حەکیمەکانی دەوری کاک بەرهەم
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
ئاسۆ عەبدوللەتیف
ڕۆژێک سوڵتانی گەورە، حەکیمێکی خاوەن کەسایەتی بانگهێشت ئەکاتە دیوەخان و سەراکەی و، لێی دەپرسێ خەڵکی زۆر باست دەکەن دەی بزانم هۆکاری ئەوە چییەو ئیشی تۆ چییە؟ حەکیم لەوەڵامدا دەڵێ سوڵتان، باسکردنی خەڵک بەو جۆرە بۆخۆی عیللەت و دەردەو مایەی خۆشحاڵی نیە.
من حەکیمی گژوگیاو گوڵەوەچنیم، بژوێن و کێوان دەگەڕێم و حەکیمی خۆم و عەتتاری گەڕۆکم، سوڵتانیش دەڵێ زۆر باشە دەردم زۆرەو دەبێ بۆم چارە بکەیت.
حەکیم بەهێواشی دەڵێ سوڵتانم من حەکیمی دەردی خۆمم نەک هی تۆ، سوڵتانەکە دەڵێت بۆ مەگەر ئەو هەموو حەکیمەی دەوروبەری من، لە ناو دیوان و سەراکەم چکارەن وا دەردی من چارە ناکەن، حەکیمەکەش دەڵێ قوربان ئەوان حەکیمی درهەمن بۆ گیرفان و منیش حەکیمی دەردی دڵ.
ئەم دەردە سایکۆلۆژیە، ئەم پەتا کوشندەیە زۆر خراپە مرۆڤی ئێمە هەیەتی، بەپۆست و پارەو ئیمتیازەوە لەدەورت کۆدەبنەوە وەک پەپولەی دەوری شەمعدان دەسوتێن و دەمرن بۆت بۆ بەرهەمی درهەمێک، ئینجا کە پۆستت نەما، درهەم و بەرهەمیش نەما، نەک پشتت تێدەکەن بەڵکو کەسایەتیشت ئەشکێنن.
دەی بەو هەموو ڕاوێژکارو دۆست و بەردەستەوە نەیانتوانی دەردەکانت تیماربکەن و ئێستا وەک ڕاوێژکارو ئوستادو حەکیم و زاناو خاوەن تەجرەبە نمایش دەکەن و گۆرانی و شانامە دەڵێن و دەنوسن بەباڵای پۆستەکەتدا نەک خۆت، لەوەتەی دوکتۆر بەرهەم ئەو پۆستەی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی وەرگرتوە لە نەتەوە یەکگرتوەکان، سەدان حەکیمی سیاسی و وەزیرو پەڕلەمانتاری کۆن و ڕاوێژکارو دۆست و لایەنگری بۆ زیندوو بۆتەوەو بوون بە پارێزەرو تیم و دەستەی راوێژکاران بۆ موجامەلەو پچڕینی ئیمتیازو دەستکەوت و پۆست و یەکبەیەک ڕیزیان بەستوە تا بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک، لەکاتێکدا دوێنی لەمێرگەپان کە هیچ پۆستێکی نەبوو جورئەتیان نەدەکرد سەردانێکی بکەن و وتارێکی لەسەربنوسن و هاودەنگ و هاوسۆزی بن.
مەحوی دەڵێ؛
چیە دونیا ژنێکە هەر شەوی سکپڕ بە سەد فیتنە
سبەینێ زوو بە خوێنی جەرگی ئەهلی دڵ دەکا بێزو.
AM:10:27:14/12/2025
ئهم بابهته 1856
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی