هەڵبژاردن یان مەشغوڵاندن

‌ئاوات جەمال ساڵح

ئەو دەنگدەرانەی کە پشت بە دامەزراندن یان یارمەتییەکانی پەیوەست بە حزبەکانەوە دەبەستن، هاندەرێکی کەمیان هەیە بۆ دەنگدان بە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەو پێیەی مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی ماددییان لەسەرە.

لە ئەنجامدا حیزبەکان بنکەی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگەی وابەستەیی ئابوورییەوە بەرهەم دەهێننەوە نەک لێپرسینەوەی دیموکراسی،ئەم چیرۆکی دیوە راستەکەی هەڵبژاردنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەمان چینی سیاسی، کە لە 1991  وە، دەسەڵاتی لە دەستدایە حوکمی بەردەوام دەبێ بەبێ بەشداریکردن، ئەم چینە هەمیشە لە هەڵبژاردندا دەیباتەوە، ئەمان پارێزراون و لەسەروو دەنگ و خواستی خەڵکەوەن، هەڵبژاردن تەنیا بۆ گۆڕینی ئەندامانی پەڕلەمانە، نەك بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات.

لە دونیادا یەکێک لە هۆکار و ئامرازەکانی گۆڕین و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی و پارتی حکومڕان، هەڵبژاردنە کە هەموو چوار ساڵ جارێک دەکرێت لە هەندێک وڵاتدا پێنچ ساڵ جارێک .

بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم پرۆسەیە نەبووە بە هۆکار و ئامڕاز بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی  لە مێژینەی پارتە حکومڕانەکان، زیاتر لە شانۆگەرییەکی گاڵتە ئامێز دەچێ، پێشوەختە سیناریۆ و نەتیجەکەی دانراوە.

ئەم وایکردووە، هاوڵاتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی لەوە بگەن، ئەم پڕۆسەیە جگە لە مەشغوڵکردنی خەڵک و بەخشینەوەی ئەندام پەڕلەمانی وەک وەک دیارییەک، لەلایەن حیزب و بنەماڵەوە بۆ کۆمەڵێک کەس و لایەنی و کادیری حیزبی، وە سەرۆک عەشیرەت هیچی دیکە نییە!.

ئەگەر بە ووردی چاوێک بە بەربژێرەکاندا بخشێنی، ئەوە بەڕوونی و ئاشکرا دیارە، وە لە پەنایی ئەمەشدا، کۆمەڵێک سوودمەنددەبن لە رووی ماددییەوە لەبەر ئەوەی وەک ئەپدەیتێک هەریەک لە حیزبەکان بۆ پیشاندانی هێز و جەماوەری خۆیان و عەرزکردنی لایەنکگرانیان بەرامبەر یەکتر خەڵکی ناچار دەکەن بە زۆر یاخود بە پارە و هەندێک لە ژێر گوشاردا، بە تایبەت ئەوانەی کە فەرمانبەری حکومەت بهێنە سەرجادە، تاوەکو لەو رێگەیەوە بە بەرامبەرەکەیان بڵێن، ئێمە بەردەم و هەمیشە لە گەشەداین و خۆشەویست و جێگەی  متمانەی خەڵکین، لە کاتێکدا بە فەرمانبەر و هێزی ئەمنی کورسی کەرناڤاڵەکانیان پڕدەکەنەوە.

سەرۆکی حزب لەگەڵ ئەوەی هەڵنەبژێراوە و بەشداری هەڵبژاردن ناکات، هەموو دەسەڵاتێکی بەدەست دەبێ جگە لە گەمەی سیاسی، هەرگیز گوێت لە سەرکردەیەك نابێ باسی خەمی خەڵك و چارەسەری کێشەیان بکات، ئەمان خەڵك بە مرۆ و موریدی خۆیان دەزانن ئەمان پیرۆز و هێڵی سوورن، لەشکری ئەلەکترۆنی و سوپای حزب، میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی سیخناخ دەکەن لە ستایشی سەرۆك.

ڕیفۆڕم لە ماڵەوە دەستپێ دەکات هەرچ کاتێك پارتی و یەکێتی بوون بە دوو حزبی هاوچەرخ و سەرکردەیان گۆڕی و کوڕ جێی بابی نەگرتەوە و پوور و مام، ئامۆزا و خوشکەزا نەبوون بە سەرکردە، ئەوا باوەڕ بە دەستاودەستی دەسەڵات دەهێنم!


PM:12:42:03/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی