جۆلانی مەقسەدی کوردی ئەشرەفە

‌د. ئەمیر حسێن

   ئەوەی چەند ڕۆژێکە لە ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە هەردوک گەڕەکە کورد نشینەکە ، شێخ مەقسودو ئەشڕەفیە ڕودەدات ، ڕێکەوت نیە ، بەڵکو پلانێکی پێشوەختەی حکومەتی ئەلعەرەبی سوریایە ، کە لە مەتبەخی تورکیای ئیخوانی ، لەسەر ئاگری شۆڤێنی گورگە بۆرەکان ئامادەکراوە ، لە دوای گەیشتنی ئەلشەرعی گەورە تیرۆریست بۆ مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق ، بەسەر پشتی دەبابەکانی سوپای تورکیاوە ، هەر زو نوێژی مردوی لەسەر پێکەوە ژیانی ئاشتیانە ، لەگەڵ پێکهاتە جیا جیاکانی سوریا دابەست ، بەتایبەت دوای جەختکردنەوە لە شوناسی عروبەی دەوڵەتی شام ، لە ڕاگەیاندنە دەستوریەکەی و دامەزراندنی حکومەتی ڕاگوزەر ، کە پێکهاتوە لە بەشێکی زۆری فەرماندە ڕادیکاڵەکانی ، قۆناغی ئەلجیهاد ، بە پشتگوێ خستنی خواستی پێکهاتە ڕەسەنەکانی شام ، جگە لە عەرەبی سونە مەزهەب ، بۆیە هیچ جێگای سەرسوڕمان نەبو ، کاتێک پەلاماری عەلەویەکانی دا ، لە ناوچەکانی کەناردەریا ، بە بیانوی ڕاوەدونانی پاشماوەکانی ئەسەد ، جگە لە کوشت وبڕ و تاڵانکردنی شارو گوندەکانیان ، کەوتنە سوکایەتی بە پیرۆزیەکان و کۆمەڵکوژی مەزهەبی ، بە بیانوی تۆڵەسەندنەوە ، دواتر هەڵکوتانە سەر دورزەکان لە سوەیداو ، نەفیرعامی هۆزە عەرەبە سونەکان بە ئاشکرا بۆ پاکتاوی ڕەگەزی و لە ناوبردنیان ، بەڵام کاتێک ئیسڕائیل لە پێناو پشتیوانی دورزەکان بڕیاریدا هێز بەکاربێنێت ، ئیتر میلیشیاکانی ئەلشەرع کلکیان خستەوە ناو گەڵیان و بە مل شۆڕی لەگەڵ هۆزە بەکرێگیراوەکان ، سەرشۆڕانە گەڕانەوە ژێر خێمەی بەدەویەت و جارێکیتر کەوتنەوە خواردنەوەی قاوە تفت و تاڵەکەی العروبە ، بەڵام ئەمجارە بە فنجانی تورکی . 
  
   لە دوای 7 ی ئۆکتۆبەر ئیسڕائیل بڕیاریدا نەخشەی ناوچەکە بە دیزاینێکی نوێ دابڕێژێتەوە ، ئەمە ترسێکی زۆری لە دڵی تورکیا و خەونە ئیمپراتۆریەکەیدا هێنایە پێش ، بەجۆرێک تورکەکان لە ترسی کاردانەوەی ئیسڕائیل و لە پێناو خۆپاراستن لە باهۆزی ئەو گۆڕانکاریە خێرایەی ناوچەکەی گرتۆتەوە ، هەر زو پەنایان بردە بەر ئیمڕالی و کەوتنە هۆنینەوەی شیعرو شانامە بە باڵای ئاشتیدا ، ئەگەرچی دوای بانگەوازە جۆراوجۆرەکانی ئیمرالی و هەنگاوە جدیەکانی قەندیل هێشتا تورکەکان ، گومان و دڵە ڕاوکێی کوردانی باکوریان نەڕەواندۆتەوە ، بە هەڵهێنانی هیچ هەنگاوێکی دڵسۆزانە ، تەنانەت دوای تێپەڕبونی نزیکەی ساڵێک ، بەسەر بانگەوازەکەی باخچەلیدا ، خودی پرۆسەکە وەک چارەسەر بۆ تورکیای بێ تیرۆر ناودەبەن ، نەک چارەسەری ئاشتیانە بۆ دۆزی ڕەوای گەلێکی ماف خوراو . لەو ماوەیەشدا لە ڕێگەی هەڕەشەو گوڕەشەو فشاری جۆراوجۆر ، هەمو هەوڵێکیان خستە گەڕ ، لە پێناو گرێدانەوەی چەک دانانی قەسەد بە چەکدانانی قەندیلەوە ، لە کاتێکدا بۆ هەمو دونیا ئاشکرابو ، ئێستا ئەوەی لە سوریای ئەلشەرع و جیهادیەکان ، هێزی چەکداری نەبێت بۆ خۆ پارێزی ، وەکو عەلەویەکان قەتڵ و عام دەکرێ یان وەکو دورزیەکان لە باشترین حاڵەتدا بە سمێڵ تاشراوی ، بە دەردی ئيرانی دەڵێن فلم بەرداری دەکرێ .

   لە کۆتایدا ئەوەی بۆ هەمومان گرنگە ، خۆڕاگری و بەرخۆدانی دانیشتوانی ئەم دو گەڕەکەیە ، کە بوون بە مۆتەکەی سەرسینگی شۆڤێنی و جیهادیەکان ، ئەگەرچی ئاشکرایە ، ئەم خۆڕاگریە باجی قورسی لە قوربانی و خوێن پێویستە، لە هەرشتێک زیاتر ، بەڵام تەماشاکردنی دیمەنەکان ، لەپشتی لاپتۆپ و بەرامبەر شاشەکان ، بە بێدەنگی و بێ کاردانەوە ، بەڕاستی ئاماژەیەکی ترسناکە ، جۆرێکە لە ئیمتیحانی هەستی نەتەوەیی و کورد بون .

بۆیە پێویستە : 

- کوردانی تاراوگە .

-  کوردانی ئەستەمبوڵ و باکور بەگشتی .

- کوردانی باشور ، ئەگەرچی سیاسەتی ستەمکارانەی دەستەبژێرێکی ساختەچی بێ مۆڕاڵ بەناوی کوردایەتی درۆزن ، هەستی کوردایەتی تێکشکاندون ، بەڵام ئەمە بەشێکە لە شەڕی چارەنوس ، ناکرێ لە داخی گەندەخۆران دوابخرێ .

- کوردانی ڕۆژهەڵات ، ڕاستە گیرۆدەی زامی قوڵی ستەمکارانن ، برسیەتی بڕستی لێ بڕیون ، بەڵام نان و ئازادی و ڕزگاری دڵنیابن یەک پاکێجە و لە یەکتر دانابڕێن .

- کورد لە هەر سوچێکی ئەم دونیایە .

 پێویستە بێتە سەر شەقامەکان ، بە خۆپێشاندان و چالاکی  مەدەنی بانگەوازی ئاشتیانە بە گوێی دونیادا بدات ، لە مەترسی پاکتاوی ڕەگەزی بەدەستی چەتەکانی ئەلشەرع بە ئاگایان بێنێتەوە . ئێستا کاتی ئەوەیە گەلی کورد هەرچی لە توانایدا هەیە ، بۆ ڕیسواکردن و هەڵگرتنی ماسکی ، سەر ڕیشە نورانیەکەی ئەلشەرعی داعش و ئیخوانی ، وەک چۆن بە دەستی بەرخۆدانی سەنگەرەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە بۆتە گاڵتە جاڕ ، لە شەقام و ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی دونیادا سوک و ڕیسوابکرێ . ئەگەر ئێستا ئەو ئەرکە نیشتیمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقی و ئاینی و مرۆییەمان جێ بەجێ نەکەین ، دوای کارەسات هەڵوێستەکان تەنها دەبن بە نمایش ، وتارو شڕۆڤەی ئێمە مانانیش تەنها بە تحلیلی بعد الحدث . 


AM:09:02:09/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی