بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا: خزمەتکاری نوێ

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

جیهان لە ئێستادا ڕووبەڕووی چرکەساتێکی مەترسیداری بێ وێنە دەبێتەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا ، ئەویش لە ڕێی هاتنە پێشەوەی چەند مەخلوقێکی ئەلیکترۆنی زۆر زیرەکەوە کە دەکرێ ئێمە بە ( خزمەتکارە نوێکانی مرۆڤایەتی/ The New Servants of Humanity ) ، ( TNSOH ) ناوزەدیان بکەین ،  یەکێک لە هەرەگرنگترینی سیفەت و خەسڵەتەکانی ئەم خزمەتکارە نوێیانە ئەوەیە :  ئاستیان زۆر زۆر بەرزترە لە ئاستی گەورە مرۆڤەکانیان ، لە ڕووی خێرا بیرکردنەوەیان و بەرفراوانی زانیاریەکانیان لەمەڕ هەر بابەتێک کە دێت بە خەیاڵدا ، هەروەها توانای بڕیاردانیان بە متمانەبەخۆبوونێکی ڕەهای بێ وێنەوە دوور لە هەموو جۆرە سۆزو کاریگەرییەک ! لێرەوە و لەسەر ئەم بنچینەیە ئیتر جۆرە پەیوەندیەکی نوێ لە دایک دەبێت کە مرۆڤ بە درێژایی مێژووی خۆی لەگەڵیدا ڕانەهاتووەو دەستەو پەنجەی لەگەڵیدا نەرم نەکردووە ، ئەو پەیوەندیەی کە هەڵگەڕاوە یان پێچەوانەیە لە نێوان خزمەتکراو ( مخدوم ) و خزمەتکار ( خادم)ەکەیدا . کە دەڵێین پەیوەندی هەڵگەڕاوە واتە لەبری ئەوەی گەورە -- خزمەتکراو -- بەویست و ئارەزووی خۆی خزمەتکارەکەی هەڵبسوڕێنێت و ئاراستەی بکات ، دەبینی ئەوە خزمەتکارە نوێکەیە زانست و زانیاریەکانی لە لایەو گەورەکەی هەڵدەسوڕێنێت نەک بە پێچەوانەوە ! دەبێت هەر ئەویش ( خزمەتکار ) بڕیار لەسەر هەر شتێک بدات کە پەیوەستە بە گەورەکەیەوە ، دیارە بەمەش دەبێتە سەرکردەی گەورەکەی خۆی کە مرۆڤە ! ئەوەی سەرنج ڕاکێش و شۆکهێنەرە ئەوەیە : لایەنی گەورە / مرۆڤ هیچ شتێکی بەدەست نیە تەنها ملکەچ بوون و گوێڕایەڵی کردنی تەواوی خزمەتکارە نوێکەی نەبێت ، هەروەها  ڕێکردن و ڕۆشتن تەنها بە شوێن پێی ئەوداو هیچی تر . 

وا دیارە لە داهاتوودا خزمەتکارە نوێکان ( TNSOH )  ئاراستەی ژیانمان  دەکەن و لەجیاتی ئێمەش بڕیارەکانی ژیانی ئێمە دەدەن ، چ بڕیارە سەخت و ئاڵۆزەکان ، چ بڕیارە سادەو ئاساییەکان .. ئەوە ئەوانن ئێمە بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشن کاتێک ئێمە بە بیرکردنەوە سادەو لاوازەکانمان و متمانەی کوێرانەمان به ئەوان عەقڵەکانمان سڕ دەکەین و دەیانوەستێنین. ! هەر لە دیاری کردنی نەخشە ڕێگاوە بۆمان ، لە نووسینی ڕاپۆرتەکانمان ، هەروەها لێکدانەوەو شیکردنەوەکانی ئەوان تەنانەت بۆ پشکنینە پزیشکیەکانیشمان ، لە کۆتاییشدا گوێگرتن لە ئامۆژگاری و ڕێنموونیەکانیشیان ! دوور نیە کار بگاتە ئەوەی هەر ئەوان --- واتە خزمەتکارە نوێکان ---  هاوسەری ژیانیشمان بۆ دیاری بکەن ، ئەو هاوسەرەی کە بۆ ژیان و کەسایەتی ئێمە ڕێک و گونجاوە .

لێرە بەدواوە دەکرێ تۆ بتوانی لەگەڵ خزمەتکارە نوێکەتدا موناقەشەو تاوتوێی هەر پرس و بابەت و بیرۆکەیەک بکەیت و ، داوایشی لێ بکەیت بەڵگەو نمونەت بۆ بهێنێتەوە لەسەر ڕاست و دروستی ئەوەی دەیڵێت و دەیخاتەڕوو ، دەبینی ئەو بە متمانەبەخۆبوونێکی کوێرانەی تەواوەوە ئامادەیە بەڵگە بەهێزو یەکلاکەرەوەکان بخاتە پێش چاوت ، لەوانەیشە تۆ خۆت ڕووبەڕووی بارێکی دەروونی خراپ بکەیتەوە ئەگەر هاتوو دژی قەناعەت و بۆچوونی خزمەتکارەکەت بوەستیتەوە ، یان دژی ویست و ئیرادەی ئەو بڕیار بدەیت ! لە ڕاستیدا بەهێزبوون و پتەوبوونی ئەم پەیوەندیە پاڵ بە مرۆڤەکانەوە دەنێت بە پێی ڕاوبۆچوونی خزمەتکارە ئەلیکترۆنیەکان بجوڵێنەوەو مامەڵە بکەن ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش متمانەی مرۆڤ بەو خزمەتکارانە زیاترو بەهێزتر دەبێت ، تا وای لێ دێت مەخلوقە ئەلیکترۆنیە زیرەکەکان کۆنترۆڵی وردو درشتی هەڵسوکەوت و ڕەفتار و جوڵەی مرۆڤەکان دەکەن ، بەڵام دەبێت بزانین بارودۆخەکە زۆر لەوە خراپترو نالەبارتر دەبێت ئەگەر هاتوو دەرکەوت ( پەیوەندی و بەرژەوەندی ) لە نێوان ئەو خزمەتکارانەدا هەیە ، ئەمەش چ کاتێک ؟!   وەڵام : کاتێک دەرکەوت خزمەتکارەکەت لەسەر بنچینەی ڕێکەوتنی نێوان خۆی و خزمەتکارێکی تر دەیەوێت تۆ بخەڵەتێنێت ، کە دوور نیە ئەم هەنگاوەش ببێتە هۆی ئیفلاس بوون و مایەپووچ بوونی تۆ ، یان بتخاتە بازنەی پەیوەندیەکی ئاڵۆزەوە ، یان ناچارت بکات دەرمان و چارەسەرێک وەرگریت کە مردنی خۆتی بەدواوە بێت .

بێ گومان لەوە ترسناکتر نیە داهاتووی تۆ بەدەست ( TNSOH ) ەوە بێت ، لەوەش ترسناکترو کارەساتبارتر ئەوەیە :  ئێمە لە هەموو بابەت و باس و خواس و بوارێکدا دەست لە عەقڵی خۆمان بشۆین و واز لە بیرکردنەوەی خۆمان بهێنێن .. بەبیانووی ئەوەی گوایە لایەنێک هەیە لە بری ئێمە بیر دەکاتەوەو  بەئارەزوو و بۆچوونی خۆی لە پێناو بەرژەوەندی ئێمەدا بڕیار دەدات!
لەکۆتاییدا دەڵێم : لەوانەیە لای هەندێک کەس ئەم تێڕوانینە جۆرێک بێت لە ڕەشبینی کەسێکی نووسەر ، بەڵام دڵنیابن ئەمە ڕاستیەکەیەو لەداهاتوویەکی زۆر نزیکیشدا بەچاوی خۆمان دەیبینین .


PM:08:32:16/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی