بۆچی دوو ئیدارەیی گرنگە؟

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف


ئەم بابەتە لەبنەڕەتدا بۆ گفتوگۆیە، پێشنیازە بۆ باسکردن لە واقیعێکی داسەپاوی تاڵ و گرێ و گۆڵ و ناشەفاف و ململانێی دوو مەدرەسەو دوو ویلایەتی جیاواز لە بیرکردنەوەو دوو مۆدێلی ڕێڤەبەریی و تەنانەت دوو بازگەو زۆنی سەربازی و حیزبی نەگۆڕ. كە ململانێ و ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شەستەکان، ئەم وتارە تەرحێکیشە بۆ سەربەخۆبوونی دووجۆر دەسەڵاتی دادوەریی و قەزایی و دوو ئایدیاو مۆدێلی جیاوازی حوکمڕانی و ئابوری و ئاوەدانی.

گرنگە لەبری ئەو هەموو دژایەتی و سوکایەتی و زمانە بازاڕیە لەکەمپەین و میدیاکان بەرامبەر یەکتری، دوو ئیدارەی خاوەن ناسنامەی سەربەخۆ دروست بکرێ، بەڵام لەژێر یەک چەتری دەستوریی و حوکمڕانی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باهەرلایەک حاکمی سیاسی و خاوەنی گیرفان و بانک و سێکتەری دارایی خۆی بێ و چاودێری پڕۆژەکانی خۆی بکا، واتە دوو ئیدارەییەکی کەمێک ڕاقیترو بیرۆکراسیتر لەئیدارە عەبەسیەی جاران کە باشترین زەمانەت و بژاردەیە بۆ کۆتایی ئەم فەوزاو سەرگەردانیە.

لێرەشەوە کۆتایی بەمۆدێلی سەرۆک و جێگرەکەی، وەزیرو بریکارەکەی، ڕەئیس و نائیبەکەی، پارێزگارو قائیمقامەکەی بهێنن،دەرکەوت ئەوە مۆدێلی شەراکەت و سازانێکی ناچاریی و ئایدۆلۆژیی و شوانکارەیی و فیوداڵ بوو، هیچ تاوان و خیانەتێک نیە فیدڕاڵیەتێکی ناوخۆیی لەسەر بناغەی فیدراسیۆنی ئیداریی جیابکەنەوە، باخەڵک دواتر حوکم بدات لەسەر مۆدێلەکان، دەیان وڵات هەیە بەو سیستمە کانتۆنیە بەڕێوە دەبرێت، سویسرا، ئەڵمانیا، ئیماراتی عەرەبی کە حەوت خێزان و حەوت خێڵن هەریەکەو ناوچەو ویلایەتی خۆی دەپارێزێ و بەڕێوەی دەبات.

ئەسڵەن سەپاندنی مۆدێلی حکومەتی ناوەندیی بۆ هەرێمەکانیش گونجاو نەبوو بۆیە فیدڕاڵیەت وەک میکانیزمێکی حوکمڕانی دروست بوو، یەک مۆدێلی و یەک دیدگایی بۆ ئاوەدانی هەرێمەکان بە سیستمی ناوەندێتیی بڕیار زۆرجار شکست دەهێنێ لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی و گەشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکانی شارو هەرێمەکان. تیۆریاکان لەسەر فیدرالیزم و بەڕێوەبردنی کانتۆنەکان زۆرن بەتایبەت فەیلەسوفی ئەڵمانی یۆهان ئاڵتیسیۆس ١٥٥٧-١٦٣٨ ئەم بیریارە لەکتێبەکەیدا ساڵی ١٦٠٣، بەناوی سیاسەت، بیرۆکەی وردی لەبارەی فیدراڵیزمی، هەرێمەکانەوە خستەڕوو کە دوور بوون لەفەوزاو لیبڕاڵیزمی پاشاگەردانیی،سەرنجی لەسەر ئازادی گروپە پێکهێنەرەکانی فیدراسیۆنی شارەکان بوو نەک ئازادی تاکەکەسی و بیردۆزی سەرۆک خێڵەکان لەناو سیستەمی فیدراڵیدا، ئەم پیاوە وەک باوکی کەلتوریانەی بیرۆکەی فیدراڵیزم دەمێنێتەوە.


PM:02:02:03/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 1424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی