بارەگای بارزانی نەم بارزانی خۆی؟
عهبدولرهزاق شهریف
مەراسیمەکەی زانکۆی شەرناخ و تەدارەکی پێشوازیکردن لە"مەسعود بارزانی"، تورکەکانی دڕدۆنگ و کوردەکانی شادمانکرد. دەوڵەت باخچەلی"، وەک دەم سپی ئەوان، ئاخ و داخەکەی بەتیمی پرۆتۆکۆڵی میوانداریەکە ڕشت، رەخنەیەکی بەجێشی جێهێشت کەهەموان تێگەیشتین. زانیشمان ئەو لەهوتافات و سرود و ناو و ئاڵاکەی سەر شانی پێشمەرگە دەهری ببوو بەڵام لەبەر خوڵکی میوانداری و خاترگرتنی هەلومەرجی سیاسی و دڵڕاگرتنی لایەنەکانی ناوخۆی تورکیا تەنیا باسی لەتفەنگی لولەداری دەستەی پارێزگاری میوانەکە کرد.
هەرچەندە وەڵامەکەی "مەسعود بارزانی" بەناوی بارەگا و وتەبێژەوە بوو بەڵام هیچ گومانی تێدانیە جگە لەخودی "بارزانی" هیچ کەس لەناو پارتی و خانەوادەی بارزانیدا، ناتوانێ بەو زمانە و بەو دەستەواژە توندانە وەڵامی "باخچەلی" بداتەوە! هەر خۆیشی پێشتر، بەو هەڵچون شێوازە توندە لەنوسین، لێدوان و رونکردنەوە، ناسراوە. ئەوەش زانراوە کەلاپەڕەکەی دایە دەست دەستەودایەرەکەی ئیتر کەسێک بۆی نیە فاریزە و خاڵێکی لێبگۆڕێت و وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە.
ساڵانی پێشوو، جارێک بۆ راستکردنەوەی زمانەوانی و ناحاڵیبونی مەسەلەیەک لای بەرپرسی کەناڵێکی راگەیاندنی پارتی رەخنەم لەپەیام و رونکردنەوەیەک گرت و پێم وت :
ناکرێت بەو زمانە و ئەو هەموو هەڵە و پەڵەیەوە بەناوی نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە رونکردنەوە بنوسرێت و بڵاو بکرێتەوە! لەوەڵامدا وتی :
- بەخودێ منیش دەزانم بەڵام سەرۆک خۆی نوسیویەتی و رێنماییەکان بۆ ئێمەیش وایە کە هیچ کەس ناتوانێ دەستکاری یەک وشەی نوسینەکانی سەرۆک بکات.
ئێستا، کێشەکەمان ئەوەنیە "مەسعود بارزانی" توڕەیە یان راوێژکار و هەڵەچنی بۆ نوسینەکانی نییە.
قەیرانێکی جدی دروستکراوە! کاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت. چرای ئەو ئومێدەی کوردەکان بەدیداری (بارزانی و ئاپۆ) هەیانبوو، کوژایەوە، کای کۆنە قینێک لای تورکەکان ئاگری گرتوە، تەنیا بەپۆزشێکی "بارزانی" دائەمرکێتەوە.
ئەویش هەرگیز ناینوسێت و نایڵێت ..!
PM:09:43:03/12/2025
ئهم بابهته 628
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی