نامەیەک لە كەركوكەوە

‌زیرەک کەمال

ناوم كەركووكە، شارێكم دوژمنم وایكردووە مێژووی زیندانەكانم لە مێژووی خۆشەویستی زۆر كۆنتر بێ‌، من شارێكم حەز بەهیچ ناو و شوناسێک ناکەم، كوردستانیم و بەس.

تەعریب پیر و كەنەفتی كردم و برست و توانای لێبڕیم. جەنگاوەرانی شەڕگەی جوانیکوژیش بەو ستەمەی لێیان كردم، بەر چاویان لێڵ كردم، گوێیان كەڕ كردم و هێندە دروشمی شاخداریان بە باڵادا بڕیم،
خەریكە ئازاری تەعریبم لەبیر دەچێتەوە.

لەوەتەی هەم ئەوەندە لەپێناوی بەرژەوەندییەكانی دوو حزبی فڕاندمیان ئێستا فڕینی سروشتی خۆم بیر چۆتەوە. لە شارێکی كوردستانی كردیانم بە كوردێكی حزبی. من شارێكی نەوت دزراوی خێروبێر بە فیڕۆدراوی، بە خۆنامۆكراوی، ئەتككراوی، هەش و قوڕ وەسەركراوی، تەعریب كراوم.

لەوەتەی هەم بەرگی بەرم خەزانە و لەژێر شمشێری تیژ و هەمیشە هەڵكێشراوی عڕوبە و درۆی زلی دوو ڕەنگی خۆماڵی، چوار وەرزی ساڵم ژان و پایز و خەزانە.

شوێنپێی خوێناوی سوڵتانی عڕوبە لەناو كوچە و كۆڵان و سەر شۆستەی شەقامەكانم هێندە خوێناوییە، سروشت بە هەموو زەبری خۆیەوە نەیتوانیوە بیسڕێتەوە. من كەركووكم، یەكێك لە شارە هەرە دێرینەكانی وڵاتم، بەڵام لەوەتی هەم بەدوای ئازادییدا ڕادەكەم و نایگەمێ‌.

ساڵی 2003 بۆ ماوەیەك پڕ بەسییەكانم هەوای ئازادیم هەڵمژی. خەریك بووئازادی و كوردستانیبوونم بگاتە ئەوجی لوتكەی جوانی، بەڵام داخەكەم تەمەنی ئازادیم لەم وەرزەشدا لە تەمەنی پەپولەیەكی پایزی كورتتربوو. ئاخر جەنگاوەرانی ناو شەڕگەی جوانكوژی گەڕانەوە و هاتن ئاوێنەی خۆیان دایە دەستم وگوتیان لەمەودوا دەبێ هەربەشانەی ئێمە پرچت دابێنیت،

ئیدی لەمەودوا دەبێ لە مزگەوتی ئێمە نوێژ بكەی، لەمەودوا سرودی ئەی ڕەقیب لەبیر بكە و بەردەوام سرود و مارشی ئێمە بڵێوە.
لە یاریگای وەرزشیش تیپی یاریكردن بە ئارەزووی خۆت هەڵنابژێریت، بەڵكوو چەپڵە بۆ ئەویاریزانە لێ دەدەی، كە ڕەنگی ئێمەی پۆشیوە و گوێش لە فیكەی ناوبژیوان مەگرە، چونكە فیكەی ئێمە بڕیار لەسەر براوە و دۆڕاو دەدا. تەنانەت بولبولی سەرچڵیش لەسەر ئیقاعی سیاسی ئێمە دەبێت بخوێنێت.

ئیدی لەمەودوا سنگ و بەرۆك و ئوتومبێلەكەت، بە ئاڕم و ئاڵای ئێمە دەڕازێنیتەوە، نەك ئاڵای كوردستان، نەبادا هەر ئەو وشەیەش هەستی پاك و ناسكی عڕوبە و تۆرانیزم زامدار بكات،

بۆیە منی کەرکوک لە ئێستا بەولاوەلەدڵەوە ئەوانەم تەڵاقدا كە زیاتر لە عڕوبە ئازاری جەستەیی و ڕۆحیان داوم، دەزانن بۆ؟

ئاخر ئەو ڕۆژەی لە هەڵمەتی هەڵبژارنی تشرینی دووەمی 2025 لەناو جەرگەی شاردا، عڕوبی و تۆرانی پەلاماریان دام، چونكە ئاڵای كوردستانم بەرز كردبووەوە، كەچی بەداخەوە كە گەڕاشمەوە بارەگا، چیڕۆكی غەدرەكەم بۆ کوێخا سیاسییەکەم گێڕایەوە، بە تووڕەییەوە پێی گوتم: دەستیان خۆش بێت، ئاخر تا ئاڵای ئێمە هەبێت بۆچی ئاڵای كوردستان بەرز دەكەیەوە!


AM:11:23:19/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی