لە ژانی دڵی باوکمەوە، تا ژانی دڵی هەموو کورد، ڕازێک بۆ ڕۆژاڤای خۆڕاگر

‌د. بەهات حەسیب قەرەداخی

ئەمڕۆ لە بیست و نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی باوکم شێخی شاعیران حەسیب قەرداخی دا، تەنیا یادی ژیان ومەرگی باوک و شاعیرێک بەسەرناکەمەوە ، بەڵکو قەتماغەی برینێکی سارێژنەبووی یادەوەریی خۆم و نەتەوەکەم هەڵدەدەمەوە. باوکم کە شاعیری نەتەوەو شۆڕش و عیرفان بوو، بەرپرسێکی ستەمکاری شەقوەشێنی شەیتان بازاڕی سیاسەت، بە هەڕەشەو سووکایەتییەکانی ، دڵی لە شکاندن نەهاتووی ئەوی شکاند .

29 ساڵ لەمەبەر لەسەردەمی شەڕی ناوخۆی نەگریسدا، ڕۆحی باوکم کەوتە بەر زەبری دەمارگیری و لووتبەرزیی هاوزمانێکی خۆی و ژانێکی قووڵی چاوەڕێنەکراو بە دڵی گەیشت، تا دواجار لە لێدانی خست و بوو بە ستەمێکی سەخت کە هەرگیز شوێنەواری ساڕێژ نابێتەوە.

(حەسیب قەرداخی) پێی وابوو شیعر تەنها فەنتازیایەک نییە لەناو دەریای بێ بنی زماندا، بەڵکو هەڵوێست و بڕواو واتای باڵای ژیان و مرۆڤبوونیشە. وشە لەلای شێخ چەکێکی ئەخلاقی بوو لە دژی ستەمکاری و پردێکی ڕۆحی بوو بۆ مرۆڤی کورد کە بەسەریدا بپەڕێتەوە بۆ مانایەکی باڵاتری بوون و ژیان. لە شیعرەکانی (حەسیب قەرەداخی ) دا دەنگ و ڕەنگی میللەتێک دەبیسترێ و دەبینرێ کە لەگەڵ شکۆو حورمەتی عیرفاندا ئاوێزانی یەکدی کراون و لەیەکدی جیا نابنەوە.

کورد ، لە بڕوای شیخی شاعیراندا، بەشێکی زیندووی مێژووەو نەتەوەیەکی لە خاکی خۆ دانەبڕاوە، نەک میوان و نامۆ بە نیشتمانی خۆی. کورد بەر لەوەی ژمارەیەک بێت لەناو تۆماری سیاسەت و دەستەڵاتی داگیرکەردا ، لاوک و حەیران وهۆرەو سەماو گۆڤەند و شیعر و عیرفانە، بۆیە کارێکی پێشبینیکراو نەبوو کە بکرێتە ئامانجی توندڕەوی و دەمارگیری و کورسی پەرستی ، چونکە وشەی ڕاستگۆ و ئازا، دەمامکی ڕووی ساختەکاران دادەماڵێ، باسی شکۆو کەرامەتیش، کەسانی بێ کەرامەت توڕە دەکەن. شیعری شێخ شتەکانی بە ناوی خۆیانەوە دەناساند، ڕووی دزێوی ڕاستەقینەی ستەمکارانی ئاشکرا دەکرد، بانگەشەیانی بێ ئەررزش و درووشمەکانیانی بە درۆ دەخستنەوە.

باوکم دڵی لە لێدان کەوت، چونکە سووکایەتیکردنی بەرپرسێکی بێباک تەنها تاکێک بریندار ناکات، بەڵکو چەمکی دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ تێکدەشکێنێ. سوکایەتی تەنها چەند وشەیەکی تاڵ توند نییە، بەڵکو کردەوەیەکی دڕندانەی ڕەمزییە، پەڵەو شوێنەوارێکی نەبینراو لە ناخی مرۆڤدا جێدەهێڵێت ، دڵ ئازار دەدات و خوێنبەری ڕۆح دەپژێنێ . باوکم شەهیدی ئازاری دڵ و خوێنپژانی ڕۆحی بوو. بێباکی و نادادپەروەری، دەتوانن تەنیا وشەیەکی نابەجێ یان هەڕەشەیەکیش بگۆڕن بە خەنجەرێکی ژەهراوی.
لەم یادەدا، من ناتوانم خەمی خۆم لە خەم و زامی خوێنلێچووی نەتەوەکەم داببڕم. ئەو ئازار و ژانەی 4 ڕۆژە، ڕۆڵەکانی نەتەوەکەم لە حەلەب لەسەر دەستی توندڕەوەکان دەیچێژن، درێژەی هەمان سیاسەتی زەلیلکردن و چەوساندنەوەیە، بە پاڵپشتی هێزێک کە ئێستا بانگەشەی "حوکمڕانی سوریای نوێ " دەکات ، ئەگەرچی زەمان و زەمین و ڕووخسارو دروشمەکانیش گۆڕاون، بەڵام لە ڕەچەڵەکدا هەر هەمان لۆژیک و ئەقڵییەتە : دەمارگیری، توندڕەوی، دەستەڵاتخوازی و کورسی پەرستی، وەدەرنانی زۆرەملێ، دنەدان بۆ توندوتیژی و ڕکوکینە، پێشێلکاری بە ناوی سیاسەت وئایینەوە، یان لەژێر ناوی "قۆناغی ئینتقالی"دا.

ئەو کۆمەڵکووژییەی لە ناو گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبدا ڕوودەدات، ڕووداوێکی بێ پێشینە نییە ، "سەرپێچی و ملهوڕیی تاکەکەس و گروپێک" نییە، بەڵکو بەرهەمی ڕاستەوخۆی کەش و هەلومەرجێکی سیاسیی ئایدۆلۆژیی توندڕەوی تیرۆریستانەیە کە پارە و چەک و میدیای دەستێکی باڵای ئیقلیمی پاڵپشت و پەردەپۆشی دەکات. کاتێک دەستەڵاتی سیاسی ڕێگە بە گروپە چەکدارە توندڕەوەکان دەدات، ئاسایش و کەرامەتی خەڵک پێشێلبکەن، کاتێک دەستەڵاتی سیاسی تەوژم و شاڵاوی رکوکینەو تەکفیر پشتگوێ دەخات و خۆی لێ کەڕ دەکات، دەبێ بەردەوام چاوەڕوانی ئەم وەحشیەت و کوشت وکوشتارە بین. مێژوو پێمان دەڵێت: ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ چاوپۆشی لە توندڕەوی دەکات و پشتیوانیشی لێدەکات، سبەی یان دوو، درەنگ یان زوو، زۆر بە خراپی باجەکەی دەدات.هەر کە دێوی ڕکوکینە و توندڕەوی، لە دەمی قۆرییەکەوە هاتەدەرێ و ئازاد بوو، ئیتر زۆر سەختە خاوەنی قۆرییەکە بتوانێ کۆنترۆڵی بکاتەوە.

ئەگەر ئەمڕۆ باوکم لە ژیاندا بوایە، شیعرێکی ئاگرینی دەنووسی و بەیادی هەمووانی دەهێنایەوە کە کورد لەسەر خاکی خۆی دەژی، نە میوانە و نە کرێچی و نە خوڵامی بابی کەس! ڕەگی کورد لەم خاکەدا هازاران جار لە بیرە نەوتەکان قووڵترە. دادپەروەری و ئاشتی و سەقامگیری ، یان دەبێ بۆ هەمووان بن یان هیچ کەس و لایەنێک خێر لەخۆی نابینێ ! ئەگەر ئەمڕۆ شێخ لێرەبوایە دەیگوت: شۆڕشێک ئەخلاقی نەبێ، گورگێکە لە پێستی مەڕدا! دەوڵەتێکیش نەتوانێت یان نەیەوێت ڕێزی فرەی و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بگرێ، بەدەستی خۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێ ! .

لە ساڵیادی کۆچی دوایی تۆدا بابە حەسیب، بەڵێنت پێدەدەم ، شیعرەکانت وەسیەتنامەتان بێت بۆ ئێمە و بۆ نەتەوەکەم . لە زاری تۆوە بانگەوازێکیش بۆ حەلەبی زامدار دەکەم و دەلێم : ژان و ئازارمان یەکە، کەرامەت و شکۆشمان یەکە . هەر ئەو ستەم و ملهوڕییەی بیست و نۆ ساڵ لەمەوبەر ویستی شیعر بێدەنگ بکات، ئەمڕۆ لەبەرگی ئایین و ڕەگەزپەرستیدا دەستی ناوەتە قوڕگی ئێوەش.ئازادی نە دەمرێ و نە بەسەردەچێ ، تەنانەت ئەگەر دەیان شاعیرو هونەرمەندیش بە ئازارو ژانەوە بمرن.


PM:09:47:09/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 1172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی