پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا ئەمە موعجیزە بوو

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا هیچ کەسێک بە خەیاڵیدا نەدەهات ڕۆژێک بێتە پێشەوە  باوک لە منداڵەکەیەوە فێر ببێت، نەک لەڕووی حیکمەت و سەلیقەو ژیانەوە ، بەڵکو لە بواری تەکنۆلۆژیاو وردەکاریەکانی تری ژیانی ڕۆژانەوە ! هاوڕێیەکم کە پیشەی مامۆستایە و خاوەن توانایەکی گەورەی قسەکردن و ئاستێکی بەرزی ڕەوانبێژیە باسی حاڵەتێکی پێکەناوی بۆ کردم کە لەماڵەوەیاندا ڕوویداوەو وتی: ڕۆژێکیان کوڕەکەم ( کەتەمەنی پێنج ساڵانە )  بینیم  لەسەر شاشەی ئایباتەکەی باسی یارییەک دەکات بۆ براکەی تری کەلەخۆی بچوکترە، منیش بە گاڵتەوە پێم وت: ئەی بۆ منیش فێری ئەو یارییە ناکەی ؟!  دەڵێت : کوڕەکەم بە ئارامی و متمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە وەڵامی دامەوەو وتی :  ( باوکە زۆر ورد سەرنج بدە ، یاریەکە کەمێک ئاڵۆزو سەختە ! ) . ئینجا دوای ئەوە بەزەردەخەنەیەکەوە پێی وتم : ( بەس لەبیرت نەچێت ، باوەڕ ناکەم تۆ بتوانی فێری ببی !). هەردووکمان دەستمان کرد بە پێکەنین ... بەڵام من لە ناخی خۆمدا وانەو ڕاستیەکی نوێ حاڵی بووم کە ئەویش ئەوەیە :

ئێمە ئێستا لەبەردەم نەوەیەکداین چاوەڕێ ناکات ئێمە لێی تێ بگەین ، بەڵکو ئەو زۆر زیاتر لە پێش ئێمەوەیە ، نەوەیەک کە زۆر بەخێرایی فێر دەبێت و ، جیهانی تەکنۆلۆژیاش وەک زمانی دایک وایە لە لای .
نەوەیەکی زیرەک ، هۆشیار ، تێگەیشتوو ، سەربەخۆ ، هەستیار ، جیاواز لەهەموو شتێکدا  ! کەواتە تۆ :

----  نابێت ناچاری بکەیت ، دەبێت موناقەشەی بکەیت .
----  نابێت دەنگ بەرز کەیتەوە بەسەریدا ، بەڵکو دەبێت دڵت لێی نزیک بکەیتەوە .
----  نابێت دەسەڵاتی خۆت بەسەریدا بسەپێنی ، بەڵکو دەبێت ڕێزی ئەو بۆخۆت بەدەست بهێنیت.

ئەم نەوەیە نە وەسف و سەناو پیاهەڵدانی وشک کەڵکی هەیە بۆیان ، نە توڕەیی و ئاراستەی توندو تیژ ! ئەم نەوەیە پێویستی بە هاوڕێ و دۆستی دڵسۆز هەیە گفتوگۆی لەگەڵدا بکات ... پێویستی بە کەسێکە وەبەر هێنان لە زۆر زانی و زیرەکیەکەیدا بکات ، نەک سەرکوتی پرسیارەکانی بکات .. پێویستی بە کەسێکە بە ئارامی و نەفەس درێژی ڕێنموونی بکات لە جیهانێکدا کە پڕو لێوان لێوە لە هەڕەشەو مەترسیەکان ، پێویستی بەکەسێک نیە قیژەو هاوار بکات بەسەریدا لە ترسی ئەوەی نەبادا لابدات و پێی هەڵبخلیسکێت.

ڕاستە ئەم نەوەیە نەوەیەکی سەرسەختە ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەلێکی گەورەیە بۆ ئێمە .. ئەم نەوەیە پێویستی بە قوتابخانەیەکە هەموو کاتەکانی پڕ بکات لە زانست و مەعریفە ، پێویستی بە ماڵ و خێزانێکە دڵ و دەروونی پڕ بکات لە ئەمان و ئاسوودەیی و ئارامی ، پێویستی پە ژینگەیەکە عەقڵ و بەها باڵاکانی هێواش هێواش تێدا بنیات  بنێ .


AM:11:06:28/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی