میدیا‌و بانگه‌شه، بانگه‌شه‌و میدیا
د.یەحیا عومەر رێشاوی
كرۆكی دیموكراسیه‌ت هه‌ڵبژاردن و كرۆكی هه‌ڵبژاردنیش میدیایه، به‌مانا كاتێك باس له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌یت واته بانگه‌شه‌ی میدیایی و پڕوپاگه‌نده‌ی لایه‌ن و كاندیده‌كان و ئه‌و كه‌شه (میدیا - پڕوپاگه‌نده)ییه‌ی كه له ساته‌وه‌ختی هه‌ڵبژاردندا دروست ده‌بێت و چه‌ند مانگێك پێش پرۆسه‌كه و تا چه‌ند رۆژێك پاش پرۆسه‌ی ده‌نگدان ماكینه‌ی میدیایی وشه‌و وێنه و جوڵه ده‌هاڕێت و ده‌هاڕێت، تا دوا جار هه‌ڵمه‌تێكی (میدیا – هه‌ڵبژاردن)ی به‌هێز و پڕ له‌تین ده‌خولقێت، هه‌مووشی له پێناو یه‌ك شت: قه‌ناعه‌ت به ده‌نگده‌رێك بكات و بڕیار بدات بچێته بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان و به لایه‌ن و كاندیدێك بڵێت (به‌ڵێ) !
دیاره چه‌ند میكانیزمێك رۆڵ له دروستكردن و خولقاندنی ژینگه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردندا ده‌بینن، له پێش هه‌موویانه‌وه كه‌ناڵ و ده‌زگا میدیاییه‌كانه، كه به دووباره كردنه‌وه‌ی دروشمی لایه‌ن و كانیدهكان و په‌خشی به‌رده‌وامی گۆرانی و مۆسیقای تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردن و دیبهیبت به‌رنامه‌ی چڕ و شێوازه‌كانی دیكه‌ی ناوه‌ڕۆكی میدیایی، ئه‌و ژینگه بارگاویه به هه‌ڵبژاردن دروست ده‌كه‌ن و هه‌ندێك له‌و ده‌نگده‌رانه‌ی كه ڕه‌نگه له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا بڕیاری ده‌نگنه‌دان و بایكۆتی پرۆسه‌كه‌یان دابێت، ده‌بینیت به‌خۆیان نازانن و ده‌چنه بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان و ده‌نگ ده‌ده‌نه لایه‌ن و كاندیدێكی دیاریكراو!
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه، له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌ندێك له تیۆره میدیاییه‌كان جارێكی تر ده‌رده‌كه‌ونه‌وه و خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، له‌وانه تیۆری (فیشه‌ك و ئهجێنداسازیی) میدیایی به‌ناوبانگ، كاتێك به دووباره‌كردنه‌وه‌ی په‌یام و تۆخكردنه‌وه‌ی باس و خواسی هه‌ڵبژاردنه‌كان كاریگه‌ریی به‌هێز له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر دروست ده‌كه‌ن و ئه‌جێندای بیركردنه‌وه‌یان ده‌ستكاریی ده‌كه‌ن، كاتێك ده‌زگا و كه‌ناڵه میدیاییه‌كان ستایڵ و شێوازی به‌رنامه و ناوه‌ڕۆكه پێشكهشكراوهكانیان ده‌گۆڕن و پلانی كه‌ناڵه میدیاییه‌كان گۆڕانكاریی ریشه‌ییان به‌سه‌ردا دێت و سه‌ری زمان و بنی زمانیان ده‌بێته قسه و باسی هه‌ڵبژاردن، ئیدی ئه‌م به‌رنامه و ناوه‌ڕۆكه پێشكهشكراوانه ده‌بێته قسه و باسی نێو خه‌ڵكیی و ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌شدا نه‌بێت، به ناچاریی شتێكی هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ڵێت و زه‌حمه‌ته بتوانێت خۆی لێ گێل بكات.
ته‌نانه‌ت زۆرجار له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كاندایه ناسنامه‌ی ڕاسته‌قینه و ئایدۆلۆجیای پشت به‌شێكی زۆر له كه‌ناڵ و ده‌زگا میدیاییه‌كان ئاشكرا ده‌بن و ئه‌گه‌ر كه‌ناڵ و دوانگهیهكی میدیایی پێشتر وه‌ها خۆی نمایش كردبێت، كه سه‌ر به هیچ لایه‌ن و ئاڕاسته‌یه‌كی سیاسی دیاریكراو نییه، ئه‌وا كه‌شوهه‌وای هه‌ڵبژاردن زۆرجار ده‌بێته سه‌نگی مه‌حه‌ك و ئه‌و ده‌مامكه دروستكراوه لاده‌دات، هه‌ڵبژاردن ئه‌و په‌یامه به جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ر ده‌گه‌یه‌نه‌ێت، كه كه‌ناڵی (أ) یا (ب) سه‌ر به چ لایه‌نێكه و تا ئێسته كه بانگه‌شه‌ی بێلایه‌نیی و هاوسه‌نگیی و بابه‌تی بوونی كردووه، تاڕاده‌یه‌كی زۆر خۆڵی كردوه‌ته چاوی وه‌رگرانی و ئه‌و هه‌موو خه‌رجیی و ماندووبوون و ماكینه میدیاییه بۆ ئه‌م رۆژه بووه و له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا ئیدی بانگی موحه‌ممه‌د به ئاشكرا خۆشه و شتێك نامێنێت به ناوی بێلایه‌نیی و سه‌ربه‌خۆ بوون.
ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردن ده‌كاته جێباس و مایه‌ی گفتوگۆ و چه‌له‌حانێی هه‌موو شوێن، بڵاوبوونه‌وه‌ی شێتانه‌ی فه‌زای (تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان)ه، كاتێك هه‌موان به جیاوازیی ته‌مه‌ن و ئاستی خوێنده‌واریه‌وه، به جیاوازی شوێنی جوگرافیی و زمان و زارهوهوه، به جیاوازی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاینیی و سیاسیانه‌وه، ده‌بنه میوانی شاشه زیره‌كه‌كان و په‌یام له دوای په‌یام و ڤیدیۆ له دوای ڤیدیۆ و بانگه‌شه له دوای بانگه‌شه ده‌خوێننه‌وه و ده‌بیستن و ده‌بینن، ئیدی ئه‌گه‌ر ڕۆژنامه و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كانیش نه‌توانن بگه‌نه گوێ و چاو و خه‌یاڵی ئه‌و ده‌نگده‌ره، ئه‌وا مۆبایل و ئامێره ئه‌لكترۆنییه‌كان به زیاده‌وه ئه‌م ئه‌ركه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و به ده‌نگده‌ر ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر ده‌رگاشمان لێداخهن، ئێمه بێمۆڵه‌ت له په‌نجه‌ره‌وه خۆمان ده‌گه‌یه‌نینه ماڵه‌كانتان و بتانه‌وێت یا نه‌تانه‌وێت ڕاپێچی به‌رده‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدانتان ده‌كه‌ین!
هه‌ربۆیه ده‌بینیت لایه‌ن و كاندیده‌كان بودجه‌ی قه‌به و خه‌یاڵیی بۆ بانگه‌شه‌ی میدیایی ته‌رخان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه جۆرێك له قه‌ناعه‌ت به یه‌كلابوونه‌وه‌ی ده‌نگده‌ر بۆ لایه‌نێكی سیاسیی دیاریكراو هه‌بێت و له‌گه‌ڵ كاریگه‌ریی خێڵ و حزب و بنه‌ماڵه و بڕیاری پێشوه‌خته له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر و له‌گه‌ڵ كه‌می هۆشیاریی به‌شێك له ده‌نگده‌ران، به‌ڵام به سه‌رنجدانێك له ژینگه‌ی میدیایی هه‌رێمی كوردستان و (عێراق) ده‌بینیت پشكی شێری هه‌ڵمه‌ت و بانگه‌شه‌ی به‌شێكی زۆر له لایه‌نه‌كان بۆ لایه‌نی میدیایی پڕوپاگه‌نده و بانگهشهكهیانه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك لایه‌ن بودجه و دارایی كراوه و بێ‌سنووریان بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ته‌رخان كردووه و ژماره و حساب و كتابی هه‌ڵمه‌تی میدیایی به ملیۆنان دۆلاره!
لێره‌و گرنگیی و بایه‌خی میدیا بۆ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌گه‌ر كه‌سانێكیش پێش هه‌ڵمه‌ته‌كه دۆستی و (چه‌ناڵ و پۆڕتاڵ و سیگناڵ) نه‌بووبن، ئه‌وا له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژارنه‌كاندا جارێكی دیكه ئاشت ده‌بنه‌وه و ده‌بنه‌وه دۆستی شاشه و ڕادیۆ و مهڵتیمیدیاكان، هه‌ڵبژاردن ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له كاندیده‌كانیش ده‌كاته میدیاكار و چالهكهوانی سۆشیاڵمدیا و ناچار به دانانی په‌یچ و فێربوونی سناپ چات و خۆڕاهێنان له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كانی مۆنتاج و سێڵفی گرتن له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌راندا ده‌كات!
هه‌ربۆیه جێی خۆیه‌تی جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه بۆ یه‌كه‌م ڕسته‌ی ئه‌م وتاره: (كرۆكی دیموكراسیه‌ت هه‌ڵبژاردن و كرۆكی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش كه‌ناڵ و ده‌زگا میدیاییه‌كانه).
PM:09:44:08/11/2025
ئه‌م بابه‌ته 204
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی