بۆچی نزار ئاميدیی، بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار کاندیدا کرا؟
بارزان شێخ عوسمان
هەفتەی رابردو (ی،ن،ك) بەرەسمیی بەڕێز نزار ئامێدیی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەکتەبی ساسیی (ی،ن،ك) و وەزیری پێشوی ژینگەی عێراقی کاندیدا کرد بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار.
هەڤاڵ نزار ئامێدیی لەو روانگەیەوە کاندیدا کراوە کە خاوەنی ئەزمونێکی دورودرێژی حوکمدارییە لە عێراقی نوێدا بەو پێ یەی هەر لەسەرەتای روخاندنی رژێمی سەدام حسێندا لە بەغداد بوە ئەو ئەرکە سیاسیی و ئەمنییانەی بەو پەڕی لێبوردەییەوە راپەڕاندوە کە سەرۆك مامجەلال پێی سپاردوە تا ئێستاش بە هەمان گیان و وزەوە وەك لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی (ی،ن،ك) لە بەغداد ، ئەو ئەرکانە رادەپەڕێنێت کە لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە.
بەڕێز ئامێدیی لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر و تێکۆشەر پەروەردە بوە، کە مامۆستا محمد سعیدی باوکیان لە دەڤەری بادینان و شوێنەکانی تر لەشۆڕش و کوردایەتییدا جێ دەست و رۆڵی دیاربوە ، هاوخەباتی سەرۆك مامجەلالیش بوە لە وێستگە جیاجیاکانی تێکۆشاندا ، هەربۆیە نەوەکانیشی هەمان رێچکەی خەباتیان گرتوە و رێبازەکەیان گەشە پێداوە.
هەڤاڵ نزار ئامێدیی کەسایەتییەکی ئیداریی جدییە ، بەشێوازە تایبەتەکەی خۆی ئەرکە قورس و سەختەکانی راپەڕاندوە ،هەمیشە هەڤاڵەکانی بە شانازییەوە ئەو ئەرك و فرمانانەیان راپەڕاندوە کە ئەو پێی سپاردون .هەر بۆیە هەمیشە بە چاوی خۆشەویستییەوە لێی دەڕوانن.
بەڕێز کاندیدای رەسمیی (ی،ن،ك) بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار ، خاوەن کەسایەتییەکی بەهێزە و هەرگیز لەخۆبایی نەبوە بە پلە و سەرکەوتنەکانی لە ئەرکەکانیدا ، ئەو رێباز و چەمکی خەباتەی سەرۆك مامجەلالی بەرنەداوە کە دەبێت تێکۆشەرەکان پلە و پایە و پۆست بۆ خزمەتی جەماوەر و گەلەکەیان بەکار بهێنن و هەرگیز لە خۆبایی نەبن ، هەر لە روانگەی ئەو پرەنسیبە نەگۆڕەوە ئەم سەرکردە بەڕێزەی (ی،ن،ك) هەرگیز خۆی جیانەکردوەتەوە لەگەڵ هاوخەبات و هاوکار و هاوڕێکانی ، بۆ ساتێکیش پۆست و پلەو پایە گەورەکانی بەکارنەهێناوە بۆ دەستکەوتی کەسێتیی ، هەمیشە دەستگیرۆیی هەڤاڵەکانی کردوە لە کاتی پێویست دا و داکۆکیی لێکردون ، ئەوەندەشی لە توانایدا بوبێت یارمەتی ئەو کەسانەی داوە کە پێویستیان بە هاریکاری بوە . هەر بۆیە دۆسیەی کاری حزبیی و حکومیی بێگەرد و پاکە . لەگەڵ هەمو ئەوانەدا هەڤاڵ نزار ئامێدیی هەمیشە لەسەر هێڵی نەگۆڕی فیکری سەرۆك مامجەلالە و نەچوەتە نێو هیچ ململانێ یەکی شەخسیی یا دەستەگەرییەوە ، بەوەش ناوبانگێکی باشی بۆ رێبازەکەی سەرۆك مامجەلال تۆمار کردوە. تەنانەت جارێکیان رەخنەی لێگرتم لەسەر وتارێكم کە مۆرکی بە یەك چاو روانین بۆ هەمو هەڤاڵانی لەدەستدابو ، پێی وتم ئەوە گوزارشت لەو نەریتە ناکات کە دەبێت جیاوازیی نەکەین لە نێوان هەڤاڵەکانماندا و دەبێتوەك سەرۆك مامجەلال ئامۆژگاریی کردوین بۆ پاراستنی یەکێتییەکەمان و یەکڕیزیی گەلەکەمان دەبێت "نقف علی مسافة واحدة من الجمیع " . ئەوانەو چەندین مەرج و خەسڵەتی تر لە کەسایەتیی ئەم سەرکردە بە ئەزمونەی (ی،ن،ك)دا کۆبونەتەوە و بونەتە ناسنامەیەکی گرنگ کە زەمینەی خۆشکردوە تا ببێتە کاندیدای رەسمیی (ی،ن،ك) بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار.
PM:05:04:08/01/2026
ئهم بابهته 572
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی