تا هه‌موو لایه‌ك لاقه‌مان بكات و كهرامهتان بشكێنێت؟ ئه‌م ڕووداوه ناخۆشانه‌ی چه‌ند ڕۆژی پێشوو بیرهێنه‌ره‌وه بوون كه ئه‌بێت پشت به‌خۆمان ببه‌ستین. چه‌ند رۆژی ڕابردوو بینیمان دووباره كه‌رامه‌تی خۆمان و مناڵه‌كانمان پارێزراو نییه، بینیمان دیله‌كانمان ئه‌كوژرێن و ئه‌وپه‌ڕی سووكایه‌تیان پێ ده‌كرێت، بینیمان مێرمنداڵهكانمان به دیلی به‌ر دهستڕێیژی گوله ئه‌درێ، بینیمان دیله‌كانمان دههبهسترێنهوه به ده‌بابه‌ی دوژمنه‌وه، بیستوومانه ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر ژنانی خێزانه‌كان له رۆژاڤا. ئه‌مانه تازه نین، له ڕابردوودا به‌سه‌ر كورد هاتوون و زه‌مانی نییه دووبار نه‌بنه‌وه. بۆیه زۆر زۆرر به كورتی ئه‌م هه‌نگاوانه بگره به‌ر:
ده‌ست بكه به په‌روه‌رده كردنی خۆت و منداڵه‌كانت و خێزانه‌كه‌ت له ڕووی عه‌قڵییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆتان ڕابێنن بۆ داواكردنی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی، ئه‌مه‌ش واته داواكردنی شوێنێكی سه‌لامه‌ت بۆ خۆت خێزانه‌كه‌ت. ئه‌م شته عه‌یب نییه. ئه‌مه گرنگه تاكو ئاماده بیت بۆ ئه‌م سیناریۆیه له مه‌ودای كورت، مامناوه‌ند یان دووردا. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تداری نامۆ نه‌بێت لای خۆت و خێزانت. ئه‌مه‌ش دیسان هه‌نگاوی تری ئه‌وێت له‌وانه:
١) مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌بوون مه‌به‌سته‌وه به حیزبی بوونه‌وه. ئه‌م ئامانجه له‌سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه. مه‌رج نییه ئه‌مڕۆ ڕوو بدات. ته‌نها خۆت په‌روه‌رده و ئاماده بكه. تێی بگه بۆ گرنگه.
٢) گه‌ر مه‌كته‌به‌كان و سێكته‌ری په‌روه‌رده و حكومه‌تیش له ئێسته‌یا به لاته‌وه خراپن، خۆت ده‌ست بكه به ئاماده‌كردنی مه‌نهه‌جێك (بۆ په‌روه‌رده‌كردنی عه‌قڵی و مرۆڤ‌سازی) بۆ خۆت و منداڵه‌كانت. ئامرازی زۆر هه‌ن و به‌رده‌ستن. له‌وانه سوود وه‌رگرتن له بابهتهكان به ئۆنلاین، داواكردن له هاوڕێی ده‌ره‌وه‌ی ووڵات كه بابه‌تی باشت بۆ بنێرن له‌وانه كتێب، ووتار، ڤدیۆی به‌سوود، فیلم، هتد. كات به فیڕۆ مه‌یه. ووته‌یه‌ك هه‌یه له دونیای خۆراوا ده‌ڵێت: (هه‌موو كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری هه‌یه، مهكڕوزێرهوه له‌سه‌ر كێشه‌كه چونكه كڕوزانه‌وه ئاسانترین شته، بگه‌ڕێ بۆ چاره‌سه‌ر به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر هیلاكی و ڕه‌نجی ئه‌وێ. به‌ڵام هیلاكی و ڕهنجدانیش نه‌تیجه‌ی ده‌بێت). منداڵه‌كانت با له قوتابخانه‌ی ده‌ره‌وه و قوتابخانه‌ی ماڵه‌وه‌ش فێر ببن. منداڵه‌كانت له مه‌كته‌ب ده‌رمه‌هێنه، به‌ڵكو مه‌كته‌بێكی تریان له ماڵه‌وه بۆ بكه‌ره‌وه.
٣) ته‌مه‌ڵی و ته‌وه‌زه‌لی وه‌لاوه بنێ: به‌رنامه‌یه‌ك بۆ ژیانی ڕۆژانه‌ت و مندا ڵهكانت دابنێ. با دونیای كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موو كاته‌كانت نه‌بات. هه‌وڵ به خۆت ڕۆشنبیر بكه و رۆژانه كاتی بۆ ته‌رخان بكه. وه‌ك چۆن ده‌بێت كات ته‌رخان بكه‌یت بۆ بۆ په‌یداكردنی بژێویت، كاتیش ته‌رخان بكه بۆ پێگه‌یاندنی خۆت له‌پێناو پاراستنی كهرامهتتدا له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی داهاتوو. فێر ببه نه‌كه‌ویته ژێر كاریگه‌ری هیچ ئایدیایه‌كه‌وه، به چاوێكی ڕه‌خنه‌ییه له‌هه‌موو تێكست و ئایدیایه‌ك بڕوانه.
٤) بخوێنه‌وه، له‌سه‌ر زۆر شت: له‌سه‌ر هونه‌ری جه‌نگ، هونه‌ری دانوستاندكردن، دیبلۆماسییه‌ت، له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی گه‌لان، له‌سه‌ر فیكر، له‌سه‌ر سیاسه‌ت، له‌سه‌ر ئایینه‌كانی تر، له‌سه‌ر داهێنان، له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی میلله‌تانی تر، له‌سه‌ر چۆنییه‌تی یه‌كسختنی هێزی چه‌كدار، له‌سه‌ر دروستبوونی دادگای سه‌ربه‌خۆ، له‌سه‌ر دانانی بودجه، له‌سه‌ر جۆره‌كانی حوكمڕانی، له‌سه‌ر ده‌ستووره باشه‌كانی دونیا، سه‌یری فیلم بكه، له‌سه‌ر هونه‌ر بخوێنه‌وه. به به‌رنامه‌ی به‌رده‌وام و دووباره ئه‌مانه بكه. ماوه‌یه‌ك تاقی بكه‌ره‌وه. به‌ته‌مای كه‌سی تر و حكومه‌ت و شت مه‌به. خۆت ئیش بكه له خۆتا. گاندی ده‌ڵێت: (خۆت ببه به‌و گۆڕانكارییه‌ی ده‌ته‌وێت له جیهاندا بیبینیت).
ئه‌مه زۆر زۆر به كورتییه به ئامانجی ئه‌وه‌ی تۆش بتوانی ته‌حه‌دای هه‌موو میلله‌تانی تر بكه‌یت، و به ئاسانی نه‌بیت به كۆیله‌یان. تكایه ئه‌م پرۆژه‌یه به‌هێند وه‌رگره بۆ خۆت و خێزانت و هانی هاوڕێ و خزمه‌كانت بده هه‌مان شت بكه‌ن. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌سه‌ر ئاستی خۆته، له سه‌ر ئاستی تاك و یه‌كه‌ی خێزانه، و له‌سه‌روو هه‌موو ئایدیای حیزبی و سیاسییه‌وه. گوێ مه‌یه به كه‌س، با كه‌س په‌شیمانت نه‌كاته‌وه. خۆ ئاماده‌كردن بۆ بیناكردنی كه‌رامه‌ت عه‌یبه نییه، به‌ڵكو یه‌كه‌م هه‌نگاوه بۆ ئه‌وه‌ی فێر ببیت ژێر ده‌ستیی هیچ دو‌ژمنێك قبوڵ بكه‌یت.
PM:10:07:12/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 392
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی