شەرمی بە مێیینە وێران
رهحمان غهریب
با دوور نەڕۆین، ئەو كاتەی كە دەیانویست ورەی زیندانیییەكی سیاسی بڕوخێنن، بە خوشك و هاوسەرەكەی هەڕەشەیان لێ دەكرد، وەك ئاماژەیەك بە شكاندنی شكۆ و شەرەفی خێزانەكە، نزیكترتان بكەمەوە بگەڕێنەوە بۆ ئەخلاقی داعش لەگەڵ خێزانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتەكەی ، ژن لەلایان بارمتەی شەرەفی كۆمەڵگا بوو.
زۆر بە كورتی: ئەوانەی ژن دەكەنە كەرەستەی فشار، تۆزێك لە ئەخلاقی عەریفی ئەمنی سەدام و زۆریش لە ئەخلاقی داعشیان هەڵگرتووە، ئینجا ئەوەی بەم ئەخلاقە دڵخۆشە، ئەبێت پشكنینی DNAی بۆ بكرێت، بزانین لە توخمی چ بوونەوەرێكە.
ئەمڕۆ گوێڕایەڵی بۆ حزب، لە هەڵگرتنی كلاشینكۆف چەند مەخزەنێكی ژەنگاوییەوە بازی داوە بۆ ئەندامییەتی میلیشیای ئەلیكترۆنی، جەنگاوەرەكانیان بوون بە مێش، مێشێكی ئەلیكترۆنی كە شكۆی ژنان دەشكێنن، سوپایەكی جوێنفرۆشیش بەلایك كە كۆمێنتی ئاستنزم لەخزمەتیاندایە، كە ئەم هەموو ڤیدیۆ و راپۆرتی چەواشەكارانە بە قەسدی شكاندنی سیاسی دەبینیت، پرسیار دەكەیت، ئەم دونیا ناشرینەی سیاسەت لە هەرێمدا پێویستی بە چەند نەخۆشخانەی دەروونی هەیە؟
تەماشایەكی خێرا بە هەڵمەتی هێرش و پەلاماردانی ژنانی چالاكوانی سیاسی و رێكخراوی مەدەنی لە ناوخۆی كوردستان، مەیلی ئارەزوویەكی ترسناكمان لە شكاندنی ئیرادەی ژنانی چالاكوان پیشان دەدات، لە رێی ئەوانیشەوە ترساندن و سەركوتكردنی هەر دەنگێكی تر بۆ بەشداری سیاسی و گۆڕانكاری.
ئەمە بانگەشە نییە بۆ چاوپۆشی لە ژن كە قاچی دەخلیسكێتە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی، قسەكردنە لە بژاردەیەك لە ئامرازی ململانێدا، كە نە دینی هەیە نە ئەخلاق.
ئەو هێرشە دڵڕەقەی سەریهەڵداوە، قاچێكی لەناو سیستمی باوك سالاری و ئەوی تریشیان لەناو ململانێی سیاسییدایە. رۆژانە بە هەڵمەتەكانی ناوزڕاندن و هەڵبەستنی درۆ، وەك هێزێك رەوایەتی بەخۆیان دەدەن، بەبێ ئەوەی لە ناو ئەم هەموو باوك و برا سیاسیانەی دیمەنەكەیان داگیركردووە، بە بێ ئەوەی ئەم رێكخراوی ژن و حزبی سیاسی پیاوانە، خۆیان بە كەس و خزم و هاوپشتی ئەم ژنانە بزانن.
لەم ژینگە تۆقێنەرەی تۆمەتبەخشینەوە و ناوزڕاندنی چالاكوان و خاوەن پێگەی دیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی، لەم زەمەنە ناشرینەی باوك سالاریەدا، باوكێك، برایەكی گەورە، ناوەنجی، یان بچوكمان نەبینی بڵێت: ئەم شكاندنی شكۆی خوشك و دایكانە لە پای چی؟
نیشتمانێك ئازادی و كەرامەتی ژنان بكاتە كەرەستەی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی، ئاساییە میدیا سوپای پاسدارانیش بۆ پشتیوانی بێتە ناو گەمەكەتان .
هەڵمەتەكانی چەواشەكاری و تۆڵەسەندنەوە لە حزبەكان لە رێی ژنانەوە لە دوو حەفتەی رابردوو، ئینجا پاڵپشتیكردنی لەو دیوو سنوورەوە، پێیی گووتین كە ئێمە لە سەردەمێكدا دەژین، ئەوانەی دوای ئێمە دێن سەریان دەسوڕمێ لە لێكچوونی ئەخلاقی میدیای سیاسی ئەم هەرێمە، لەگەڵ میدیای داگیركەر.
PM:02:04:22/12/2025
ئهم بابهته 1200
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی