پارتی لە نێوان بانگەشەی مافی ژن و شکۆدا؛ بە ئامانج گرتنی بەندە بۆ؟
ئاشتی عەبدوڵا
ماوەی مانگێکە سۆشیال میدیا و پەیجە سێبەرەکانی پارتی خراونەتە سەر هێڵ بۆ هێرشکردنە سەر بەندە، لە تەشهیر و ناوزڕاندنەوە تا هۆنینەوەی درۆ و قسەی بێ بنەما و هەڵبەستراو هیچ نەماوە نەیکەن.
هەرچەندە کەسایەتی من زۆر لەوە گەورەترە بە درۆ و قسەی هەڵبەستراو لەکەدار بم، چونکە ئیشوکار و خزمەتەکانم بە دۆسیەی ژنان و مافی مرۆڤ و خەڵکانی بێ پەنا خۆی بۆ خۆی وەڵامدەرەوەی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەڕێگەی سۆشیال میدیای بەکرێگیراو و خەڵکانی پارە خۆرەوە هێرش دەکەنە سەر من، دەزانم ئامانجەکەیان چییە و بە خەیاڵی خۆیان لەکێ دەدەن، بەڵام کەس بە درۆ نەیبردووەتەوە و ئەنجامی درۆش شەرمەزارییە.
ئەوان لەپێناو تەسفیەی سیاسی و ململانێی حزبی ئامادەن دەست بۆ هەموو کارێکی قێزەون و درۆ و تۆمەتێکی ناشیرین بەرن، تۆمەتەکانیشیان لەڕێگەی خەڵکانی بەکرێگیراوەوە هێندە بە خێرایی و بێ دیراسە هەڵبەستووە، ئەوەیان لە بیرچووە کە "ئارامی خێزان، ئاشتی کۆمەڵگا"، وەکو بەشێک لە پابەندبون لە بەها کۆمەڵایەتی و کوردەوارییەکان هەمیشە دروشمی کارکردنم بوە و ئەو دروشمەم لە ئیش و کاری ڕۆژانەمدا پراکتیزە کردووە.
ئەوەی بەلای منەوە مایەی سەرنجە، بەرپرسانی پارتی هەر چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە حزبەکەیان کرد و جەختیان لە پاراستنی مافی ژنان دەکردەوە!
هەر بەرپرسانی پارتین لە ڕێگەی کەناڵەکان و لای ناوەندە دیپلۆماسییەکان بانگەشەی درۆینەی پاراستنی مافی ژنان دەکەن!
بەرپرسانی پارتی لە سەرەوەی دەسەڵاتەوە تا ئەندامێکی ئاساییان باسی شکۆ و کەرامەت دەکەن، باس لە پابەند بونی حزبەکەیان بە ئیتیک و ڕەوشتەوە دەکەن، بۆیە دەمەوێت ئەو پرسیارەیان ڕووبەڕوو بکەمەوە، هێرشکردنە سەر ژنان وهەڵبەستنی درۆ لەکوێی ڕەوشت و شکۆدا جێگەی دەبێتەوە؟ ئایا هەر بە ڕاستی تۆمەت و درۆ بەلای ئەوانەوە بەشێکە لە ڕەوشت و شکۆ؟
دەمەوێت ڕووی دەمم لە کونسوڵخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانیش بکەم، کاتێک بەرپرسانی پارتی دێنە لاتان و بانگەشەی پاراستنی مافی ژنان و لە ئەستۆ گرتنی دۆسیەکانیان دەکەن، لەمەودوا ئەو پرسیارە لە بەرپرسانی ئەو حزبە بکەن کە مانگانە چەندە پارە لە سۆشیال میدیای بەکرێ گیراودا خەرج دەکەن بۆ لەکەدار کردنی شکۆی ژنان؟
PM:03:17:22/12/2025
ئهم بابهته 1032
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی