وانەکانی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی سەدام

‌شوان عەباس بەدری

لە 19 ی ئۆکتۆبەری 2005 یەکەمین دانیشتنی دادگایی کردنی سەدام حسێن سەرۆک کۆماری پێشووتری عیراق و حەوت تۆمەتباری تری پلەباڵای ناو حزبی بەعس باڵی عیراق بە تاوانی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە دوجەیل بەرێوەچوو.

هەرچەندە سەدام حسێن و تۆمەتبارەکانی تری ناو قەفەسی دادگاکە چەندین تاوانی گەورەتر و خوێناویتریان لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیان ئەنجامدابوو و دۆسییەی کۆمەڵکوژی دوجەیل و بڕینەوەی دارخوماکانی ناوچەکە لەچاو تاوانەکانی تریان وەک یاری فتبۆڵێنی مناڵان بوو لەناو کوێرە کۆڵانێک کە کەس گرنگی پێنادا، بەڵام لەبەر دۆخی ئەو کاتەی عیراق و هەندێک ئیعتیباراتی هەرێمی و جیهانی ئەو دۆسییەیە بوو بە شای دۆسییە تاوانکارییەکانی حزبی بەعس و دواجاریش بە نەزانی و گێلی شیعە و هەندێک لایەنی تر سەدام بوو بە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی کە بە پێکەنین و بێ ترس بەرەو ڕووی مەرگ ڕۆیشت و تاوانبار بوو بە قوربانییەکی چاونەترس و قوربانیش بوو بە تاوانبارێک کە یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە!

ئێستاش دوای 19 ساڵ لە هەڵواسینی سەدام زۆربەی دانیشتوانی جیهان ساتەوەختی سەرکەوتنی سەدام بەرەو قەنارەکە بە ساتەوەختێکی مێژوویی تایبەت دەزانن و وەک مرۆڤێکی بێتاوان سەیری دەکەن کە بووە قوربانی ویستی ئەمریکا و ئێران و کوێت !

وانەی کۆتایی ئەو بەسەر هاتە ئەوەمان فێردەکات بە گێلی و نەزانی و نەخوێندنەوەی وردی هەلومەرج و پێشهاتەکان و بە نغڕۆبوون لەناو هەست و تووڕەییە کاتییەکانت  لە دوژمنەکەت پاڵەوانی ئەفسانەیی دروست مەکە تا وەک شیعەکانی عیراق و لایەنەکانی تری ناوخۆی وڵاتت لێنەیەت و نەبیتە کارئەکتەرێکی بێزراوی جیهانی !

سەدام لە 30 دیسامبەری 2006 و لەیەکەمین رۆژی جەژنی قوربان لە ناوچەی کازمییەو بەدیاریکراویش لە یەکێک لە ژوورەکانی هۆبەی پێنجی سەربە دەزگای هەواڵگری سەربازی عیراق لە سێدارە درا.


PM:04:47:19/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 628 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی