لەبارەی چەمچەماڵەوە، ئەمەیان بە خەڵک ناکرێت
عارف قوربانی
لەگێڕانەوەی چیرۆکی زۆربەی خێزانەکانی چەمچەماڵ و لە بەشێک لەو تۆمارە ڤیدیۆیانەش کە لە کامێرای چاودێریی ناو کۆگا و قوتابخانە و دووکانەکانەوە دەیانبینین، لافاوەکەی چەمچەماڵ لە ماوەی چەند ساتێکی زۆر کورت دروستبووە، خێرایی و کوتوپڕی گەیشتنی ئاوەکە بەجۆرێکە تەنیا دەرفەتی ئەوە هەبووە بەخێرایی رابکەنە سەربان و لە ماڵە دراوسێوە خۆیان رزگار بکەن.
کاتێ دیمەنەکانم دەبینی و گوێم لە گێڕانەوەی ئەو دایک و باوکانە بوو چەند بە زەحمەت منداڵەکانیان گەیاندووەتە سەربان، هەزار جار دەمگوت، سوپاس بۆ خوا کە ئەم لافاوە لە شەوێکی درەنگدا نەبوو. ئەگینا بە هەزاران کەس لە کەسوکارمان لە (چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکیە) لە شیرینی خەودا دەبوونە قوربانی. کارەساتەکە زۆر ئازار بەخشە، بەڵام دیمەنەکانی بە هاناوەچوونی خەڵک و پەرۆشیی کوردستانیان لە دەڤەرە جیاجیاکان، لە منداڵێکی هەشت نۆ ساڵەوە کە دەخیلەکەی دەبەخشێت بۆ کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ لێقەوماوان، لە دیمەنی بەرماڵی راخراوی ناو مزگەوتەکانەوە، بۆ هەڵمەتی تاک و رێکخراوەکان تاوەکو دەگات بە بەخشینی سەتان ملیۆن و ملیاران دیناری بەخشینی کۆمپانیاو سەرمایەداران، وێنایەکی ئارامبەخش و سەبووریی خەم و ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە کە لە سەردەمی لە دەستچوونی زۆرێک لە بەهاکاندا، لەنێو میللـەتی ئێمەدا هێشتا بەها ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان بەو ئەندازەیە ماوەتەوە. ئەگەر بەهاناوە هاتنی خێرای ئەوان نەبووایە و چاوەڕوانی لیژنە و لیژنەکاری حکومەتەکانی بەغدا و کوردستان بکرابایە، کارەساتی گەورەتری بەدوادا دەهات.
وەک چەمچەماڵییەک بە گەروویەکی پڕ لە تاسە و چاوێکی پڕ لە فرمێسکەوە، بەدەم ئازارەوە خۆشحاڵی دەردەبڕم بۆ هەڵوێست و بە تەنگەوەهاتنی هاووڵاتیانی شارەکانی دیکەی کوردستان، سوپاسگوزاری یەکەیەکەی ئەو خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارانەم کە گیانی بەخشینیان تیایە و دەیانەوێ بەشداربن لە کەمکردنەوەی خەم و ئازاری هاوشارییەکانم. سەرەڕای تێبینی و نیگەرانیمان لەوەی هەندێ (میدیای حیزبی) ئازار و برینی چەمچەماڵیان کردووەتە کەرەستە و ئامرازی قوڵکردنەوەی ناکۆکیی نێوانیان، بەڵام هەر سوپاس گوزاری یەکەیەکەی ئەو میدیاکار و کەناڵانەی راگەیاندنم رووماڵی برین و ناسۆرییەکانی ئێمە بوون.
راستە زیانەکانی کارەساتەکە زۆرن، بەڵام بەدەنگەوەهاتن و کۆمەک و هاوکارییەکانیش کەم نین. دەتواندرێت بکرێتە هەوێنی ساڕێژی برینەکان. لە رووی مادییەوە ئەوەی کۆکراوەتە هێشتاش هەر بەردەوامی هەیە، ئەگەر بە پلان و لە دەستێکی ئەمیندا دابەش بکرێت، بەشی ئەوە دەکات هەموو ئەو ماڵانەی زیانیان بەرکەوتووە بە ئەندازەی پێویست قەرەبوو بکرێنەوە، هەموو ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان ئاو بردوویەتی، یان دووکان و کۆگا و کێڵگەیان زیانیان پێگەیشتووە، بە ئەندازەی زیانەکەی، کۆمەک بکرێت. حکومەتی هەرێم و بەغداش دەبێت بچنە ژێر باری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و لانی کەم بە ئەندازەی خەڵک و کۆمپانیاکان بەشداری لە بونیاتنانەوەی ژیانی زیانمەندان بکەن، بەڵام ئەوەی وەک مەترسی و هەڕەشەیەک ماوەتەوە و ئەگەری ئەوەی هەیە دووبارە بێتەوە، سەرچاوە و هۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکەن. ئەمجارەش دەیڵێمەوە دووربێت ئەگەر لە شەوێکی درەنگدا لافاوێکی هاوشێوە دروستبێتەوە، بە هەزاران کەس دەمرن، چونکە تائێستا ئەوەی کراوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و فریاگوزاری خێرایە بۆ لێقەوماوان و هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی ماڵ و کۆڵانەکانی شار. هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ چارەسەری هۆکارەکان.
چەمچەماڵ لە بونیاتی شارەکەدا رەچاوی ئەوە نەکراوە رۆژگارێک بەو ئەندازەیە گەورە دەبێتەوە، هەر بۆیە هاوینان کێشەی بێئاوی هەیە و هەندێ زستانیش مەترسیی لافاو. لە گەورەبوونەوەی شاردا گەڕەکی تازە لە هەندێ شوێن دروستکراون کە پێشتر چەم و شوێنی رێڕەوی ئاو بوون. من بیرمە لە کۆتای هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکانیشدا چەندجارێک لافاو لە چەمچەماڵ دروست بووە، گەرچی هیچ کات بە ئەندازەی ئەمجارە نەبوو، بەڵام ئەوجارانەش زیانی بە بەشێک لە ماڵان گەیاندووە. ئەوکات بەهۆی ئەوەی بانی مەقان لەژێر کۆنترۆڵی رژێمدا بوو دەرفەتی ئەوە نەبوو لە سەرچاوەکەیەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام دوای رووخانی سەدام هەر زوو لە بناری مەقان بۆندێک لەسەر ئەو رێڕەوە دروستکرا کە سەرچاوەی لافاو بوو، ئیدی مەترسییەکە کەم بووەوە. ئەو بۆندەی هەیە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی لافاو بۆ زستانی ئاسایی و ئەو رێژە بارانە دروستکرا کە پێشبینی دەکرا ساڵانە لە ناوچەی چەمچەماڵ ببارێت، بەڵام ئەم شەپۆلی بارانەی ئەم چەند رۆژە بە بیرەوەری هەرە بە تەمەنەکانیشمان هیچ ساڵێک بارانی لەم جۆرە نەباریوە. بۆیە چاوەڕوانکراوە ئەو رێگەچارانەی پێشتر هەبوون بۆ چارەی رێژەیەکی زۆری لەم جۆرە دەست نەدەن. ئەمە چ جای ئەوەی بەهۆی دروستکردنی خانوو باخ و پڕۆژەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر هەندێ شوێنی رێڕەوی ئاوەکە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی لافاوەکە زۆریی رێژەی بارانەکە بووە.
لەبەرئەوەی سرووشتیش سرووشتی تێکچووە، چاوەڕوانکراوە لەمەودوا رێژەی بارانی لەم جۆرەی چەند رۆژی رابردوو چەند بارەببێتەوە. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە و بەخێرایی بیر لە چارەسەری یەکجاری بکرێتەوە. خەڵک و رێکخراوەکان و کۆمپانیا و سەرمایەداران لەدوای لافاوەکە بۆشایی فریاگوزاری خێرای حکومەتیان پڕکردەوە، بەڵام بۆ چارەسەری سەرچاوەی مەترسییەکە ئەمەیان بە خەڵک ناکرێت و دەبێت حکومەتی هەرێم بەخێرایی بێتە سەر خەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوەی کە مەترسی لافاوی هاوشێوە و ترسناکتر لەسەر چەمچەماڵ دووردەخاتەوە. خۆشبەختانە باراناوی بانی مەقان نایات بۆ چەمچەماڵ ئەگینا هەموو ساڵێک چەند جارێک شارەکە رووبەڕووی لافاو دەبووەوە. ئاوی بانی مەقان دەڕوات بۆ خاڵۆبازیانی و لەیلان و خوارووی کەرکووک. ئەو لافاوەی چەند رۆژی رابردووی لەیلان، سەرچاوەی لافاوەکە ئاوی بانی مەقان بوو. تەنیا باراناوی بەشێکی کەمی بناری مەقان لە پشتی مۆفەر شۆڕدەبێتەوە بۆ چەمچەماڵ، ئەویش لە حاڵەتی زستانی ئاساییدا ئەو پۆندەی لە بەردەمی دروستکراوە، چارەسەرێکی خراپ نەبوو، بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ئەگەری شەپۆلی بەرزی باران بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە لە دوورایی پشتی ئەو پۆندەی ئێستا هەیە، چارەسەرێکی دیکە بدۆزرێتەوە.
ئەوەی من دەیڵێم جێبەجێکردنی کارێکی قورس و سەخت نییە، بەڵام چارەسەرێکی هەمیشەییە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی دروستبوونەوەی لافاو لەسەر چەمچەماڵ و شۆڕش. ئەو شوێنەی ئاوەکەی پێدا دێت، دۆڵێکی درێژە، دەبێت لە پشتی مۆفەرەوە لایەکی ئەو گردەی دۆڵەکەی دروستکردووە ببڕدرێت بۆ ئەوەی رێڕەوی ئاوی باراناوی ئەو بەشەی بانی مەقان لەبری ئەوەی رووە و چەمچەماڵ بێت، بگۆڕدرێت بۆ پشتی گوندی (فەیزاوا). کارەکەش تەنیا چەند ئامێرێکی بووڵدۆزەر و شۆفڵ و گەڵابەی پێویستە. لە بەشی ئەو گردە ببڕدرێت و لەبەردەم رێڕەوەکە دابنرێت تاوەکو کەلەبەرێک دروست دەبێت بۆ گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکە. ئیدی بۆ هەمیشە نە چەمچەماڵ و نە شۆڕش رووبەڕووی مەترسی لافاوی هاوشێوەی هەفتەی پێشوو نابنەوە.
ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەو پۆندەی ئێستا هەیە، ناتوانێت بەر بە ئاوی زۆر بگرێت. تەنانەت ئەگەر هەموو ئەو ماڵ و باخ و پڕۆژانەش هەڵبگیرێن، ناتواندرێت هیچ دڵنیاییەک بدرێت کە لافاو دروست نابێتەوە، چونکە وەک ئاماژەم پێدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی سرووشتی سرووشتەوە، چاوەڕوانکراوە لە ئێستا و ساڵانی داهاتوو شەپۆلی هاوشێوە و تووندتری باران روو لە ناوچەکە بکات. بۆیە هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان کات و تواناکانی بەو رێگەچارانە بەفیڕۆ نەدات کە چارەسەری کاتین، بە هەمان کات و هەمان ئەو ئیمکانیاتانەی بۆ چارەسەرە کاتییەکە پێویستن، دەتوانێت بەو جۆرەی خستوومەتەڕوو چارەسەری یەکجارەکی بکات.
PM:02:24:14/12/2025
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی