بەڕێز کاک د. بەرهەم ساڵح
پیرۆزبایی و سەرنج

‌بابەکر درەیی

بە بۆنەی دیاریکردنی بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح  بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران،  بەدڵ پیرۆزبایی ئەکەم و هیوادارم وەک هەمیشە سەرکەوتوبێت و تۆمارێکی تری پڕ لە گەشی و جوانی بخاتە سەر پرۆفایلی پێشووتری خۆی.

خزمەت و دەستپێشخەریەکانی د. بەرهەم لە سەردەمی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی  کوردستان و تەنانەت لە کابینەکانی بەغداشدا، گرنگ و بەرچاون و شایستەی باسکردن و قەدرزانینن.

بەڵام هەر لەم بۆنەیەدا بەباشم زانی چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو، بەو هیوایەی تیشک بخەمە سەر بابەتێک کە رەنگە هەمووان لایان گرنگ نەبوبێت:

یەکەم: هەڵبژاردنی د. بەرهەم بۆ پۆستیکی جیهانی لەو ئاستە بەرزەدا دوو مانای ڕوون ئەدات بەدەستەوە:

١) کاک دکتۆر بەرهەم کەسایەتیەکی لێهاتوو و شایستەیە کە دەزگا هەرەباڵا نێودەوڵەتییەکان لێی رادەبینن ئەرکی پێ بسپێرن؛ 

٢) کاک دکتۆر بەرهەم ئیتر لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان دوورکەوتۆتەوە و، ڕۆڵی ئەو وەک فیگەرێکی بەهێزی سیاسی لەم چوارچێوە جوگرافیایەی پێی دەوترێ هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە.

دووەم: دوورکەوتنەوەی د. بەرهەم ساڵح لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان (ڕاو سەرنجمان لەسەر پراتیکی سیاسی ئەو هەرچیەک بێت)  بەو مانایەیە کە ئەم مەیدانە سیاسیە تا دێت بەتاڵ دەبێت لە کەسایەتی کاریگەر و پسپۆڕ و خاوەن قورسایی، بەو مانایەشە گۆڕەپانەکە تا دێت قۆرخ دەکرێت بۆ گروپێک یان دوو گروپی سیاسی کە دەکرێ لە چوارچێوەی بنەماڵە یان حزبدا خۆیان ڕێکخستبێت و بوارنەدەن بە  مانۆڕو جوڵەی هیچ کەسایەتیەکی تر کە لە خولگەی ئەواندا گەمە نەکات و بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆنی رەخنە و ریفۆرمخوازی لێبێت.

سێهەم : بەو مەفهومانەی لە سەرەوە باسکران، ڕواڵەتی بابەتەکە، واتە وەرگرتنی پۆست لە لایەن د. بەرهەم ساڵح-ەوە بۆ زۆر کەس بۆتە مایەی شادی و پیرۆزبایی، بەڵام لە حەقیقەتدا دەرچوونی کەسێکی شایستە و هوشیار و کارزانی وەک د. بەرهەم لە جوگرافیای سیاسی کوردستان مایەی غەم و نیگەرانییە نەک  شادی و ئاهەنگگێڕان  بەحساب، لەسەر ئەو بنەما ناسیۆنالیستیە بەتاڵەی گوایە کەسێکی «کورد» پۆستی جیهانی وەرگرتووە... 

راستە پێشینان وتویانە « بۆنی دوژمنی مردوو ناخۆش نیە» و هەر لەو روانگەشەوە، دابڕاندنی د. بەرهەم لە هەرێمی کوردستان و سەندنەوەی ڕۆڵی سیاسی لێی، بیگومان بۆ زۆر کەس لە ناحەزو ڕکەبەرەکانی مایەی ئاهەنگ و خۆشحاڵیە، بەڵام لە درێژماوە و تەنانەت بۆ ئێستای کوردستانیش،  بەتاڵبونی جیگەی مرۆڤە شایستە و بەتواناکان لە بری ئەوەی مایەی شاگەشکە و هەڵپەڕکێ بێت، مستەهەقی خەمێکی قوڵە بۆ چارەنووسی دیموکراسی و ئازادی و ریفۆرمخوازی لە هەرێمی کوردستان.


PM:10:19:13/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی