ئاخرە باخن
ستران عەبدوڵا
کاک فازل میرانی لەناو پارتی بە نەرم و نیانی هێنای، لە لێدوان و دیدارەکانیدا هەمیشە بە هێمنی و لەسەرخۆیی و بە مەنتقی سیاسیی، دیارە مەنتقی سیاسی پارتی، قسەی دەکرد و شرۆڤەی دەدا.
هەندێک جار بە ئایەتی قورئانی پیرۆز، هەندێک جاریش بە شیعر و پەندی پێشینانی عەرەبی و کوردی حوجە و بەهانەی خۆی پاساو دەدا. چەند ساڵە لە رەدو بەدەلی سیاسیدا وای هێنا و چاکی هێنا بە جۆرێک خەریک بوو لە ئەرکی پاساودانی سیاسەتی چەوتی نفوزدارانی پارتی تێی دەهێنایەوە و دیواری درز تێکەوتوو و کونکون و لاری پارتی ڕاست دەکردەوە و سواقی دەدا.
بەڕاستی ئەرکەکە قوورس بوو و پێویستی بە کەمێک بەلاغە و موبالەغەی فازل میرانی هەبوو، بەڵام هیچ خانێ تاسەر و هیچ میرێ تا کۆتایی پایەدار نابێ و دونیا بەقای بۆ کەس نییە، دەکەوێ و دەگەوزێ.
ئاخرێکەی خراپ بوو و ئاخرێکەی شڕ بوو و چەپاندنی چەندین دەیە و ناخی پەنهانی رەشی بەجارێ خۆی خستە ڕوو.
ئەوی دوێنێ شەو لە کوردستان بیست و چوار وتی گوتی ڕاستە لە ژێر گوشار بوو، ڕاستە جیاواز بوو لەوی لە روداو گوتی، بەڵام بەڕاستی چەپاندنێکی گەورە و درێژخایەنی لە پشت بوو، لە ناکاو بۆیاغی وقار و سەنگینی قسە ئەم چەپاندنەی دەرخست. لە نێوان دوو دیداردا نزمترین ئاستی لێدوان و دەربڕینی پەخش و پەرێشان کرد.
کاک فازل زۆری شاردەوە تا ئەم ماریفەت و عیرفانەی نیشاندا.
قسەی یەکێتی لەسەر رەوتی حەوت ساڵی حکومەتێکی ناموەفەق و جیاکار و نادادپەروەر بوو، کەچی میرانی مێژووی حەفتا ساڵی رابردووی بزووتنەوەی کوردایەتی خستە ژێر زەرەبینی تەڵخەوە و کامل بۆیاخی کرد.
باشی هێنا تا خراپی کرد، دۆ و دۆشاوی تێکەڵکرد، وەک کەرکوکی دەڵێ: زیفی کرد، وەکو تورکمانەکەی کەرکوک دەڵێ: ئاخرە باخن.
PM:12:10:09/11/2025
ئهم بابهته 628
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی