شارەزای ئەم بوارە نەبین دوادەکەوین

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

ئەوەی تەکنۆلۆژیا لە جیهانی مرۆڤایەتی ئێستادا هێناویەتیە کایەوە لە خەون دەچێ، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە تەکنۆلۆژیا سەرجەم ئافەت و پەتاو نەخۆشیەکانی سەرگۆی زەوی بنەبڕ بکات، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە تەکنۆلۆژیاو ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکان تەمەنی مرۆڤەکان زۆر زیاتر لەوەی ئێستا هەیە درێژتر بکاتەوە، مرۆڤی ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە بەیەک کلیک خۆی لە جێگایەکدا ببینێتەوە زۆر جیاوازتر بێ لەو جێگایەی چەند ساتێک پێش ئێستا خۆی تیایدا دەبینیەوە، هەروەها مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە بیر لەوە دەکەنەوە بێ دەستێوەردانی کەسانی تر توانای دیاری کردنی (بۆهێڵەکان و کرۆمۆسۆمەکان)ی خۆیانیان هەبێت!


لەم جیهانە خەون و خەیاڵەی تەکنۆلۆژیادا و، لەسەرووبەندی قۆناغی سەرەتای ئەم ساڵی پرۆسەی خوێندن لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەلێکی گرنگە گەنج و لاوەکان جگە لەبواری مەعریفە، تواناو بەهرەکانیشیان لەبواری تەکنۆلۆژیاو بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیە پێشکەوتووەکاندا زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن، بەتایبەت کەڕێژەیەکی زۆریان لەقۆناغی ئامادەییەوە بەرەو قۆناغی زانکۆ هەنگاویان ناوە کەئەمەش زەرورەتی شارەزابوونیان لەزانستی تەکنۆلۆژیادا _ کەیەکێکە لە پێویستیەکانی سەردەم _ چەند بارە دەکاتەوە!

گومانی تێدا نیە شارەزا بوون و قاڵبوونی زیاتر لەبواری تەکنۆلۆژیادا ڕەگەزێکی سەرەکیی وبنەڕەتیە لەدیاری کردن و زامن کردن و ڕەنگ کردنی بەشێکی گەورە لە داهاتوو و چارەنووسی قوتابیە لاو و تازە پێگەیشتووەکان لەم سەردەمەی ئێستادا!

ئەڵبەتە ئێمە بەحوکمی ئەوەی کارو پیشەمان فێرکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکی مەعریفیی و ئەکادیمییە لە نێو ناوەندێکی باڵاو دامەزراوەیەکی گەورەی زانستیی ئەکادیمیی وەک زانکۆدا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکی هەرە زۆری قوتابیانی زانکۆو ناوەندەکانی خوێندن لەبواری تەکنۆلۆژیادا لاوازو کۆڵەوارن و شارەزای بەکارهێنانی دروستی ئامێرو ئامرازو سەکۆ زانستیە فێرکارییە ئەلیکترۆنیە زیندووەکان نین و، بگرە هەندێک جار بێ تواناو ناشارەزاشن لە چۆنیەتی وەدەستخستن و ڕاکێشان و سوود وەرگرتن لە کتێب و سەرچاوە زانستیە ئەلیکترۆنیەکان!

دیارە چارەسەر کردنی ئەم گرفتە ئەرکێکی قورس نیە ، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە مرۆڤی خوێندەوارو رۆشنبیر هەر کەسێک بێت و لەهەر ئاست و چین و توێژێک بێت ئەگەر ئاشنای جیهانی تەکنۆلۆژیای سەردەم نەبێت و، شارەزای بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیە زیرەکەکانی بواری خوێندن و فێرکردن و وانە وتنەوە نەبێت سوود و دەستکەوت و هەلێکی زێڕینی گەورە لەدەست دەدات، ئەمە جگە لەوەی ئەم کەسە لەلای شارەزایان و پسپۆڕانی (گەشەی مرۆیی) و بەپێی پێوەرە ئەکادیمییە جیهانیەکان بە کەسێکی ناشایستەو رۆشنبیرێکی نەخوێندەوارو تەمبەڵ لەقەڵەم دەدرێت!

لەتازەترین ئاماردا کە (بانکی نێودەوڵەتیی) ئامادەی کردووە ئاشکرا بووە کە ڕێژەی 85%ی ئەرک و  وەزیفەو  بوارەکانی 
کارکردن لە داهاتوودا پێویستیان بە (تواناو بەهرەو لێهاتوویی و شارەزایی ئاست بەرز) هەیە لەبواری تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوودا، کەدیارە ئەمەش گرنگی و زەرورەتی خۆئامادەکردنمان بۆ ئەو قۆناغە بۆ دەردەخات، بۆیە پێویستە نوخبەی زانستی بەگشتی و قوتابیان بەتایبەتی لەهەموو ئاست و قۆناغەکاندا لەئێستاوە لەهەوڵی خۆ بەهێزکردن و بەرەو پێش بردن و گەشەپێکردنی زیاتری تواناکانیان بن لەبواری تەکنۆلۆژیادا، ئیتر ئایا لەڕێی بەشداریکردن لە خولە تایبەتەکانەوە بێت، یان لەڕێی ئەو کتێب و سەرچاوە پەیڕەوییانەوە بێت کە زانکۆکان و دەزگاو دامەزراوە تایبەتەکان ئامادەیان کردوون.

مەعلومە شارەزایی قووڵ لەبواری بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیادا بەتایبەت لە پرۆسەی خوێندنی باڵادا ئامرازێکی نزیک و ڕێگایەکی هەرە زیندوو و کاریگەرە کە یارمەتی قوتابیان و کەسە ئەکادیمیەکان دەدات لە داواکاریەکان و پێشهاتەکان و گۆڕانکاریەکانی (بازاری کار) دانەبڕێن و دوانەکەون.

بەپێی توێژینەوەیەک کە (کۆربەندی ئابووریی جیهانیی) بڵاوی کردوەتەوە پێشبینی دەکرێ تاساڵی 2030  زەرورەتی شارەزابوون لەتەکنۆلۆژیای سەردەمدا رێژەی %55 تێپەڕێنێ، بەتایبەت لەگەڵ هەڵکشانی داواکاریی لەسەر تواناکانی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای زیرەکی دەستکرد و شیکردنەوەی ژمارەو داتاکان.

لەڕاستیدا زۆربەی توێژینەوە ئەکادیمییە جیهانیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو وڵاتانەی وەبەرهێنان لەبواری فێربوونی تەکنۆلۆژیادا دەکەن و تواناو بەهرەی لاوەکانیان لەبەکارهێنانی تەکنۆلۆژیادا زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەن، ئەو وڵاتانە توانای داهێنان و پێشکەوتن و گەشەکردن و هەڵکردنیان لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانیەکاندا زیاترو فراوانترە! 

لەبیریشمان نەچێت گەشەدان بە مەعریفەی تەکنۆلۆژیی لە قۆناغی ئێستادا هەنگاوێکی هەرە گرنگ و سەرەکیە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێزو پێشخستنی وڵات و کۆمەڵگە، لە ئێستاوە دەبێت گرنگی دان بەو بوارە خەمێکی هەرە گەورەی دەسەڵات و کۆمەڵگەو نوخبەی ئەکادیمیی بێت لەپێناو زامن کردن و دەستەبەرکردنی چارەنووس و داهاتوویەکی ڕووناکترو  پرشنگدارتر بۆ نیشتیمان و نەوەکانی داهاتوو.


PM:03:30:19/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی