کاتێک بێدەنگی دەبێتە مردن!

‌بەهار مونزیر


لە بەرەبەیانی ڕۆژێکی سارد لە سلێمانی، کاتێک هێشتا خۆر هەڵنەهاتبوو، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ لە کاتژمێری شەشدا  هەڵدەستێت. ناوی مریەمە. یان لەوانەیە فاتیمە بێت. یان سارا یان بەناز ناوەکەی گرنگ نییە، چونکە ئەو دەنگی هەزاران ژنی دیکەیە کە هەر ڕۆژێک لە کوردستان بە بێدەنگی دەژین، خەون دەبینن، و بە هێمنی دەمرێت ... .
بەڵام ئەمڕۆ، ئەو بڕیاری داوە بێدەنگی بشکێنێت.

ژیانێک لە نێوان چوار دیوارەوە
مریەم وەك هەزاران  ژنی دیکە لە کوردستان، ژیانی ڕۆژانەی لە نێوان ئەرکە بێکۆتایەکاندا بەسەر دەبات. بەیانی لە کاتژمێری شەشدا  دەستپێدەکات بە ئامادەکردنی نانی بەیانی بۆ خێزانێکی  ٧ کەسی. منداڵەکانی بۆ قوتابخانە ئامادە دەکات. کوڕەکانی دەڕۆن بۆ زانکۆ، بەڵام کچەکەی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا وەستا و لە قوتابخانە دەرهێندرا. هۆکارەکە؟ باوکی باوەڕی وایە "کچان پێویستیان بە زۆر خوێندن نییە." وابزانم مەلایەکیش هەر ووتی زوو شوبکەن خوێندن ژن لە ژنیەتی دەخات... 

"لەو شەوەدا بە بێدەنگی گریام مریەم وایووت "  "بەڵام کەس نەیبیست."

کاتێک هەموو کەس دەڕۆن، ئەو بە تەنها دەمێنێتەوە لەگەڵ بیرکردنەوەکانی و ئەو کارانەی کە بەرامبەریدا هیچ کەس پێنازانێت و هێچ موچەیەکی نیە . کارەکانی ناوماڵ ، بەخێوکردنی منداڵان، چاودێری بەتەمەنەکان - ئەم هەمووە کارەی "بەشی ژنانە" کە بەها و ئەرزی نییە. بەڵام ئەگەر ئەو ئەم کارانە نەکات، خێزانەکە دەڕوخێت، هەموو برسی دەبن، ماڵ پیس دەبێت و نەخۆش دەکەون.

خەونێک کە مرد: 

مەریەم حەزی لێبووە ببێتە مامۆستا. بەڵام باوکی گوتی "کچان بۆ ماڵ دروست کراون، نەک بۆ کار." پاشان هاوسەری گوتی "منداڵەکان پێویستیان بە تۆیە." کۆمەڵگا گوتی "ژنی باش لە ماڵ دەمێنێتەوە، مەلای گەرەکیش ووتی ژنی بە حەیا بێ پرسی هاوسەری ناچیتە دەرەوە ."

کەس نەپرسی مەریەم پێویستی بە چی هەیە. کەس نەیووت خەونەکانی چین. کەس گوێی لێ نەگرت کاتێک هێواش قسەی کرد لەسەر ئازارەکەی.

پێمان دەوترێت بێدەنگ بین،" . "بەڵام کاتێک بێدەنگ دەبین، دەڵێن ئێمە ڕازین و بێدەنگیش یانی ڕازیبوون ئەی وانیە؟"
ئێوارەکان جیاوازن. کاتێک هاوسەری دەگەڕێتەوە، هەموو شتێک دەبێت بەپێی خواستی ئەو بێت. خواردن ئامادە، ماڵ پاک، منداڵان بێدەنگ. ئەگەر شتێک بەدڵی نەبێت، مەریەم بەرپرسیارە.

کاتێک هاوسەرەکەی توند دەبێت، دراوسێکان دەبیستن بەڵام دەرگاکان دادەخەن. خێزانەکەی دەڵێن "لە ماڵی خۆتدا بێت، تەحەممولی بکە." ئەگەر بەرهەڵستی بکاتەوە، دەبێتە "ژنی شەڕانی ." ئەگەر بێدەنگ بێت، دەبێتە "ژنیكی بێدەسەڵات"."

چارەنووسی مەریەم چارەنووسی تەنها ئەو نییە. لە پێشینەی توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری بە زۆر، ، هەمیشە ترس لە هێنانی ژنی دووهەم بۆ پیاوەکەی،نەبوونی پشتیوانی دەروونی، هەزاران ژن لە کوردستان بە بێدەنگی ئازار دەچێژن.

کاتێک بێدەنگی کوشندە دەبێت
ئامارەکان دڵتەزێنن. هەرچەند ڕاپۆرتکردنی فەرمی کەمە بەهۆی تابوە کۆمەڵایەتیەکان، بەهۆێ ترسی موختاری گەڕەکەوە ، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکان  ئاماژە بە زیادبوونێکی  ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو ژنان دەکەن ونیگەرانن . هەر ژنێک کە دەمرێت، چیرۆکێکی نەگوتراوی بە ئازار، پشتگوێخراو  بە بێدەنگی لەگەڵ خۆیدا دەبات
هەفتەی ڕابردوو، ژنێکی دیکە ئەم کۆڵانەی بەجێهیشتین وئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. کۆمەڵگا گوتی "حەرامە." بەڵام کەسێک نەیوت "بەئازارەوە مرد  " کەسێک نەیپرسی "بۆچی هیچ کەسێک گوێی لێنەگرت؟"
مەریەم کاتێک ئەم هەواڵەی بیست، ئەم نامەیەی نووسی. "ئەو نەیتوانی زیاتر بەرگە بگرێت،" دەڵێت. "نە لە توندوتیژی، نە لە بێدەنگی، نە لە ئەوەی کە هیچ کەس گوێی لێ نەگرت. ئێوە بێزارن لە ئامارەکان، بەڵام ئێمە بێزارین لە ئازارەکان."

ژنانی کوردستان داوای زۆرناکەن  ئەوان تەنها دەیانەوێت دەنگیان گوێی لێبگیرێت بێ ئەوەی قسەیان ببڕن. دەیانەوێت خەونەکانیان ڕێزی لێبگیرێت بێ ئەوەی پێیانپیبکەنن. دەیانەوێت ئازارەکانیان باوەڕ پێبکرێت بێ ئەوەی سەرزەنشتیان بکەن. دەیانەوێت هەڵبژاردەیان هەبێت لەسەر ژیانی خۆیان، دیانەوێت کەمتر نەبن لە براکانیان، لە هاوسەرەکانیان، لە کوڕەکانیان، لە پیاوانی دراوسێ مریەم وایووت 

مەریەم کۆتایی نامەکەی بەم شێوەیە بوو: "ئەم نامەیە لەوانەیە کۆتا هەلێکم بێت بۆ قسەکردن، یان لەوانەیە دەستپێکێک بێت. ئەمە بەندە بە ئێوەوە."

ئەو ڕاست دەکات. ئێمە وەک کۆمەڵگایەک هەڵبژاردەیەکمان لەپێشدایە. دەتوانین بەردەوام بین بە پشتگوێخستنی دەنگی ژنان، یان دەتوانین گوێ بگرین و هەنگاو بنێین.

کاتێک ژنێک بێدەنگ دەکرێت، کۆمەڵگایەک بەشێک لە گیانی خۆی لەدەست دەدات. کاتێک ژنێک دەمرێت بەهۆی بێدەنگی و پشتگوێخستنەوە، ئێمە هەموومان بەرپرسیارین.

ئایا ئێمە ئامادەین گوێ بگرین؟ یان هەر بێدەنگیمان بۆ ژنانی کوردستان هەڵبژاردووە؟
خەیالێكی کورتی خۆمە لەگەڵ دۆسیەکاندا خەیاڵم تێکەڵاو کردەوە، مریەم تەنها ناوێكی خوازراوە و ئەو ئێستا لە ژیاندا نەماوە. بەهار موونزیر


PM:02:11:11/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 2320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی