ئەم ستەمکارانەش ( خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی) یان پێ بەخشراوە

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

( ئەلفەڕد نۆبڵ / AIfred nobel ) ئەندازیارو داهێنەری سویدی ساڵی ١٨٣٣ ز لەدایک بووە ، ساڵی ١٨٦٧ ز ماددەی دینامیتی داهێناوە کە -- ماددەیەکی کیمیایی تەقاندنەوەی بەهێزەو لەبوارەکانی بیناسازیی و ڕووخاندن و پشکنین لە کانزا خەڵوزیەکاندا بەکاردەهێنرێت --- دواتر هەموو سەروەت و سامانەکەی بۆ (خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ ) تەرخان کرد ، کە خەڵاتەکەش هەر بەناوی خۆیەوە ناونرا .. شاعیری هۆڵەندی ( بەرنادشۆ ) دەڵێت : من لە ئەلفەرد نۆبڵ توڕە نیم ماددەی دینامیتی داهێنا ، بەڵکو لەوەدا لێی خۆشنابم کە خەڵاتی نۆبڵی داهێنا !! وابزانم ئەم پێشەکیە کورتە بەسە بۆ چوونە نێو باسی ئەو خەڵاتە جیهانیەو خاوەنەکەی و سەرەتاکانی ...ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە : هەموو ئەوانەی ئەگادارن و شارەزان دەزانن کە پێوەرەکانی بەخشینی ئەم خەڵاتە جیهانیە زۆر جار پێوەری( لاستیکی) ین ، ئەگەر چی ئەو خەڵاتە نۆبڵانەی لەبواری زانستی و پزیشکیدا دەبەخشرێن لەوانەیە شیاوترو جیاواز تر بن ، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو نۆبڵانەی کە ڕواڵەتی و ساختە ترن ئەوانەن کە لەبواری ئەدەب و ئاشتی دا دەبەخشرێن !! ئەو خەڵاتە نۆبڵەی کە بۆ ئاشتی یان ئەدەب بە کەسایەتیەک دەبەخشرێ دەبێت بێ یەک و دوو ئارەزوو و ڕەزامەندی پێشتری کۆشکی سپی ئەمریکای لەسەر بێ لە واشنتۆن ، یان دەبێت ڕەزامەندی پێشوەختەی( کێنست / پەرلەمانی ئیسرائیل )ی لەسەر درابێت ، یان لانی کەم ناکوک و دژ نەبن لە بەخشینی بەو کەسایەتی و لایەنە !

سەرنج بدەن ئەگەر ڕۆمان نووسێک لە هەر یەکێک لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا ڕۆمانێک بنووسێت لەبارەی قەسابخانەی جولەکەکان لەسەر دەستی هیتلەر ئەوا بەدڵنیاییەوە کاندید دەکرێ بۆ ئەوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی پێ ببەخشرێت ، بەڵام تەنها گومان دروستکردن لەسەر قوربانیەکانی جولەکە ئەوا سزاکەی وەک سزای فەیلەسوف و بیرمەندە فەرەنسیەکە ( ڕۆجیەگارودی ) دەبێ کە بەدژایەتی کردنی جولەکەو جوڵانەوەی زاێۆنیزمیی تۆمەتبارکراو ڕاپێچی دادگاکرا ! لەوانەیە بوترێ : ئەی بۆ ڕۆمانووسی عەرەب ( نەجیب مەحفوظ ) خەڵاتی جیهانی نۆبڵی لەبواری ئەدەب دا پێ بەخشرا ؟! لەوەڵامدا دەڵێین : لەبەر ئەوەی ناوبراو بەردەوام و بە توندی پشتیوانی پرۆسەی ئاشتەوایی عەرەب -- جولەکەی دەکرد !
دیارە ئەگەر باسی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیش بکەین ئەوا لیستەکە دوورو درێژە ...

---- ( مەناحیم بێگن ) سەرکردەی چەتەکانی ئەراگۆن بوو ، کەدەیان قەسابخانەی ئەنجام دابوو ، بەناوبانگ ترینیان قەسابخانەکەی دێریاسین بوو ، کە بێگن زۆر بەشانازیەوە لە کتێبەکەیدا ( التمرد .. قصة الاراغون ) باسی دەکات ، بەڵەم سەرەڕای ئەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێ بەخشرا !

---- ( ئیسحاق ڕابین ) سەرکردەی چەتەکانی هاغانا بوو کە ڕێکخراوێکی سەربازیی ئیسرائیلی بوو ، چەندان کۆمەڵکوژیی و ڕەفتاری ئابڕووبەرانەی ئەنجامدابوو ، نەک بەوتەی ئەوانەی ڕزگاریان بوو بوو ، بەڵکو بە وتەی مێژوونوسی جولەکە ( ئیلان بابە ) کە لە کتێبەکەیدا ( التطهیر العرقي في فلسطین ) ئاماژەی پێ کردووە ، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە نۆبڵی ئاشتی وەرگرت !

---- ( شەمعۆن پێریز ) دامەزرێنەی کورەی ئەتۆمی دەیمونا بوو ، خوێنڕێژە گەورەکەی غەززە و قانا بوو ، ئەویش یەکێکی تر بوو لەوانەی ئەو نۆبڵە ئاشتیەی پێ بەخشرا !

---- ( هێنری کێسەنجەر ) یش ئەو خەڵاتەی وەرگرت کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو ، لەو سەردەمەشدا وڵاتەکەی ئەو واتە ئەمریکا سەرگەرمی قەڵاچۆکردنی ڤێتنامیەکان بوو !

---- ( باراک ئۆباما ) سەرۆکی پێشوی ئەمریکا کە سوپاکەی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی داگیر کردبوو ، چەندین بنکەی سەربازیشی بەزەبری هێز لە قوڵایی ئەوروپا دامەزراندبوو ، دنیایەک بێسەرووبەریی لە جیهاندا بڵاوکردبوەوە ، ئەویش یەکێکی تر بوو نۆبڵی ئاشتی پێ بەخشرا !

لێرەدا لیستی ئەو ستەمکارانە کۆتایی نایەت کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیان پێ بەخشراوە ، کە یەکێکی تریان خانمە سەرۆک وەزیرانە خوێنڕێژەکەی بۆرما بوو ، کە سەرکردایەتی هەڵمەتی کۆمەڵکوژیەکەی موسڵمانانی ویلایەتی ( ڕۆهینغا ) ی لە ئەستۆ گرتبوو ، ئەم خاتوونە ستەمکارە جگە لەوەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ، خەڵاتی ( سەخارۆف ) ی ئەوروپی بۆ ئازادی بیرورا پێشکەش کرا ، لەگەڵ بەخشینی مەدالیای کۆنگرێس بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی !
دوێنێش میدیاکان بڵاویان کردەوە کە ( ماریا کۆرینا ماتشادۆ ) خانمە بەرهەڵستکاری ئۆپۆزسیۆنی فەنزویللا نۆبڵی ئاشتی بەدەست هێناوە -- گوایە وەک نرخاندنێک بۆ ئەو هەوڵانەی ناوبراو داویەتی لەپێناو گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتی خۆسەپێن لە وڵاتەکەی ... بەڵام لەبیرمان نەچێت هەر ئەم ماریا کۆرینا بوو کەلە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسینێکی ئاراستەی ناتانیاهۆ کرد و وتی : جەنگی ئیسرائیل جەنگی فەنزویللایە !
من نازانم مرۆڤ چۆن لەوڵاتی خۆیدا دەبێتە کۆتری ئاشتی لەکاتێکدا لەوڵاتانی تر دەبێتە خوێنڕێژو خۆێنمژی گەلانی تر !

ئینجا ئەوەی زیاتر جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە : هەرکەسێک پشیلەیەک بشێلێت ئەگەر چی هەزار جەنگیشی لەم جیهانەدا وەستاندبێت ئەوا وەستاندنی ئەو هەزار جەنگە هیچ شەفاعەتێکی بۆ ناکات بۆ سڕینەوەی تاوانی شێلانی پشیلەکە ، واتە قەت ناتوانێ ببێتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ... بەڵام وادیارە خوێنی گەلانی ستەمدیدە لای ئەوان زۆر هەرزان و بێ نرخترە لەخوێنی پشیلەیەک .. گەلانی موسڵمان کەسیان نیە بۆیان بگری ، بۆیە لەناوبردن و قەتڵوعام کردنیشیان نابێتە ڕێگریەکی ئەوتۆ لەبەردەم بەخشینی نۆبڵی ئاشتی بەستەمکاران


PM:06:41:11/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی