دڵنیابن تەمبەڵ و گەمژە بوونی نیە
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
دەگێڕنەوە لەگوندێکی بچوکی چۆڵەوانیدا نامەیەک لەوەزارەتی پەروەردەوە گەیشتە بەڕێوبەرایەتی قوتابخانەی گوندەکەو ئەگادارکرانەوە کە( پشکنێر / مفتش)ێک لەوەزارەتەوە سەردانی قوتابخانەی گوندەکە دەکات ، لە ڕۆژی دیاریکراودا پشکنێرەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بەڕێکەوت ، کاتێک گەییشتە دەروازەی گوندەکە ئۆتۆبێلەکەی لە ئیش کەوت ، بۆدی ئۆتۆمبێلەکەی هەڵدایەوەو دەستەوسان بوو بوو نەیدەزانی گرفتەکە لەکوێدایە ، چ جای بتوانێت چارەسەری بکات ، لەم چرکەساتانەدا کە ئەو ڕاوەستابوو منداڵێکی تەمەن دە ساڵ بەلایدا تێپەڕی و پێی وت : با یارمەتیت بدەم .. پشکنێرەکە پێی وت : کوا تۆ دەتوانیت گرفتی ئۆتومبێل چارەسەر بکەیت ؟ منداڵەکە وتی : باوکم میکانیکیەو منیش هەندێک جار یارمەتی دەدەم ، لەوانەیە بتوانم گرفتی ئۆتۆمبێلەکەی تۆش چارە بکەم! پشکنێرەکە لە نێوان منداڵەکەو ئۆتۆمبێلەکەیدا سەرسام بوو بوو ، دە خولەک تێپەڕی نەکرد خێرا منداڵەکە بە پشکنێرەکەی وت : گەورەم ئۆتۆبێلەکەت بسوڕێنە! پشکنێرەکە شۆک بوو کاتێک بینی ئۆتۆمبێلەکەی کەوتەوە ئیش .. خێرا پشکنێرەکە سوپاسی منداڵەکەی کرد و پێی وت : باشە تۆ بۆ نەچویتەتە قوتابخانە بۆ خوێندن ؟! منداڵەکەش وتی : ئەمڕۆ پشکنێر لەوەزارەتەوە سەردانی قوتابخانەکەمان دەکات ، بەڕێوبەری قوتابخانەکەمان داوای کردووە ئەمڕۆ قوتابیە تەمبەڵ و گەمژەکان نەڕۆنەوە بۆ قوتابخانەو ئامادە نەبن ! گوایە ئەم یەکێکە لە قوتابیە گەمژەو تەمبەڵەکان.
دەسپێکردنی وتارەکە بە گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم قوتابی و پشکنێرە پەروەردەییە بۆ ئەوە بوو بڵێم : مرۆڤەکان لە بەهرەو توانا زیهنی و عەقڵیەکانیاندا زۆر جیاوازن ، ئەمەش ڕاستیەکە کەس ناتوانێت نکوڵی لێ بکات ، چونکە عەقڵەکان هاوشێوەی سامانن دارایین ، ئەوانیش ڕۆزی و ئەڕزاقن ، سەرو خوارو کەم و زۆرو جۆراوجۆرن!
(ئیبنوسینا ) بەدێژایی هەموو سەردەمەجیاوازەکان موعجیزەی پزیشکیی مرۆیی بوو ، عەبقەری زانستی کیمیاش بوو .. ( خەوارەزمی )جگە لە بیرکاری لە هەموو زانستەکاندا قاڵ بوو بوو ..( دافەنشی ) هونەرمەندی گەورەی جیهانی و خاوەن تابلۆی بەناوبانگی مۆنالیزا ، جگە لە وێنە کێشان شارەزای چەندین بواری تریش بوو .. ( عەباسی کوڕی فیرناس ) زیاد لە چەندین بیرۆکەی فڕینی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە ..( نیوتن ) جگە لە دەرخستنی یاسای جوڵەو هێزی ڕاکێشانی زەوی زۆر شتی تریشی ئاشکراکرد... ( خەلیل کوڕی ئەحمەدی فەراهیدی) لەگەڵ ئەوەدا دانەری زانستی عەرووز بوو ، مامۆستای (سێبەوەی )یش بوو کە دانەری زانستی( نەحو / ڕێزمانی عەرەبی ) بوو.
هەندێک کەس هەڵناکەوێت تەنها لە زانستێکدا نەبێت و هیچ شتێکی تر لە زانستەکانی تردا نازانێت ، ئەمەش لە نرخ و سەنگی لێهاتوویی ئەم کەسە کەم ناکاتەوە ، لەولاوە هەندێک کەسی تر هەن لە بنەڕەتەوە لە هیچ زانست و بوارێکی مەعریفیدا تواناو شارەزاییان نیە ! یەکێک لە گرفتە ئاڵۆزەکانی مرۆڤەکان لە وڵاتی ئێمەو تەنانەت جیهانی دەرەوەشدا ئەوەیە : ( لێهاتوویی و زیرەکی و هەڵکەوتەیی ) تەنها بە نیشانەو هێماکانی لایەنی خوێندن و قوتابخانەدا دەپێون ، کە ئەمە بەڕاستی یەکێکە لە هەرە بۆچوونە پوچ و نالۆژیکیە باوەکانی کۆمەڵگە بەگشتی .. چونکە زۆرجار قوتابخانەو دامەزراوەکانی فێرکاریی ستەم لە قوتابی و خوێندکارەکانی خۆیان دەکەن ، بەڵگەی هەرە زەق و دیاریش بۆ سەلماندنی ئەم قسە چیرۆکەکەی ئەدیسۆنە کە قوتابخانەکەی بەهۆی گوایە تەمبەڵی و گەمژەییەوە ئەوی لە خوێندن دوور خستەوە ! ئێمە دەزانین زیرەکی و بەهرە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی تر جۆراو جۆرو جیاوازە ، ئەمە ڕاستیەکەیەو نابێت نکۆڵی لێ بکەین!
(موتەنەبی ) لە فیزیادا لە قوتابیەکی ئاسایی زیاتری نەدەزانی ، ( میسی ) بێ هیچ گوێدانێک بە کێش و ئەندازەی خێرایی هەوا تۆپ بۆ نێو گۆڵ هەڵدەدات ! ( بیتهۆفن) مۆسیقای دەژەنی سەرەڕای ئەوەی کەسێکی کەڕ بوو توانای بیستنی نەبوو ! ( بەشار بن بورد ) بەجۆرێک وێنەو تەوسیفی شتەکانی دەکرد هەروەک ئەوەی بیانبینی و لەبەرچاوت بن !
( بۆکۆفیسکی ) لە وانەی زیندەوەرزانی دا خەوی دەهات ، بەڵام لە نوسین و داڕشتندا بێ وێنە بوو ! ( چارلی چاپلین ) ملیۆنەها مرۆڤی دەهێنایە پێکەنین بێ ئەوەی یەک وشە لەدەمی بێتەدەرەوە !
کەواتە ئەمە ئەو راستیە دەسەلمێنێت کە شکستی هەر مرۆڤێک لە زانست و خوێندنی ئەکادیمیدا مانای ئەوە نیە ئەم کەسە تەمبەڵ و گەمژەو بێ توانایە ، بەڵکو مانای ئەوەیە ئەم کەسە بەهرەو زیرەکیەکەی لەم بوارەدا نیە ، ئەم کەسە لە مەیدانێکی تردا ئەسپی خۆی تاو دەدات و ، سەرقاڵی جۆرە پێشبڕکێیەکی ترە لە ژیانیدا ... خۆ ئەگەر ئێمە دەرکمان بەو بەهرەیەی ئەو نەکردو بوارو مەیدانەکەی ئەومان نەدۆزیەوەو ، هانمان نەدا لەسەری و ڕێگەی بەردەوام بوون لەسەریمان بۆ ئاسان نەکرد ، ئەوە نەزانی و کەمتەرخەمی و گوناهی ئێمەیە نەک لاوازی و تەمبەڵی ئەو .
ئەنیشتاین دەڵێت : ( هەموو مرۆڤێک بە جۆرێک لە جۆرەکان عەبقەریە ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئێمە تەنها لە ڕێی یەک پێوەرەوە بڕیار لەسەر هەموان دەدەین ، بۆ نمونە : ئەگەر ئێمە ماسییەکمان تەنها لەڕێی ڕادەی توانای سەرکەوتنی بەدرەختێکدا هەڵسەنگاند ، ئەوا ئەو ماسیە بەدرێژایی ژیانی خۆی بڕوای وادەبێت کە گەمژەو تەمبەڵ و شکستخواردووە !).
AM:11:14:03/01/2026
ئهم بابهته 2916
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی