کاتێک داتا قسە دەکات

‌سلێمان مستەفا حەسەن

تشرینی دوومی ساڵی 2024 وەزارەتی پلان دانانی عێراق پرۆسەی سەرژمێری گشتی ئەنجام دا، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان هەموومان چاوەڕێ بووین لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش ژمارەکان بڵاو بکرێنەوە، بەڵام تا دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان بڵاو نەکرانەوە، لە ئێستادا وەزارەتی پلان دانان داتاکانی بەفەرمی بڵاو کردنەوە و بەپێی ئەو داتایە ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتۆتە (46،118،793) کەسلەو ژمارەیە (340131 ) کەسی بیانین کە لە عێراق نیشتەجێن.

بڵاوکردنەوەی ئەو داتا فەرمییەیی وەزارەتی پلان دانان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، چونکە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق بەدەست نەبوونی ئاماری فەرمی دانیشتوانیەوە دەناڵێنێت. ئەو داتایە سەرچاوەی گرنگە بۆ ئێستا و ئایندەی عێراق بەگشتی و وەزارەتی پلان دانان بەتایبەتی بۆ دانانی پلان و بەرنامەی ستراتیژی، لە لایەکی تر ئەو داتا فەرمییە کۆتایی بە کۆمەڵێک ڕای جیاواز و ناکۆکی دەهێنێت ئەمەش دەبێتە خالێکی گرنگ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

داتا و بەشە بودجە؛ گرنگی ئەو سەرژمێرییە بۆ بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی و بودجەی هەر پارێزگایەک لە بەشە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. بەپێی ئەو داتایانە بودجەی هەرێمی کوردستان 14.1% کۆی بودجەی گشتی عێراقە، کەواتە لە ساڵی 2026 لە کاتی ئامادکردنی پرۆژە بودجەی عێراق کۆتایی بە حیکایەتی ناکۆکی دیاری کردنی ڕێژەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و پارێگاکان دەهێنێت. بەپێی ئەو ژمارەیە بەشی (سلێمانی و هەڵەبجە 5.2%) و بەشی (هەولێر 5.45%) و (دهۆک 3.46%).

داتا و نوێنەرایەتی؛ خالێکی تر سەرنج ڕاکێش کە کۆتایی بە کۆمەڵێک بۆچوون و نا دادی و ڕای جیاواز دەهێنێت و پارێزگاکان ژمارەی ڕاستی نوێنەرانیان بۆ حیساب دەکرێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران وەک لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (49) دەستوور ئاماژەی پێدراوە؛ یەکەم: ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێک دێت بە ڕێژەی یەک کورسی بۆ سەدهەزار کەس لە دانیشتوانی عێراق، نوێنەرایەتی گەلی عێراقی دەکەن بە گشتی. هەڵبژاردنیشیان بە ڕێگەی دەنگدانی ڕاستەوخۆ و نهێنی دەبێت، ڕەچاوی نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراقیش دەکرێت.

بەپێی ئەم داتایانە بێت ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبن بە (461)بۆ( 457 ) ئەندام، بەراورد بە ژمارەی ئەندامانی پێشوو (132) ئەندام زیاد دەبن بەڕێژەی %28,6، بەشی کورسی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبن بە 65 کورسی لە کۆی (461) کە دەکاتە 19.7 %، پرسی زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بابەتێکە لە کاتی هەمواری کردنەوەی دەستوور قسەی جددی لەسەر بکرێت.

ئەو داتا فەرمییەی وەزارەتی پلان دانانی عێراق بۆ هەرێمیش دەبێتە بەڵگە و سەرچاوە بۆ پرسی بودجەی پارێزگاکان و ژمارەی ئەندامانی هەر پارێزگایەک لە پەرلەمانی کوردستان کە لە ڕابردوو خاڵی ناکۆکی بوو لە نێوان حیزبە سیاسییەکان، بەلام ئەم ئامارە فەرمییە کۆتایی بە هەموو ئەو ناکۆکی و ڕا جیاواز نە دههێنێت.

پاڵپشت بە داتا فەرمییەکانی وەزارەتی پلان دانا، بەپێی ئەو خشتەیەی بڵاو کراوەتەوە بەشی پارێزگاکان لە نوێنەرایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان، بەشی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و بەشی بودجە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت.

ز

پارێزگا

ژمارەی ئەندامانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران

ژمارەی نوێنەرانی لە پەرلەمانی کوردستان

ڕێژەی سەدی لە ژمارەی دانیشتوانی عێراق

ڕێژەی سەدی لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان

تێبینی

کورسی کۆتاکان لە هەرێم

1

سلێمانی و هەڵەبجە

24

35

5.2

36.84

2

2

هەلێر

25

37

5.45

38.61

2

3

دهۆک

16

23

3.46

24.59

1

4

کۆ

65

95

14,1

100

5


بەر کەوتە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای فیدراڵی و پەیرەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەرهێنراون و (5) کورسی کۆتاکانیش بە جیا دانراوە، دوو کورسی کۆتا بۆ سلێمانی و دوو کورسی بۆ هەولێر و یەک کورسی بۆ دهۆک، کۆی گشتی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان (100) کورسی.

بەپێی ئەم خشتەیەی خوارەوە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ڕێژەی سەدی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەم شێوەیە؛

ز

پارێزگا

ژمارەی دانیشتوانی

ڕێژەی سەدی لە دانیشتوانی عێراق

ڕێژەی سەدی لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان

1

سلیمانی و هەڵەبجە

2401724

5,2

36,8

2

هەولێر

2517534

5,4

38,6

3

دهۆک

1599871

3,4

24,5

4

کۆی گشتی

6519129

14,1

99,9

بە سەرنج دان لە ژمارەی کورسی پارێزگاکانی سنووری ماددەی (140) بەر کەوتە ئەو پارێزگایانەش زیادی کردووە، کەرکووک لە 12کورسی بووەتە 20کورسی، هەروەها پارێزگای نەینەوا لە 31کورسی بووەتە 42 کورسی جگە لە کورسی کۆتاکان، هەروەها کورسییەکانی دیالە و سەڵاحەدین ژمارەیان زیادی کردووە، بەمەش دەتوانین بڵێن لە کاتی کارکردن بەم داتا فەرمییەوە بەرکار کردنی بڕگەی یەکەمی ماددەی (49) دەستوور ژمارەی کورسییەکانی کورد نزیک دەبنەوە لە (87 بۆ 90) کورسی، بەپێی ئەم شیکاریەمان بێت ڕێژەی کورسی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران نزیکەی%20 دەبێت، لە کۆتایی دەتوانین بڵێن ئامار، بنەمایەکە بۆ دادپەروەری لە بودجە و نوێنەرایەتیدا. ؟


AM:11:40:27/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی