لۆت دەمرم و لۆت دەژیم هەولێر
        
         کەژاڵ ئەحمەد
        
        
        
          ساڵی 1996 لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئاوارەیی و وەک شاعیرێکی دەربەدەر شیعری (لــۆت دەمـرم هەولێرە ماست)م بۆ ئەو هەولێرە نووسی، کە خەڵکەکەی و کاک کۆسرەتەکەی و پێشمەرگە ئازاکانی لە ساڵی 1991 لە هەڵمەتی راپەڕینەکانی خەڵکی کوردستاندا ئازادیان کرد و لە نەوەد و شەشدا دەبابەکانی بەعس بە پێشوازیی پارتی دووبارە داگیریان کردەوە و وەک هێلکەیەکی پاککراو دایانەوە دەستی پارتی. لەو رۆژە تاریک و سەختانەدا کە دڵنیام هەولێرییە رەسەنەکان و تەنانەت  هەندێ لە پارتییەکانیش دڵبریندار و خەمباربوون سەبارەت بە ئەوەی روویدا، کەچی شیعرەکەم گەیشتەوە هەولێری بریندار و زانرا کە لەو کاتەدا دەمویست بۆ لارەملی و ئەو غەدرەی لەو شارە و مێژووەکەی کرا، بمرم. ئەو کاتە کوڕە هەولێرییەکی شاعیر لە هەندەرانەوە بە شیعرێکی جوان وەڵامی دامەوە، ئەمەش هێندەی تر شیعرە پڕ لە هەڵوێستەکەمی بەناوبانگ کرد تا ئەو ئاستەی تەنانەت لەم ساڵدا بەشێکی لە رۆژنامەی گڵکەند بڵاوکرایەوە  و هەموو ساڵێک سەدان رۆژنامە و گۆڤار و پێگەی ئەلیکترۆنی و ئەکاونتی فەیسبووک هەمان شیعرم بە هەمان دڵگەرمی 29 ساڵ لەمەوبەر بڵاوی دەکەنەوە. وەک بینیمان رۆژی شەممە لە هەولێر لە کاتی کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدەکانی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، پێش ئەویش لە کاتی شەقهەڵدانی شەقاوەیەک لە کوڕە شەهیدێک لە هەولێر، دەمویست بڵێم (لۆت دەژیم هەولێرە ماست)، ئەو حەشامەتەی کەرنەڤاڵی یەکێتی لە هەولێر وەڵامی نادادپەروەرییەکان بوو، ئاماژەی چاونەترسیشە، دەمەوێت بۆ هەولێر و هەموو شارەکانی کوردستان بژیم، چونکە بۆ مردن بیرکردنەوەی سەردەمی خەبات شاخە، با بژین و ببینم چۆن باری لاری سیاسەت لە هەرێمەکەماندا راستدەکرێتەوە و هەنگاوەکان بەرەو (حوکمڕانییەکی رەشید) دەنرێن و دەکرێنە راستیی و کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی لە دەڤەرەکانماندا دەهێنرێت. 
چاوەڕوانیمان زۆرە، بەڵام تێپەڕاندنی لەمپەرەکان پێویستی بە پشوودرێژی و ژیرییە. ماندوونەبوونی بۆ هەموو ئەوانەی لەپێناوی خەڵکدا ژیاون و دەژین، تەنانەت بۆ ئەوانەش کە لەپێناوی ژیانێکی باشتر بۆ ماڵ و منداڵ و خزم و دۆست و شار یان گوندەکانیان هەوڵدەدەن و ژیانی ژێردەستەیی و بێ مافی و پڕ لە ترس رەتدەکەنەوە و مافە شایستەکانیان بە شێوازی ئاشتیانە و مەدەنیی بەدەستدەهێننەوە.
ئەوەی دوێنی بە دەبابە و چەک لێمان سەندراوە لە رێی دەنگدانەوە دەتوانین وەریبگرینەوە، بەڵام ئەگەر خاوەن ئیرادە و یەکگرتووبین و هەرکەس نەڵێت خۆم، بەڵکو وەک کاک بافڵ بکات و بڵێت ئێمە، کە رەوانشاد مام جەلال ئەو ئاوەی رشت لە سەرەتادا و بەمەش نەمریی و گەورەیی و رێزی لای دۆست و دوژمن بێ سنوور و نەبڕاوەیە، لە ناوخۆ و لای بێگانە و سەرتاسەری عیراقیش.
        
        
AM:09:51:04/11/2025 
    
                             
                    
                
                              
          			ئهم بابهته 									292
 جار خوێنراوهتهوه 
          	
                                                                       
 
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز  بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی