کەمپینی پارتی ڕاستی قسەی یەکێتییە

‌ستران عەبدوڵا

لەوە گەڕێن کە جیاکاری دەکەن لەنێوان شارەکاندا. ئەم دۆسیە وا زەقە کە دەڵێی لەناو نایلۆنێکی شەفافدا پێچراوەتەوە،  هەموو لایەکی دیارە.  بەڵام عەیب و شەرمی گەورە ئەوەیە ئەو پرۆژانەی لەشوێنە دڵخوازەکانی خۆیان کردویانە بەناوی لق و ناوچەو ڕەنگی زەردەوە تۆماری دەکەن نەک بە ناوی رەسمی حکومەتەوە.  بەشێنەیی گوایە ئەوە حکومەتی هەریم کردویەتی،  بەڵام ئەمانە لەتاو پەتای هەڵبژاردن کردویانەتە دەستکەوتی حیزب و ڕەنگی زەردی لێ دەپێچن

 جیاوازی زۆنەکەیان وا زەق کردۆتەوە بیریان چۆتەوە دوای ١١/١١/٢٠٢٥ دەبێ سەنەوی و موڵکداری  پرۆژەکان بگێڕنەوە سەر ناوی حکومەتی هەریم. بێ ئاگا لەوەی لەوانەیە پرۆژەیەک لەو دهۆک و هەولێرە  بە  ئیمزا و سەرپەرشتی بەڕێوبەرێکی گشتی سەوز و یەکێتیی  دەرخستەی جێبەجێکردنی بۆ دەرکرابێت.

‎ئێستا کەمپینە و حزبێتی تۆخە هەرچی کراوە و هەرچی دەکرێت مۆری حزبی لێدراوە و حکومەت ئەو حکومەتە ئیئتیلافییە نییە کە رۆژانە گۆرانی بە باڵادا دەڵێن و نیشتمانی پێ دەلاوێننەوە.
‎خیتابی هەڵبژاردنی پارتی و کەمپینەکەی وا لە قوڕ و چڵپاوی حزبایەتیدا چەقیوە بە ئیقراری خۆیان لەو دیو دێگەڵەوە نە پایتەخت هەیە و نە کونسولخانەکان هەیە و نە مۆر و مشەمای حکومەت هەس و دەیخوات . هەر پارتییە  بڕیار دەداو هەر پارتییە پرۆژە دەکا و حکومەتی هەرێم تەنها ناوێکی پارتییە و لای پارتی حکومەت دەزگایەکی  بۆشە مەگەر بۆ کتێبی ساڵنامە و نووسراوی ئەرشیفی ناوی بێت.

‎لای پارتی حکومەت نە کاربەڕێکەر و نە وەزارەتی حەوت تەرەقەیە،  تەنها و تەنها پارتییە و گۆڕەپانەکە لە دامەزراوەی رەسمی حکومەتایەتی خاڵی بۆتەوە.
بابەتەکە ئەوە نییە شارەوانی هەولێر و دهۆک خەریکی پرۆژەن و شارەوانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین کەمتەرخەمن و کەم حەوسەڵەن، بابەتەکە ئەوەیە هەرچی هەیە پارتی دەیکا و هەرچی ناکرێ پارتی قەول و قەراری لەسەر نەداوە. یانی  شار بێ حاکم و والییە و جادەی رەسمی حکومەت لەهەر رێبوارێک خاڵییە..

‎جا قوربان رێک ئەمە سەرنجەکانی یەکێتییە لەسەر حکومەتی تۆخ و تەسکی پارتی  و نیگەرانییەکانی راست و رەوان کە تەنانەت نەک جێی هاوبەشی و شەراکەت بەڵکو ڕێی شایەتمان و شەهادەتیان لێ تاپۆیە. 

بەڕاستی  بەرنامەو خیتابی کەمپینی پارتی هەرخۆی سەلمێنەری راستی گوتەکانی یەکێتییە کە دەڵێ دەسەڵات  لەودیو دێگەڵە قۆرخکراوە  و حوکمڕانی پارتی جیاکار و نادادپەروەرە لە مامەڵەی ئەمدیوی دێگەڵەشدا.

‎ئەمرۆ یەکێتی دەیەوێ ئەم قۆرخە نەمێنێ کە پارتی خۆشی بە روونی لە هەڵمەتی سەرکردەکانیدا وێنای دەکات.

 بەکارهێنانی دەستکەوتەکانی حکومڕانی لە پرۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری وەک شمەک و کاڵایەکی هەرزان  بۆ مانەوە لە دەسەڵاتی حزبی دژی هاوبەشەکانت لە هەمان حکومەت خۆی بەڵگەیە لەسەر قۆرخکردنی دەسەڵات و رێگەگرتن لە شەراکەت و هاوبەشی،  نەک هەر بڕوانەبوون بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات.

لەوەگەڕێ ئەمانە باوەڕیان بە ئاڵگۆڕی دەسەڵات نییە ، بەڵکو شەراکەتیش قبوڵ ناکەن . چونکە تاپۆی هەموو شتێکیان بۆ خۆیان دەوێت.


AM:10:34:03/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی