میدیا لە بەپیشەسازیکردنی کاری خێرخوازی

‌کانی عومەر



دیاردەیەکی نوی لە میدیاکانی کوردستاندا دەرکەوتووە، ئاڵوگۆڕی ڕۆڵی دامەزراوەی میدیاییە بە دامەزراوەی خێرخوازی، لە ڕووداوی لافاوەکەی قەزای چەمچەماڵ بەڕوونی ئەم تێکەڵبوونە دەبینرێت، و پرسیاری جدی لەسەر بێلایەنی میدیایی، سنوورە پیشەییەکان و ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی دروست دەکات.

 بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی کاری ڕۆژنامەوانی، میدیا لە کارەساتە سروشتییەکاندا چەند ئەرکێکی هەن بریتین لە: ڕاگەیاندن و ئاگادارکردنەوە بە پێدانی زانیاری لەسەر ڕووداوەکە، ئەرکدارکردنی حوکومەت واتە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی حوکومەت و لایەنە مەعنییەکان، بوون بە پرد واتە لەڕێگەی هەواڵ  و زانیارییەکانەوە دروستکردنی پێکبەندییەک لەنێوان خەڵک و حوکومەت، هەروەها سەرپەرشتیار و چاودێری بەرەوپێشچوونی هاریکارییە مرۆییەکان بێت بەبێ لایەنداری و بەپاڵەوانکردنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لایەنێکی دیاریکراو. بەڵام شێوازی میدیایی نوێ لە کوردستان، جۆرێکی تری لە کاری میدیایی هێناوەتەکایەوە کە بریتییە لە "ڕۆژنامەگەری خێرخوازی"، لەچوارچێوەی ڕۆژنامەگەری گشتییدا. 

ڕۆژنامەگەری خێرخوازی، لە ساڵی 1995 -ەوە لە دنیادا برەوە هەیە، میدیای تایبەتن کار بۆ دەرخستن و بنبڕکردنی کارەساتە سروشتی و مرۆییەکان دەکەن وەک: IRIN کە ئیستا ناوەکەی گۆڕاوە بە The New Huminitarian، Devex، UN Dispatch، IPS.. ئەم دەزگایانە ئاڕاستەڕوونن و ئامانجییان کارە مرۆییەکانە، بەڵام وەک میدیاش هێشتا سنوورە پیشەییەکانی خۆیان پاراستووە و کاری سەرەکی خۆیان لەڕێی خستنەڕووی زانیاری و ڕاپۆرتدان ئەنجام دەدەن نەک ڕۆڵی بەخشەر و خێرخواز بگێڕن، لەکاتێکدا ئەم دامەزراوانە سەربەخۆیی ڕەهای دارایی و سیاسیشیان هەیە، بەڵام سنوورە پیشەییەکان پارێزراون و هەر لایەن و کەسێک لە چوارچێوەی ئەرکە پیشەییەکەیدا رۆڵ دەگێڕیت کەس پاڵەوان وفریادڕەس نییە. 

ئەوەم ئەم چەند ڕۆژە لە میدیاکاندا دەیبینین لە دەرەوەی سنوورەکانی کاری پیشەیی ڕۆژنامەگەرییە، کەناڵ لەڕێگەی پێشکەشکارەوە خەریکی بازاڕگەریی بۆ جۆرەکانی هاوکاری و بەپیشەسازیکردنی کاری خێرخوازییە. باسی‌ چه‌ند سایت و پرۆژه‌یه‌كی‌ میدیایی‌ ناكه‌م كه‌ له‌په‌نجه‌كانی‌ یه‌ك ده‌ست تێناپه‌ڕن، به‌ڵام ئەوەی ڕوونە لە هەرێمی کوردستاندا هیچ كه‌ناڵێكی‌ ئاسمانی‌ سه‌ربه‌خۆ سەربەخۆ و بێلایەن بوونی نییە، سەرجەمییان میدیایی حیزبین و بەپارەی گشتی دامەزراون،  کارەساتەکان وەک ئاداتێکی سیاسی بۆ دروستکردنی ناوبانگ بۆ کەناڵ و حیزب بەکاردێنن. لەهەمانکاتدا، بەگرتنەئەستۆی ئەرکێک کە کاری میدیا نییە، لایەنی راستەقینەی پەیوەندیدار کە حوکومەتە ئەرکدار ناکات، چونکە ئەگەر بەشیوەیەکی فەرمی و لایەنی حوکومی هاوکارییە مرۆییەکان ئەنجام بدات، کەمتر دەرفەتی نمایش و کڕینی هاوسۆزی حیزبی و منەتدارکردنی خەڵک تێیدا جێگەی دەبێتەوە.

یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە، هێنانەسەرشاشەی کەسانی لێقەوماو لادانە لەو پرەنسیپە. ئاشکرایە لە کارەساتە سروشتییەکاندا خەڵک بێلانە و برسییە، کڕینی پیتزا و بەخشینی مووچەی کارمەندانی کەناڵ بە لێقەوماوان ناچێتە چوارچێوەی هیچ کام لە پرەنسیپەکانی کاری ڕۆژنامەوانی و پیشەیبوون، ئەمە جگەلەوەی درێژکراوەی سیاساتی کەناڵە بۆ ئەستێرەسازی و جیاوازبوون، بەسوودوەرگرتن لە ڕووداوێکی سروشتی.

لە دەرەوەی ئەو جۆرە لە ڕۆژنامەگەرییش، میدیا گشتییە بەنێوبانگ و گەورەکانی دیکەی دنیا وەک: CNN، BBC، NHK-ی ژاپۆنی، لەکاتی کارەساتە سروشتییەکاندا ڕۆڵی ڕاگەیاندن و پەخشکردنی زانیارییان  گێڕاوە، لەکاتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ قوربانییانیش پرۆگرامی تایبەت و کەمپەینی دیاریکراویان هەبووە بەبێ ئەوەی خۆیان ببنە بەشێک لە لایەنی بەخشەر، بۆ نموونە لە ڕووداوی بوومەلەرزە و تسونامییەکەی ژاپۆن لە ساڵی 2011، کەناڵی NHK لە ماوەی چەند چرکەیەکدا ئاگاداری ڕووداوەکەی خستەسەرشاشەکان پاش ئەوەی لەلایەن ئاژانسی کەشوهەوای ژاپۆنەوە ئاگادارکرایەوە، کامێرای ڕۆبۆتی لە تەواوی شوێنە سەرەکییەکاندا دانا تا بتوانێت پەخشی زیندوو بگەیەنێتە تەواوی وڵاتەکە و جیهانیش، چونکە بە خۆرایی پەخشی ڕاستەوخۆی بە تەواوی ئاژانسە هەواڵییەکانی وەک:  BBC، CNN، Al Jazeera، Reuters دا، تا تەواوی دنیا لە کارەساتەکە ئاگاداربێت و هاوکاری بگەیەنن بۆیان بەبێ ئەوەی خۆیان ببنە بەشێک لە تیمی کۆکردنەوەی هاوکاری.

سەرەڕای ئەوەی کارەساتی لافاوەکەی چەمچەماڵ ڕووداوێکی سروشتیییە، هاونیشتیمانی پێویستی بە کۆمەک و هاوکارییە، بەڵام میدیاکان نەیانتوانیووە کەمپەینێکی نیشتیمانی ڕابگەیەنن، بەپێچەوانەوە کەناڵ و پەیجی هەر لایەنێک خەریکی نمایشکردنی خاوەنمیدیاکەی خۆیەتی. ڕاگەیاندنی چەندین کەمپەینی جیاواز کێشە لە ڕێکخستنی دابەشکردنی سەرچاوەکان دروست دەکات. بۆنموونە لە بوومەلەرزەکەی هایتی، نزیکەی 40 کەناڵ لە ئەمریکادا و زیاتر لە 60 کەناڵی دیکە لە تەواوی جیهانەوە کەمپەینێکییان بەناوی "هیوا بۆ هایتی" ڕاگەیاند، بەڵام یەکسەریش دامەزراوەیەکی تایبەتی سەربەخۆیان ڕاسپارد بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان و ڕێکخراوە ناحوکمییەکانیش ڕۆڵی چاودێرییان دەگێڕا، میدیا ئەرکی خۆی گرتبووەئەستۆ کە بڵاوکراوەی میدیایی" پرێس ڕیلیز" بوو، هەروەها سەرپەرشتیکردن و چاودێری بە دروسکردنی ڕاپۆرت و هەواڵ لە ئەگەری هەر سەرپێچییەک.

یاسایەکی گرنگ لە پیشەی ڕۆژنامەگەریدا هەیە پێی دەوترێت (دوورکەوتنەوەی پیشەیی(، ئەمە مانای بێهەستی نادات، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و پاراستنی سنوورە پیشەییەکانە بەبێ لایەنگیری. 
















PM:03:06:13/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی