دەروونناسیی شیعر: عەشق لای نالی، گۆران و بەختیار عەلی

‌نیاز نەجمەدین

شیعر تەنها لە دەربڕینی هەست لە جوانترین شێوەیدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو داتایەکە و توانای هەیە پشت وشەکانمان بۆ بخوێنێتەوە. دەشتوانێت زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتیی لە زەمەنی جیاوازدا بگێڕێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین، لەناویشیدا عەشق.

بۆ تێگەیشتن و رونکردنەوە، من گەشتێک بەناو چەند قەسیدەیەکی کلاسیک و مۆدێرندا ئەکەم. بۆ ئەم گەشتە کورتە، سێ کەرەستەی سەرەکییشمان پێویستە. یەکەمیان ئەوەیە شاعیرانی کلاسیک و مۆدێرن چۆن سەیری عاشق و رۆڵی مەعشوقیان کردووە؟ دووەمیان ئەوەیە پێگەی عەشق لە قەسیدەکانیاندا تا چەندە؟ سێیەمیان ئەوەیە لە کاتی جیابونەوەدا چۆن وەسفی یەکتریان کردووە؟
لە کلاسیکدا(سەدەی نۆزدە)، "نالی"ی وەردەگرم. لای ئەو، عاشق مرۆڤێکی بێ فێڵ و تەڵەکەیە، سادە و ساکارە:
"عاشق هەوەسی مەیکەدە و عیلمی بەسیتە
عاقڵ تەڵەبی مەدرەسە و جەهلی مورەکەب"
عاشق مەرج نییە پێویستی بە عەقڵ بێ، بەڵکو عیلمەکەی سادەیە، ئەوەیە بێ پێچ و پەنا کەسێکی خۆشئەوێت. ئەوانەی خۆیان بە عاقڵ دەزانن، لە راستییدا خۆبەزلزانن و کەسی خۆبەزلزانیش جەهلی مورەکەبی هەیە، کە بریتییە لەوەی وا خۆی دەبینێت کە زۆر دەزانێت، کەچی پێی نەزانیوە کە نەفامە و تەنانەت نازانێت کەرەستەی عەشق چییە.

عەشق لە کلاسیکدا روبەرێكی گەورە لە ژیاندا داگیر دەکات، جۆرێکە لە پیرۆزیی. لای نالی، عەشق یان نییە یان نابێ خیانەتی تیابێت:
"گوڵ بە دەم بادی سەباوە پێکەنی، بولبول فڕی
یەعنی عاشق لازمە دوور بی لە یاری بێ وەفا" (دیوانی نالی، ل١٢٥)
بولبول و گوڵ عاشق و مەعشوقن، چۆن دەبێ گوڵ بە دەم بای سبەینانەوە پێ بکەنێ؟ ئەگەرچی پێدەچێ گوڵ رەمزی مێ و بولبول رەمزی نێر بێ، بەڵام بەیتە شیعرییەکە بە رونیی دەریدەخات لە عەشقدا پێکەنینێک بە دەم کەسێکی ترەوە کە بۆنی شتێکی لێ بێ، قبوڵکراو نیە. لەمەش زیاتر، لای نالی عاشقی راستەقینە هیچی تری نیە پێی بژی روخساری مەعشوقەکەی نەبێ:
(مەکە خیلافی ئەو وەعدەی کە فەرمووت
دەخیلت بم کە خانەی سەبرەکەم سووت
لە رووت و قووتی وەک من روو(ت) مەپۆشە
کە وەسڵی تۆیە قووتی عاشقی رووت)
منێکی روت و قوت، هەژار و داماو، تەنها قوتێک، ژەمێک هەبێ پێی بژیم رووی تۆیە. روی تۆ قوتی منە. دە سا دەخیلت بم جێمنەهێڵی! خۆ کە جێمناهێڵی، ئیشی "منی عاشق" ئەوەیە تۆ بپارێزم، لە باشترین شوێندا داتنێم:
(تۆ کە حۆریت، وەرە نیو جەننەتی دیدەم، چ دەکەی
لەم دڵەی پڕ شەرەر و سینەیی سۆزانمدا؟ ) (نالی، ل٨٧)
کە دڵی عاشق گڕی گرتوە، ئەو نایەوێ مەعشوق لەو دۆزەخەدا دابنێ. بۆ پاراستنی مەعشوقەکەی، تەنانەت لە ئاگری خۆی، دەیەوێ لە چاوەکانیدا هەڵیگرێت. چاو باخێکە وەک بەهەشت کە فرمێسکی عاشق هەمیشە دەیبوژێنێتەوە و ناهێڵێ وشک بکات. پێدەچێ لە کلاسیکدا، چاو کەرەستەیەکی سەرەکیی گوزارشتکردن لە هەستی عاشقانە بووبێت و ئەرکی عاشقیش بووە کە شاسواری پاراستنی مەعشوق بێ.
پاڕانەوە لێرەدا بەهای عەشق لە سەردەمێکدا دەردەخات کە هێشتا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرنگترین شتێکن مرۆڤ هەیبێ، گرنگییەکەشیان بۆ پارەپەیداکردن نیە، بەڵکو لەبەر خودی خۆشەویستیی خۆی گرنگن. رەنگە خۆشەویستیی لە سەردەمی برسێتییدا زیاتر لە سەردەمی تێریی بەرگە بگرێ. لە سەردەمی گەشەدا، خوێندن و بڕوانامە، کارکردن و سەرکەوتن، بەکاربردن و پاشەکەوت لەگەڵ خۆیان دەمانبەن و بەهایەکی ئەوتۆ بۆ خۆشەویستیی ناهێڵنەوە. ئەمڕۆ ئەستەمە مامۆستایەکی زانکۆ بکەوێتە داوی خۆشەویستیی کەسێکەوە کە بڕوانامەی نیە. لای کەم لە سەرەتای هەڵبژاردنی کەسێکدا بۆ پێکەوەژیان، دڵ مەیلی کەسی بێکار ناکات و بەداویدا ناگەڕێ. بەزەحمەت دەیەوێ سەمای لەگەڵ بکات و بۆ ماوەی درێژ بمێنێتەوە.

بەڵام خۆشەویستیی لەو سەردەمەدا بە پاڕانەوە و لاڵانەوە ناوەستێ، تا مردن و سوتانی دڵ دەڕوات:
(لە سندوقی پڕی سینەم بترسە
کە ئاگر بەر بداتە تەخت و تابووت)
مامۆستا حەمەی مەلا کەریم دوو تەفسیری بۆ ئەمە کردووە، یەکێکیان ئەوەیە کە مەرگی عاشق ئاسان تێناپەڕێت، تەنانەت یاریش بە خۆیەوە دەسوتێنێ و توشی ئازاری ویژدانی ئەکات. ئەویتریان (کە من باوەڕم زیاتر پێیەتی) ئەوەیە کە عەشقەکەی هێندە گڕاوییە تەنانەت مردن نایکوژێنێتەوە و تابوتەکەشی ئەسوتێنێ.

لێرەدا یەکەم تێبینیی خۆم لە رووی دەروونناسییەوە دەخەمەروو: تەفسیرەکە هەر کامیان بێ، وشەی (ترس) مانای هەڕەشەیە، ئاگادارکردنەوەیەکە کە من بەرگەی جێهێشتن ناگرم. ئەمڕۆ لە دەروونناسییدا ئەم دۆخە بە تەندروست دانانرێ، چونکە تۆ دەبێ مافی بەرامبەر بدەیت جێتبهێڵێت ئەگەر تەنانەت لەبەر ئەوەش بێ کە ئیدی بێزار بووە لە پەیوەندییەکە. بەڵگەیەکی ترم ئەم کۆپلەیەی خوارەوەیە:
(نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ
نەچم، شەرت بێ، هەتا ئەم خوارە بێ تۆ)
پێچەوانەی زۆرێک لە عاشق و مەعشوقی مۆدێرن کە بۆڵەیانە کاتێک یەکێکیان بە جیا سەفەر بکات، عاشقی کلاسیک خۆی پەشیمانە لەوەی بە تەنها بەبێ ئەو رۆشتووە. سەفەرەکەی وەک گوناحە سەیر دەکات و تۆبە دەکات، پەیمان دەدات کە جارێکیتر تا ئەم خوارەش جێیناهێڵی.
تا ئێرە کێشەمان نیە. عاشق بوێرانە هەستی خۆی دەردەبڕێ و ناترسێ ئیستیغلال بکرێت. بەڵام دواتر دەڵی:
(لە کن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لە کن من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ)
پرسیاری من لە شاعیری گەورەی کورد ئەوەیە: ئەم حوکمدانە لە کوێوە هات؟ بۆچی خۆت وا دەبینی کە عاشقی راستەقینەیت و ئەو وا وێنە دەکەیت کە ئازاری نییە، لە خۆشیدا نازانێ چی بکات دوای ئەوەی تۆی لە دەست داوە؟
لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، عەشق پێگەیەکی گەورەی هەیە. ئەدەب ئەو گۆڕەپانەی جەنگە کە هەموو چەکێکی خۆی دەخاتەگەڕ تا بە توندیی بەرگریی لێ بکات. لای 'گۆران' (لە ١٩٥٠کان و کەمێ زوتر)، هیچ شتێک نییە لە جوانیی و تامدا شان بدات لە شانی عەشقی مەعشوق. سروشت بەو هەموو جوانییەوە ناگاتە 'بزەی ئازیز':
(کام ڕەشی ئەگا بە رەشیی چاوی؟
برژانگی؟ برۆی؟ ئەگریچەی خاوی؟
کام بەرزی جوانە وەک بەرزی باڵای؟
کام تیشک ئەگاتە تیشکی نێونیگای؟
کام تاسە، کام مەیل، کام چاوەنواڕی؟
تەلیسماوییە وەک هیی دڵداری؟ )
کەواتە لای گۆرانیش، تاسە و مەیل و چاوەڕوانیی مەعشوق جیایە لە هەموو شت.

لە قەسیدەی "گوڵی خوێناوی"دا، دەمانگێڕیتەوە بۆ پەیوەندیی عەشق و گیانفیداکردن. کوڕ داوا لە یارەکەی دەکات پێکەوە بچن لە زەماوەندەی ئەو ماڵە، تاوێ هەڵپەڕكێ بکەن. کچە ورک دەگرێ و دەڵێ: ئەرز بدات لە ئاسمان، تا گوڵی سورم بۆ نەهێنیت، نایەم. عاشق دەپاڕێتەوە، رونی دەکاتەوە پاییزە و گەڵا دەوەرێ، گوڵی سور دەست ناکەوێ. کچە لە کەلی شەیتان نایەتە خوارەوە، لە عاشقەکەی چاوەڕێی مەحاڵ دەکات. لای مەعشوق، عەشق سەرکەشییکردنە بە ژیانەوە دەنا کەی عەشقە؟
(بتدایە دڵ بە من، بە هەموو مەعناوە
دوو چەپکت ئەهانی لە باغچەی پاشاوە)
کوڕە دۆشدائەمێنێ، نازانێ چی بکات. ئەگەر بچێ، ئەوا (باخچەی پاشا لەوبەر ئاوە، خێڵی دوژمن دەوری داوە)، بۆی هەیە بکەوێتە کەمینە و تیابچێت. نەشچێ، یارەکەی دەتورێ و بە قسەی ناکات. لە پێناوی عەشقەکەیدا، بژاردەی یەکەم هەڵدەبژێرێ. ملی رێ دەگرێ و دەڕوا... لەو سەرەوە بە برینداریی دەگەڕێتەوە. بەڵام هێشتا نایەوێ یارەکەی پێی بزانێ. دەیەوێ بۆ دواجار بەر لە مردن هەرچۆنێکە دەستی یار بگرێ و هەڵپەڕکێیەک بکەن. بە یارەکەی رادەگەیەنێت لە ماڵی پاشاش گوڵی سور دەست نەکەوت. بەس ئەوەتا، گوڵی زەردی هێناوە و ئیتر هەستە بەڕێکەوە: "شاییە، چۆپییە لەو ماڵە". لەبەر ئەوە بووبێت یارەکەی تاقیبکاتەوە و یان ویستبێتی لە باشترین شێوەدا لەگەڵ عاشقەکەی زەماوەند بکات و کەس رکابەری نەبێ، کچە بە گوڵی زەرد رازی نابێ. ئیدی کوڕ یەخەی مراخانیی دەترازێنێ و دەڵێ: لە باتی گوڵی سور، "ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم؟"
کە کچە دەبینێ بریندارە و دڵی سورە بە خوێن، ئینجا تێدەگات یارەکەی دووجار بریندارە. جارێ بە تیری عەشقی ئەم و جارێ بە فیشەکی ماڵی پاشا. بێهودە هاوار دەکات:
راکشێ، تاوێ سەر بنێرە سەر رانم
با بگریم بۆ دڵێ، بۆ گوڵێ دۆڕانم!
لێرەدا گۆران دیسانەوە ئەگاتەوە بەو شوێنەی کە رازیکردنی مەعشوق بۆی هەیە تا مردنت بەرێ. عەشق لەوە دەربازی نابێ کە چیرۆکێکە کۆتاییەکەی تراژیدیایە.

بەڵام شتێک لە گۆراندا، دەربارەی عەشق گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەو بەشێکی لۆمەکە دەخاتە سەر خۆی و دادپەروەرانەتر لە پەیوەندیی دەڕوانێت و کەمتر گەمەی "لۆمەکردن" دەکات، وەک لە هەڵبەستی (پەشیمان)دا، دەیبینین:
(قیبلەی عەشقم، هۆی ئاوازەم
هێلانەی هەڵبەستی تازەم
چۆن ئەتوانم بڕەنجم لێت،
هەی خاک بەسەر! ئینسانی شێت؟
........وەستاوم، سا دڵم خۆش کە
شیعری پێشووم فەرامۆش کە!)
بۆ گۆران، شێتێتییە مەعشوق بتۆرێنی. دەبێت لۆمەی خۆت بکەی ئەگەر شتی وات لە دەست بێت.

کە دەگەینە لای بەختیار عەلی (١٩٨٠کان تا سەرەتای ١٩٩٠کان)، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە رێچکەی جەنگ و شەڕی ناوخۆ و ململانێ بۆ بردنەوە دەڕۆن. لەناویشیدا، عەشق سەردەمێکی سەخت دەژی. لە قەسیدەی "عەشق"دا دەڵێت: "تۆ لە نەوەی ئەو میللەتانەی لە خوێنی یەک دەخۆنەوە".
سەردەمێکیشە خەڵک تەنها دامەزراوەکان فەرهود ناکات وەک لە راپەڕینەکەدا بینیمان، بەڵکو تەنانەت لە عەشقیشدا بیرکردنەوەی "فەرهودکردن" زاڵە بەسەریاندا:
"ئەی یار، لەم ساتی تاڵانییەدا، تاڵانمکە، چونکە من هاتووم تاڵانتکەم
رەشەباکانم لێبستێنە، چونکی من ئەستێرەکانت لێدەستێنم
مزگەوتەکانم لێبستێنە، چونکە من باغچەی گشتیت لێدەستێنم"
عەشق لێرەدا هەمان پرەنسیپی شەڕ و قۆڵبڕینی هەیە، تەنها ئەوەیە عاشق شەفافانە نیەتی دڵی خۆی رادەگەیەنێت. سەردەمێکە راپەڕینی چەکدارییە، دەشتەکان بە دەست بەعسەوە بوون و بورکانی تاڵانیی لە شاخەوە دێتە خوارەوە و دەڕژێت بەسەر دەشت و شارەکاندا. ئیدی لەم سەردەمەوە تا ئەمڕۆ، مرۆڤ مرۆڤی ناو یارییەکان و چیرۆکەکان و فیلمەکانە. چێژ لەوە دەبینێ لەناو گەمەیەکدا بێت و چیرۆکێکی هەبێ، گرنگ نییە چیرۆکەکەی چەند دڵنیایی پێ دەبەخشێ و چەند درێژە دەکێشێ، چەند ئەو دوو کەسە پێکەوە گەشە دەکەن و چەند دڵیان لای یەکترە.
بەڵام بەختیار عەشق دەباتە ئاستێكی تر، بە یار دەڵێ "عەشق جەنگە، بەڵام ئێرە بازاڕی خیانەتە". ئێستا روبەڕوبونەوەی ئەم بازاڕە تەنها بە عاشق ناکرێ، مەعشوقیش دەبێ رۆڵی خۆی ببینێ:
(ئەی یار...ئەگەر پرشنگی تۆ لە پرشنگەکانی زیو رۆشنتر نەبێت
دەنگی من لە دەنگی بەیانییە ناسازەکانی مردن گەورەتر نابێت
ئەگەر تۆ ئاوازی جەنگ نەخوێنیت
شمشێرەکانی من لاسکی گوڵەکانی ئەم جەهەنەمەیان بۆ نابڕێت)

عەشق و رۆمانسییبوون وەڵامە بە دنیایەک کە دەیەوێ ملمان بکات بە پەتی پارە و سێکس و دەسەڵاتەوە، لەو سێکوچکەیەدا بە ئاسمانەوە بمانهێڵێتەوە و نەشمانکوژێت. عەشق و رۆمانسییبوون مانەوەیە لە سەنگەرێکدا کە ئامادەی ببەخشیت و هاوکار بیت. بەڵام ئەمە ئیشێکە تەنها بە عاشق ناکرێ، بەڵکو دەبێت تیمەکە تەشکیل ببێ و هەر یەک رۆڵێکێ هەبێ. دەبێ خیانەتەکە روو نەدات و هیچیان تەسلیم نەبن.

کەواتە عەشق لە زەمەنی جیاوازا بەشێوەی جیاواز سەیر کراوە. هەندێک لە گۆڕانکارییەکان دەشێت باش و هەندێکی خراپ بووبن. بەپێچەوانەی جارانەوە کە بۆ یەک کەس دەژیان و لە عەشقدا مەرج دانەدەنرا، مرۆڤی ئەمڕۆ ناسەقامگیرە، نە لای کەس و نە لە هیچ شوێنێ ئۆقرە ناگرێ. بەڵام ئەگەر عاشقانی ئەمڕۆ تێپەڕن، خێرا دەدەن بە لاتدا، دوو گوڵ دەچنن و دەڕۆن، گوڵێکن لەگەڵ بولبول و لەگەڵ "با"ش دەم بە خەندەن، دەڕۆن و خۆشیان نازانن لە کوێ و لای کێ دەنیشنەوە، ئەوا دوای گەشە و گۆڕانکارییەکانی، دیوە باشەکە ئەوەیە عەشق پێویستی بەوە نییە لایەنێک رۆڵی پاڵەوان و شاسوار ببینێ و لە کۆتاییدا بمرێ، بەڵکو تیمێکە و پێکەوە شەڕەکە دەکەن. جێهێشتنیش نابێت یەکسان بێ بە مەرگ و کۆتاییهێنان بە ژیان. سەردەمەکە بایی ئەوەندە بژاردەی تری خستۆتە بەردەست کە جیابوونەوە لە رەگەوە هەڵتنەتەکێنێ، بەرامبەرەکەش وەک شەیتان وێنا نەکەیت کاتێ نایەوێ لەگەڵ تۆ بژی.

گرفتێكی تری ئەم سەردەمە نەرجسییبونە. لە دنیای ئەمڕۆدا، نەرجسییبون، خودسەنتەریی، خەریکە دەبێت بە دیاردەی باو. شیعر ماددەی خامی گۆرانییە، بۆیە بۆم هەیە پشت بە گۆرانییەک ببەستم. سەیری ئەم تێکستەی شاباز زەمانیی بکەن کە وابزانم لە ٢٠٢٣دا بڵاویکردۆتەوە (بەپێی یوتیوب):
(ئێستا تۆ بانگم ئەکەی
هەمیشە ناوم ئەهێنی
هەر تۆ بوی تکام کرد لێت، کە ناوم نەزڕێنی
یاریی بە هەستم نەکەی، لە دڵرەقیی وازبێنی
رۆژێک دێت کە بێدەنگ بم
بۆ هەمیشە ون بم لێت
ئیتر سەدا و دەنگی من
قەت نەیەتەوە بەرپێت
رۆژێک دێ کە نەمبینی
چاوت هەر چاوەڕوان بێ)

لێرەدا موزیک ناسکە، دەنگ هەژێنەرە، دابەشکردن باشە، بەڵام تێکستەکە عاشق وەک بێگوناحێک ئەناسێنێ. پەیامەکە باسی "من"ە کە جێهێشتنم ئەتکوژێ و خۆشت تاوانباریی. بە هیچ شێوەیەک مەبەستم شکاندنی شاباز نییە و چەند جار گوێم لێگرتووە و چێژم لێ بینیوە، بەڵکو قسەکەی من ئەمەیە: ئەی بۆ تۆ خۆشت هۆکار نەبی کە ئەو رۆشت و نەگەڕایەوە؟ بۆ بەناوی وەسفی شیعرییەوە هەموو شتەکە بەسەر ئەودا بشکێنینەوە؟ ئایا وەسف شەرعییەتمان پێدەدات هەرچۆن ویستمان ئەنجامی پەیوەندییەکە وەسف بکەین؟

دەرئەنجام
زانستەکان دەکرێ هاوکارمان بن لە تێگەیشتن لە ئەدەب، وەک چۆن ئەدیبەکانیشمان دەبێ بەشی خۆیان لە زانستی پەیوەندییدار بە تێکستەکانیانەوە تێبگەن و شارەزا بن. ئەگەر تێکستی شیعریی یان گۆرانیی، هانی خۆکوشتن بدات، یان نادادپەروەرانە کۆی شکستی عەشق بدات بەسەر لایەنێکدا، ئەوا قەڵەمی ئەدەبیی و نۆتەی موزیک هیچی تریان نەکردووە جگە لەوەی بەشدارن لە بەرهەمهێنانی تێکست و کەلتورێکدا کە دەچنە خانەی نەرجسییبوونەوە، بەو واتایەی "من گوناحم نەبوو، هەمووی تۆ بووی...هەمووی". شیعر تەنها دروستکردنی تابلۆی قەشەنگ و کارگەی بەرهەمهێنانی وشەی نوێ نییە، بەڵکو زمانێکە بۆ گوزارشت لە ناخمان و بیروبۆچونەکانمان، پەیامێکە و نەوە لە دوای نەوە دەڕوات، کارێکە دەرونێکی ساغی دەوێت.


AM:11:58:23/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی