تراژیدیا، یادەوەری و ناسنامە، (شیعە و کورد وەک نموونە)

‌نووری بێخاڵی

هەزار و چوار سەد ساڵ بەسەر کوشتنی (ئیمام حوسەین) تێپەڕیوە، کەچی ئەم ڕووداوە هێشتا و تا ئێستاش، لە دڵی هەر شیعەیەک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت، برینێکی تەڕە و خوێنی لێ دەڕژێت. بۆ ئەمەش، هەموو ساڵێک لە ڕۆژانی عاشوورادا، ملیۆنان کەس دەڕژێنە سەر شەقامەکان، سنگ و سەروپۆتەلاکی خۆیان دەکوتن، بە زنجیر لە خۆیان دەدەن، قژیان دەڕوتێننەوە، چڕنووک لە جەستە و ڕووخساریان دەگرن، خۆیان خەڵتانی خوێن دەکەن، فرمێسک دەڕێژن و ئەو ڕێگایە دووبارە دەکوتنەوە کە حوسەین پێیدا ڕۆیشت.

دیارە ئەمە تەنها ئایین یان مەزهەبێک نییە، بەڵکوو سیستەمێکی تەواوی یادەوەریی کۆمەڵایەتییە کە توانیویەتی نەوەکان بە یەکەوە گرێ بدات و سەرەڕای هەموو جیاوازییە سیاسی و جوگرافی و مەزهەبییە ناوخۆییەکانیان، یەکڕیزیی شیعە بپارێزێت. لە ئێران تا لوبنان، لە عێراق تا یەمەن، هەر شیعەیەک خۆی بە بەشێک لەو یادەوەری و گێڕانەوەیە دەزانێت.

لە بەرامبەردا، کورد لە سەدەی بیستەم و لە هەر چوار بەشە مێخکراو و داگیرکراوەکەی وڵاتەکەیدا، چەندین کارەسات و جینۆسایدکردنی دۆکیومێنتکراوی بەسەر هاتووە، کەچی هەموو ئەم برینە قووڵانەی کە تا ئێستاش خوێنیان لەبەر دەڕوات، نەیهێناونەتە سەر سفرەی یەکڕیزی و کوردبوون.

با هەر باشووری کوردستان بە نموونە وەربگرین (ئەم نموونەیە بۆ پەیوەندیی نێوان بەشێک و بەشێکی دیکەش ڕاستە!).

لای هەمووان ڕوونە، کورد لەم بەشەدا، تا ئەمڕۆش، نەیتوانیوە ئەنفال، کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی، ڕاگواستنی زۆرەملێ، وێرانکردنی هەزاران گوند، کۆڕەوی ملیۆنیی و هیچ ڕووداوێکی دیکەی تاڵی ناوی مێژووی سیاسیی خۆی، بکاتە هەوێنی یەکڕیزی و دووبارە هاتنەوە سەر سفرەی کوردبوون.

بەداخەوە، تا ئێستاش ئەنفال وەک بابەتێکی حیزبی و ناوچەیی دەبینرێت نەک وەک تراژیدیایەکی نەتەوەیی.. هەڵەبجە وەک بۆنەیەک یادی دەکرێتەوە نەک وەک یادەوەریی هاوبەش.. کارەساتە سروشتییەکانیش بە خێرایی و دوای چەند مانگێک، لە بیر دەکرێن. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی شیعە توانی و کورد نەیتوانی؟

بە ڕای من، وەڵامەکە لە سێ توخمی بنەڕەتیدا خۆی دەبینێتەوە کە کورد نییەتی، یان هەموویانی لە دەست داوە:

١- شیعە هەر لە سەرەتاوە توانی کارەساتەکەی خۆی بکاتە ڕایەڵی پەیوەندییەکی پتەوی کۆمەڵایەتی نەک تەنیا بەیاننامەیەکی سیاسی. بەو واتەیەی، کوشتنی حوسەین نەبووە بابەتێک کە تەنیا سیاسەتکار و پیاوانی ئایینیی شیعە باسی بکەن، بەڵکوو کرایە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی هەر خێزانێک. ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دایکان باسی دەستپاکی و میهرەبانیی و باوکانیش باسی جوامێریی و ستەملێکراویی حوسەین بۆ منداڵەکانیان دەکەن. واتە ئەم بیرەوەرییە تەنیا بۆ مزگەوت و حوسەینییە جێ نەهێڵدراوە، بەڵکوو هاتووەتە ناو ماڵەوە، بووەتە شێوازی فێرکردنی مناڵان و ئاشناکردنیان بە خێر و شەڕ. کاتێک منداڵێکی شیعە گەورە دەبێت، پێش سیاسەت، دەزانێت ستەم چییە، چونکە چیڕۆکی حوسەینی بیستووە.

هەرچی کوردە، لەبری ئەوەی ئەنفال و هەڵەبجە بکاتە بابەتی سەر سفرەی خواردن و گێڕانەوەی شەوانە، کەچی وەک ڕووداوێکی مێژووییی ڕاگوزەر، ساڵی ڕۆژێک یادیان دەکاتەوە و کردوونیەتە بابەتی سەرەدوولکە و بۆنەی تەشریفاتیی. تا ئەوەی هەندێک جار ئەم یادکردنەوانە بوونەتە بابەتی نوکتەی کۆمیتراژیک و دەگوترێت: "مانگی ئادار کورد دەسەسڕێکی بەدەستەوەیە، فرمێسکی پێ دەسڕێت و سەرچۆپیشی پێ دەکێشێت!”، ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کورد یادەوەریی خۆی کردووە بە کەرەستەی خۆنواندن، نەک بەشێک لە ناسنامە.

٢- شیعە دامەزراوەی کارا و کاریگەری ئایینی و کۆمەڵایەتیی بەهێزی هەیە، کە لە ڕێگایانەوە بە بەردەوامی ئەو یادەوەرییە زیندوو دەکاتەوە. حوسەینییەکان، پرسەکان، ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا، سەردانەکان بۆ کەربەلا و نەجەف. هەموو ئەمانە خەڵک بە بەردەوامی کۆ دەکەنەوە و یادەوەریی مرۆڤی شیعە زیندوو دەکەنەوە. کەواتە ئەمە تەنیا مەزهەبێک نییە، بەڵکوو سیستەمێکی فێرکردن و پەروەردەکردنی ئایینی و کۆمەڵایەتییە. کاتێک ملیۆنان کەس، ساڵ لەدوای ساڵ، هەمان چیڕۆک دووبارە دەکەنەوە، هەمان شیوەن دەگێڕن، هەمان سروودەکان دەڵێنەوە، ئەوە واتە نەوەیەکی تەواو، ئاشنای ناسنامە و یادەوەرییەکی هاوبەش دەبێت.

ئەدی کورد خەریکی چییە؟
لەوانەیە خوێندکارانی قوتابخانەیەکی ئێرە، قوتابیانی زانکۆیەکی ئەوێ، فڵان ڕێکخراو، فیسار کۆمەڵە، خێزانێکی ئەم شار، گرووپێکی گەنجی ئەو شارۆچەکە، ساڵی جارێک، ئەویش وەک ئەرکێکی خوێندن، گەشتی زانستی، سەردانی کۆمەڵایەتی، یان دیدەنیی فێستیڤاڵی هەنار، نەک وەک کۆیادەوەریی هاوبەشی برین، ساڵی جارێک سەردانی مۆزەخانەی هەڵەبجە بکەن. یادەوەرییەکانی ئەنفال و جینۆسایدیش ئەوە هەر هیچ، هەر یەکەیان کراونەتە بۆنەیەک و بە حیزب و ڕێکخراو و جوگرافیای دیاریکراو بەستراونەتەوە، نەک بە هەموو کورد و کوردستان. ئەمە بۆ کۆڕەو و کارەساتە جەرگبڕەکانی تریش هەر وایە، دوای ڕۆژی ساڵیادەکە، لەبیر دەچنەوە و تا ساڵی دواتر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاساییی خۆی. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کورد میکانیزمی نوێکردنەوەی یادەوەریی نییە، بۆیە یادەوەرییەکانی بە خێرایی کۆن دەبن!

٣- شیعە توانی بیرەوەریی کوشتنی حوسەین بکاتە چوارچێوەیەکی گشتگیر کە سەرەڕای جیاوازییە مەرجەعی و جوگرافییەکانیان، بەڵام هەموو شیعەکان خۆیان تێیدا ببیننەوە. بۆ نموونە، ڕەنگە شیعەی ئێرانی و عێراقی و لوبنانی لە زۆر شتدا ناکۆک بن، لەوانەیە لە سیاسەتکردندا جیاوازییان هەبێت، بەڵام هەموویان لە عاشوورادا هەمان هەستیان هەیە: (ئێمە نەوەی ئەو کەسانەین کە لەگەڵ حوسەین بوون، ئێمە ستەملێکراوین!)، ئەمە ئەو گێڕانەوە فراوانەیە کە ڕێگا بە هەموویان دەدا خۆیان بە بەشێک لە یەک مێژوو ببینن.

وەلێ کورد تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە ئەم کارە بکات. بۆ نموونە، ئەنفال بە کارەساتی یەک ناوچە دەبینرێت نەک هەموو کوردستان.. هەڵەبجەش بە کۆستی دەڤەرێک دادەنرێت نەک هەموو کورد. کارەساتە سروشتییەکان هەر هیچ، لە جیاتی یەکبوون، هەموویان دەبنە بابەتی ڕقەبەریی سیاسی و شەڕی ناوچەگەرێتی. جێی داخ و کۆڤانە، ئەنفال و کیمیاباران کە نابنە یان نەکراونەتە ئەو چوارچێوە فراوانەی هەمووان تێیدا بگونجێن، هۆیەکەی ئەوەیە، کورد هەر کۆست و کارەساتێکی کە هەیەتی، کردوویەتی بە موڵکایەتیی سیاسی، نەک بە میراتی نەتەوەیی.

ڕاستییەکەی، ئەم شکستە لە وەبەرهێنان لە یادەوەریی هاوبەش وەک هێزی یەکڕیزی و یەکبوون، هۆکارەکانی هەم کولتووری و هەم سیاسیین.

لە ڕووی کولتوورییەوە، بە هۆی باڵادەستیی عەقڵیەتی ناوچەگەری، پەیوەندیی خێڵگەرایی، کورتبینیی سیاسی و بەرچاوتەنگیی حیزبی، کورد نەیتوانیوە کۆست و کارەساتەکانی بکاتە یادەوەرییەکی هاوبەشی نێوکۆیی و لە کۆنەستی تاک بە تاکی کۆمەڵگاکەیدا ڕەگاژۆی بکات. بۆیەشە ئەم کارەساتانە تەنیا لە چوارچێوەی یادکردنەوەی مێژوودا ماونەتەوە و نەکراونەتە بەشێک لە بیرکردنەوە و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

نەبوونی سیاسەتێکی کولتووری، نەبوونی سیستەمێکی پەروەردەی نیشتمانیی دروست و لەدەستدانی نەریتی گێڕانەوەی زارەکیی لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەیدا، هۆکارگەلی دیکەن کە یادەوەرییەکی هاوبەش نەوەکان بەیەکەوە نەبەستێتەوە.

لە ڕووی سیاسییەوە، کێشەکە قووڵترە. چونکە هەر کارەساتێک بەسەر کورددا هاتووە و دێت، حیزبەکان هەوڵیان داوە بیکەنە ئامرازی بەرژەوەندیی سیاسیی تایبەت، نەک سمبولی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانی. ئەمەش واتە هیچ کارەساتێک ناتوانێت ببێتە خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوە، چونکە هەموو کارەساتێک دەکرێتە گۆڕەپانی شەڕی سیاسی و ململانێی حیزبی.

بە کورتی و بە کوردی، بەپێچەوانەی شیعە، لە پرۆسەی وەبەرهێنان لە کۆست و کارەساتەکاندا و کردنیان بە هەوێنی یادەوەریی هاوبەش و ناسنامەیەکی یەکگرتوو، نەمانتوانیوە گێڕانەوەیەکی گشتگیر بەرهەم بهێنین، گێڕانەوەیەک کە هەموومان خۆمانی تێدا ببینینەوە.

بۆ نموونە، شیعە دەڵێت "ئێمە هەموومان لەگەڵ حوسەین بووین”، بەڵام ئێمەی کورد تا ئەم چرکەساتەش ناتوانین بڵێین "ئێمە هەموومان قوربانیی ئەنفال بووین” چونکە جوگرافیا و سیاسەت دابەشی کردووین و ئەم دابەشبوونەش بۆتە ئاستەنگ لە دروستکردنی یادەوەریی هاوبەشمان.

ئەنجامەکەیشی ئەوەیە کە دەیبینین: شیعە دوای هەزار و چوار سەد ساڵ لە کوشتنی حوسەین، هێشتا یەکگرتوو و بەهێز و هەژمووندارە، کەچی ئێمەی کورد پاش ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید، هێشتا دابەش و پەرتەوازەین و ویست و ئیرادەی ئەوەمان نییە ئەم کۆست و کارەساتانە بکەینە هەوێنی یەکڕیزی و یەکدەنگی. بەدڵنیاییشەوە، تا ئەم یادەوەرییە نەکەینە بەشێک لە ناسنامە و هەستی نێوکۆیی، ئەو کارەساتانە لە دوێنێدا گیر ناخۆن و بەردەوام ئەگەری کراوەن لە پێشماندا.


AM:09:24:11/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی