ڕووداوەکەی فەنزویڵا چی پێ گووتین

‌رێبین هەردی

وڵاتێکی بێگانە هات و سەرۆکەکەی دیل کرد و بردی. وڵاتێکی بێگانە هات و بێ ئەوەی مۆڵەت لە کەس وەرگرێت، لەناکاو و بە خێراییەکی بێ وێنە کە مێژوو هەرگیز لە بیری ناکات، لەچەند کاتژمێرێکدا هەموو شتێکی تەواو کرد. نە جەنگێکی گەورە ڕوویدا نەسەرباز بینرا و نە هیچ شتێک. سەرۆک و خانمی یەکەمی وڵات زۆر بە ئاسانی بە دیل گیران و سواری فرۆکە کران و بۆ زیندانی وڵاتێکی بێگانە گواسترانەوە. چەند ماوەیەک پێش ئەم ڕووداوانە ئەم سەرۆکە بە دیل گیراوە هاواری دەکرد گەر ئازان وەرن و بزانن چی چاوەڕێتان دەکات..ئەوان هاتن و بە خێرایش سەرۆک و خانمەکەیان دیل کرد و رۆیشتن، تووشی هیچ شتێکیش نەبوون.

وڵاتێکی بێگانە دەستدرێژی کردە سەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری. بەڵام ئەوەی لەناو شەقامەکانی فەنزویلا هەڵدەپەڕێت و سەما دەکات بۆ ئەم پێشهاتە، وڵاتە بێگانەکە نیە، بەڵکو خەڵکی فەنزویلایە. ئەوەی وێنەکانی سەرۆک و پەیکەرەکانی بە ئاهەنگەوە دێنێتە خوارێ و دەیشکێنێت، وڵاتە بێگانەکە نیە، خەڵکی فەنزویلان. ئەوەی بەم هەواڵ و پێشهاتە دڵخۆشە ئیمپریالیزم و دۆستەکانی نیە، بەڵکو خەلکی رەشوڕوتی فەنزویلایە کە وەک دەردەکەوێت نەک ئەم دەسدرێژیە بە دەستدرێژی و نەبەزاندنی سەروەری خۆیان نازانن، بەڵکو وەک مژدەی ژیانێکی باشتر و ڕزگاربوون تەماشای دەکەن و سەمای بۆ دەکەن.

ئەم رووداوانە و هاوشێوەکانی (واتە ڕووخان و لابردنی ڕژێمە سیاسیەکان) ماناکانی سەروەری نیشتیمانی گۆڕیوە. چیدی سەروەری نیشتیمانی ئەوە نیە رژێمێک لە دەستدرێژی و دەستوەردان و پەلاماری دەرەکی پارێزراو بێت، ئەوە نیە سەرۆک تەنیا لەڕیگەی گەلەکەیەوە نەبێت، بۆ کەس نیە لایببات. بۆ ئەوەی سیستەمێکی سیاسی سەروەری هەبێت و خەڵکیش لەپشتی بن و بەرگری لێبکەن، نەک بۆ نەمان و لاچوونی سەما بکەن، دەبێت ماناکانی سەروەری خۆی بگۆڕێت. سەروەری نیشتیمانی هیچ وڵاتێک بریتی نیە لە سەرۆک و دامودەزگاکەی. چیدی نیشتیمان و کەرامەتی پەیوەندی بە جەسەتەی سەرۆکەکانەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە سەروەری و کەرامەتی خەڵکی سادەوە هەیە کە لە نیشتیماندا دەژین. کاتێک کەرامەت و ماف و ئازادی ئەو خەڵکە سادەیە بەناوی و درووشمی جیاوازەوە پێشێل دەکەیت، چیدی سەرۆکێک نیت کە خەڵک دەستدرێژی بۆخۆت بە دەسدرێژی بۆ ماف و کەرامەتی بزانێت و کاردانەوەی بەرگری و پشتگیری پیشان بدات. تۆ چەند خۆت بە سەرۆک بزانیت و بڵێت سنوقەکانی دەنگدان منیان لەسەر ئەم کورسیە داناوە و هەڵبژێراوی خەڵکم (زیاد لە جارێک مادۆرۆ بە ساخەتەکردنی هەڵبژاردنەکانی تۆمەتبار کرا)، ئەم قسانە دادت نەدات مادام بەڕاستەقینە و لەسەر ئەرزی واقع خەڵکانێکت هەیە بەردەوام مافیان پێشێل دەکرێت، بێدەنگ دەکرێت و ئازادیان زەوت دەکرێت، دادت نادات مادام گەلیکت هەیە لە ترسا نەک لە خۆشەویستیدا بە شان و باڵتا هەڵدەدات و ناچارە وێنەکانت بەرز بکاتەوە. دادت نادات مادام سامانێکی گەورەی وڵات هەیە هەندێکی وا لێکردووە وەک پاشا بژین و هیچ یاسایەک لییان نەپرسێتەوە، و زۆرینەی خەڵکێکیش هەموو هیوا و ترسیان ئەوە بێت بەشی سبەینێیان هەبێت و پەکیان نەکەوێت. هیچ سەروەرێک لەم سەردەمادا نیە گەر بە فیلتەری سەروەری و پاراستنی کەرامەت و ئازادی خەڵکدا تێنەپەڕێت.

سەرۆکەکان هەرگیز رەمزی سەروەری هیچ وڵاتێک نین، گەر ئەو وڵاتە پر لە بێدادی و ماف پێشێلکردن و مافیای حوکمڕانی بێت کەدەستی کەمینەیەکی بۆ هەمووە خراپەکاریەک کردۆتەوە، و دەستی و دەمی هەموو خەڵکیشی بۆ داواکردنی مافەکانی گرتووە.

لێرەوە تێدەگەین بۆچی ئەمجۆرە سەرۆکانە کاتێک بەدەستی دەرەکیش لەناو دەبرێن، نەک کەس هەست بە سوکایەتی و خەمناکی ناکات، بەڵکو بە لێشاو دەچنە سەر شەقامەکان و سەما دەکەن، چەند ئەو گەلانەش زۆرن کە ئێستا خەون بەوەوە دەبین هەمان شت بەسەر سەرۆکەکەی خۆیاندا بێت و ڕزگاریان بێت.


PM:12:06:05/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 1240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی