( من = تۆ )!! هاوکێشەی مێگەل لە کۆمەڵگای مۆدێرندا
د. ئەمیر حسێن
لەسەردەمێکدا بەهای مرۆڤ چیتر وابەستەی وەڵامی ئەو پرسیارە کلاسیکیە نیە ( من کێم یان من چیم ؟ ) ، بەڵکو لێرە بەدواوە بوون گرێدراوی وەڵامی ئەو پرسیارە سێنترالیە مۆدێرنەیە : ( من چیم هەیە ؟ ) . لێرەوە مەترسیدارترین هاوکێشەی بیرکردنەوەی کاپیتالیزمی مۆدێرن خۆی مەڵاس داوە ( من = تۆ ) ، هەرچەندە لە ڕواڵەتدا ئەم هاوکێشەیە وەک بانگەشەی یەکسان خوازی خۆی نمایش دەکات ، سەرەتا ئەستەم و تەنانەت مەحاڵ دەردەکەوێ ، چۆن دەکرێ ( من ) بەم هەموو تایبەتمەندیەی ڕابردوو، یان جیاوازیە بنچینەییە فیزیکی و میتافیزیکیەوە ، هاوتابم لەگەڵ ( تۆ) ؟ ، بەڵام لە واقعدا ئەمە دەستپێکە بۆ پرۆسەی ڕاگەیاندنی ، سەرەتای کۆتایی ، مردنی تاک گەرایی و داماڵینی فرە ڕەهەندی ، تەنانەت سڕینەوەی تایبەتمەندیە جیاوازەکان و زاڵبونی بیرکردنەوەی مێگەل ، بەسەر کۆمەڵگادا.
هربرت مارکوزە لە تیۆرە بەناوبانگەکەیدا ( مرۆڤی تاک ڕەهەند One – Dimensional Man ) زۆر زوو لەم تێکشکانە مەترسیدارەی ، لە بێدەنگیدا بەڕێوەدەچێت ، بە ئاگامان دەهێنێتەوە ، بە دەنگێکی بەرز ئاگادارمان دەکاتەوە ، مرۆڤ لە کۆمەڵگای پیشەسازی مۆدێرندا ، بە توندوتیژی ڕام ناکرێ ، بەڵکو کارکردن لەسەر چێژ و ئارەزوو ، چەکی یەکلاکەرەوەیە ، لە خۆڕادەستکردن بە مێگەل . پێش ئەوەی جەستە کۆت و بەند بکات ، ڕوحی سرک و بزێوی لە بازنەی بەکارهێنان و مەسرەفگەرادا ، دەست بەسەر دەکات ، وەک چۆن تەکنۆلۆژیای پیشەسازی ، لە کارخانەکاندا کەل و پەلەکان بەرهەم دەهێنێ ، هاو تەریب بەخەستی دەستیکردوە بە سەرمایەگوزاری ، لە وەبەرهێنانی چڕی حەزو ئارەزوەکانی مرۆڤیشدا ، لێرەوە چێژو بەختەوەری بە بڕی توانای کڕین و بازاڕکردنەوە گرێدەدات ، نەک بە توانای بیرکردنەوە ، یەکخستنی ئارەزوەکان و هاوتاکردنیان ، لە ڕێگەی بەرهەم هێنانی بەردەوامی پێداویستی ساختەوە ، ئێستا پرسیارەکە ئەوە نیە ( من چیم دەوێت ؟ ) بەڵکو گۆڕاوە بۆ ( من پێویستە چیم بوێت ؟ ) . ئارەزوە ساختەو دەستکردەکانی کۆمەڵگە دەیسەپێنێ بەسەرهەموماندا ، هەمان جۆری مۆبایل ، هەمان جۆری ئۆتۆمبێل ، هەمان دیزاینی خانو بەرە ، تە نانەت هەمان ستایلی ڕیش تاشین و نەشتەرگەری جوانکاری و جل و بەرگ و پۆشاک ، تادەگاتە خەونی هاوبەش بۆ بەسەربردنی پشوەکان ، بەهەمان جۆرو لە هەمان شوێن و دورگە . مەسافەی نێوان ئارەزوەکان هێندە کەم بۆتەوە ، نزیک بۆتەوە لە خاڵی سفر، ئیتر زۆر بە ئاسانی ئارەزوی شتێک ناکەین لەبەرئەوەی پێویستمانە ، بەڵکو لەبەرئەوەی ڕیکلام و کەناڵ و شاشەکان دەخوازن و ڕامان دەکێشن ، خۆ ئەگەر پێویستیشمان نەبێ ، بەڵام هەر دەبێت هەمان بێت ، لێرەوە ئیتر تاک ، ئازادی و پێویستیەکانی تەسلیم بە هاتوهاواری بازاڕ دەکات ، خۆ نواندن دەبێت بە پاڵنەری ئارەزوی ژیانکردن وەک ئەوانیتر ، پاراستنی تایبەتمەندی و جیاوازی دەبێت بە جۆرێک لە گوناح و هەڵەی شەرمنانە.
لەم ماراسۆنە گەرم و گوڕەی ڕاکردن بەدوای ئارەزوە ساختەکان و حەزی بێدوایەکی بازاڕکردنەدا ،( مارکوزە ) ئاگادارمان دەکاتەوە ، شارستانیەتی سەردەم نەک تەنها فرەیی لە نێوان من و تۆدا دەکوژێ ، تەنانەت پەلاماری ئەو فەزا خودیەش دەدات ، بەهاو واتا بە بونیادو بنەما ئەخلاقیەکان دەبەخشێ ، هەوڵدەدات لە چوارچێوەی گوێڕایەڵیدا ، جارێکی تر لە نوێ دایبڕێژێتەوەو تەڵقینی بداتەوە ، ئەمەش پرەنسیبی ترس لە بیرکردنەوەی دەرەوەی مێگەل وەک ترادسیۆن دەسەپێنێ ، لێرەدا (هایدێگەر) بیرمان دەخاتەوە ، مردن ترسناکترین تراژیدیای مرۆڤ نیە ، بە ڵکو فەرامۆشکردنی بوون ، یان لەبیرکردنی بوون ، لە ناو هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دوبارەدا ، گەورەترین مەترسیە بەرامبەر لەدەستدانی تامەزرۆیی و سەرسامی ، لە مەڕ پرسیاری وجودی ( من بۆچی هەم ؟ ) سەرکێشی لەدەستدانی ئەم پرسیارە ، سەرەتای مردنی کلینیکی هزرینی ئازادو خۆ تەسلیمکردنە بە مێگەل . چونکە قەڵاچۆکردنی جیاوازیەکان ، پێویستی بە بەکارهێنانی توندو تیژی نیە ، وەک چۆن سیستەمەکان بەدرێژای مێژو پەیڕەویان لێدەکرد ، تەنها ئیسفنجێک لە تەکنۆلۆژیای زیرەک ، لە ڕێگەی میدیاوە دەستکاری سیستەمی چێژو ئارەزوو پێداویستیەکان دەکا ، تادەگات بە قوتدان و هەڵمژینی جیاوازیەکان ، ئیترهەڵچون و ناڕەزایەتیەکان ، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکان ، حزبە سیاسی و ڕێکخراوەکان ، من و تۆ لە یەکتر دەچین . تەنانەت ئەو ( نا ) یەی وەک ڕەتکردنەوە ،( کامۆ) بە پێش مەرجی بون دایناوە بەرامبەر هەموو جیهان ، دەبێت بە ( نا ) یەکی دەستەجەمعی بێ واتا ، بە یەک دەنگ و لە یەک کاتداو لە شوێنێکی تایبەت و دیاریکراو ، وەک پۆلێک قاز بەبێ مەبەست و دەرئەنجام دەردەبڕدرێ.
لە کۆتایدا ئەم جۆرە لە مرۆڤ ، تەنها شوێن ئاسودەیی دەکەوێ ، وەک چۆن لە شکست دەسڵەمێتەوە ، بە هەمان شێوە لە سەرکەوتن دەترسێت ، پێی چاکترە کۆپی ئەویتربێت نەک دەنگێکی نەشازو جیاواز، بەلای ئەوەوە پاراستنی تایبەتمەندیە ڕەسەنەکانی ، بۆتە جێگەی مەترسی ، تاکگەرایی جۆرێکە لە تۆمەت ، یان بیرکردنەوە ، ئەنجامدانی تاوانە ، دژی دۆخی گشتی دەرونی کۆمەڵگا ، بۆیە لەم سەردەمە جەنجاڵەدا ، ( من ) دەبێت ئاماژەی گێڕانەوەی ماف بێت ، بۆ تۆخکردنەوەی جیاوازیەکان ، بیرکردنەوەی عەقڵانی لەسەرخۆ ، لەسەردەمی تیژڕەویدا ، یان هەڵبژاردنی بێدەنگی ، لە کاتێکدا هەموان پڕ بە گەرویان دەقیژێنن ، ئەمەش تەنها قبوڵکردنی ڕەتکردنەوەی هاوشێوەیی ئەویترە ، شکاندن و ڕەتکردنەوەی هاوکێشەی ( من = تۆ ) ، جۆرێک نیە لە لوت بەرزی و خۆ بەزل زانین ، وەک دەردەکەوێ ، بەڵکو ڕزگاربونە لە کۆیلایەتی لێک چوون ( وەک یەکی ) ، ئەمەش بانگەوازی گێڕانەوەی دەنگ و سەنگی تاکە ، بۆ ئەوەی تۆ خۆت بی ، منیش خۆم ، بە پاراستنی جیاوازیەکانمانەوە ، گەورەیی و مەزنی مرۆڤ وەک ( نیچە ) دەڵێت : لە پابەندی بە مێگەلەوە بەرجەستە نابێت ، بەڵکو لە توانای پێچەوانە ڕێکردنەوە بەرهەم دێت ، هەتا ئەگەر تەنیاش بیت.
PM:07:38:15/11/2025
ئهم بابهته 644
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی