(گەلاوێژ) منداڵەکانی خۆی دەخوات

‌کاوە محەمەد

نووسەری کۆچکردووی سوری (نبيل الفياض) کتێبێکی هەیە بە ناونیشانی (أم المؤمنين تأكل أولادها) کە  ناونیشانی ئەم وتارەم لەو خواستووە. 

ئەمڕۆ (٢٠٢٥/١١/٢٠) بیست و هەشتەمین (فێستیڤاڵی گەلاوێژ) لەشاری سلێمانی دەستیپێکرد، من نەک هەر لەم فێستیڤاڵەیان، بەڵکو لەوانەی ساڵانی پێشووش بە دەگمەن  هەبووە، کە هۆکاری سەرەکیشی جیاوازی و رەخنەکانم بووە لە کاک (مەلا بەختیار) و بۆچوون و ئەدای سیاسی، چ ئەوکاتەی لەناو یەکێتی بووم و ج ئەو کاتەش کە لەدەرەوەی بووم، بەڵام لەڕاستیدا ئەمڕۆ بە بیستنی وتارەکانی دەسپێکی فێستیڤاڵ و وێنەکان نەمتوانی ئەوەم بۆ قووت بدرێ و بێدەنگ بم لەو سڕینەوە و فەرامۆشکردنەی بەرپرس و رێکخەرانی فێستیڤاڵ بۆ کەسانێکی وەک (مەلا بەختیار) و هاوڕێی رەوانشادم (سامی هادی) کردوویانە، تەنانەت لە فیلمە دۆکیومێنتارییەکەش کە بۆ مێژووی فێستیڤاڵەکە کرابوو ناوی ئەو دوو بەڕێزە نەهێنرا کە ئەوان بوون فێستیڤاڵەکەیان دامەزراند، سەرپێیانخست، ئاراستەیان کرد، گەورە و فراوانیان کرد، بۆیە بەڕای من دەبوو بەرپرس و رێکخەرانی فێستیڤاڵی ئەمساڵ، نەجابەتیان بنواندایە و لەڕوانگەی متمانە بە خۆبوون و بەهێزیەوە، ڕاستییە مێژووییەکان وەک خۆی بەیان بکەن، با ئێستا جیاوازیی بۆچوونی سیاسیشان لەگەڵیاندا هەبێت، ئەسڵەن دەبوو فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵیان بە ناوی(سامی هادی)ەو ناودێر بکردایە.

ئەوە دوای (دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان)، پێموایە ساڵی (٢٠١٠)، یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو، لە کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکێتی بەهیچ شێوەیەک باسی کاک نەوشیروان و هەڤاڵەکانی نەکرا و پیشانگایەک بۆ وێنە مێژووییەکانی خەباتی شاخ لە گەلەری (ئەمنە سوورەکە) کرایەوە، بینیم، پێم سەیر بوو کە هیچ وێنەیەکی کاک نەوشیروان بوونی نەبوو، ئەوکاتە یەکێک لە دژە گۆڕانەکانی ناو یەکێتی کاک (مەلا بەختیار) بوو و بەو نەفەسە کاری دەکرد، لەکاتێکدا کە کاک نەوشیروان بۆ یەکێتی مێشک و بڕبڕەی پشت بوو، بەتایبەتیش لە خەباتی شاخ.

فێستیڤاڵی ئەمساڵی گەلاوێژ بە ناونیشانی (با داهێنانەکان لە پێناو جوانی و بەها مرۆییەکاندا بن)ە، ئێ هاوڕێیان، وەفاداریش یەکێکە لە بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی، ئاخر کەس ناتوانێت بە ناونەهێنان و کەتکردنی وێنەکانی، ناو و بیر و خەباتی کاک نەوشیروان لە مێژووی یەکێتی بسڕێتەوە، بەهەمان شێوەش کەس ناتوانێت ناو و رۆڵ و ماندووبوونی (مەلا بەختیار و سامی هادی) لەمێژووی (٢٦) فێستیڤاڵی گەلاوێژدا بسڕێتەوە.

تکایە با چیتر دنیای ناشیرینی حزبایەتی دنیای جوانی ئەدەب و هونەر لەکەدار نەکات و لانیکەم وەفامان هەبێت و لە هیچ ڕاستییەکی مێژوویی نەترسین.. 



PM:11:01:20/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی