من دژی ئۆپۆزسیۆن نیم دژی کۆپیە ساختەکەم

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن بە لیست و کاندیدی سەربەخۆ، بێگومان وجودیان هەیەو دەنگیان بەرزە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق، باس لە یەکگرتوو کۆمەڵی دادگەری ناکەم دەنگی جێگیری خۆیان هەیە، باس لە بەشێکی ئەم ئۆپۆزسیۆنەی جادەو سۆشیاڵ میدیایە دەکەم، پێش هەرشت ڕقم لێیان نیەو دۆستی زۆرم هەیە لەنێویانداو بەردەوام زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەین، بەڵام نازانم بۆ ڕەخنەیان قبوڵ نییەو ئەمانیش وەک حیزبە دەسەڵاتدارەکان بگرە خراپتر، بەهەمان ئامڕازی ئایدۆلۆژیی و زمانەوانی و بەلاغی توندو زبر، ڕووبەڕووت دەوەستن و، خەریکی داتاشینی تۆمەتی ناڕەوان بۆت، هەربۆمن نا، بۆ خەڵکانی پاک و جوامێرو بەهەڵوێست و هاوڕێ نزیکەکانی خۆشیان کەئێستا لێیان تەریک بوون تەنها لەبەرئەوەی لەو بەرەیە نین و بەو ڕیتم و ئاوازە ناخوێنن.

ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا هەیەو خۆی مانیفێست کردوە شانی داداوەتە سەر پشتی خەیاڵ، بەرماوەی ڕۆژنامە ئازادەکان و بزوتنەوەی گۆڕان و هەندێک دەنگی ناڕازی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، ساڵەهایە خۆیان هۆکاری سەرەکی و بەربەستن بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی و چاکسازیی لەهەرێمداو ئێستا داوای گۆڕینی دەسەڵات ئەکەن بەدەم و بەزار، هەرخۆیان ئاستەنگی سەرەکی بوون لە ڕیفۆرمی جومگە سەرەکیەکان و دەستاودەستی دەسەڵات، هەرخۆیان ڕێگربوون لە هەڵدانەوەی بۆگەناوی مەنهۆڵەکە بۆچی؟ چونکە کوڕی هەمان مەدرەسە کۆنەکەن، سەر بەو جیهانەی خودی دەسەڵاتن و تا سنورێکی دیاریکراو خەتیان بۆ کێشراوە، بڕۆن و ڕاکەن و جنێوبدەن و چالاکی بکەن، ئەگەرنا خێرە ڕێژەی کورسیەکانیان زیادناکات!؟

بێگومان کۆپی نا، براندە ڕەسەنەکەی ئۆپۆزسیۆن هەیەو مەوجودە، واتە بەرەی دژە گەندەڵیی، بەرەی دژە ئانارشیزم و سیاسەتی چەوتی بەڕێوەبردن، بەرەی دژە دەسەڵاتی فیعلیی، بەرەی خۆنەچەمان دژی فاشیزمی تورکی و فارسی و عەرەبیی، بەڵام هێشتا زەمینەی ئەوەیان نییە بێنە مەیدانەکەو خۆیان مانیفێست نەکردوە، نەئەمریکاو نەئێران و نەتورکیا حەزبە چارەیان ناکات، خەڵکانی پەرێز پاک و چاک و نەتەوەدۆست و وڵاتپارێزو ڕادیکاڵ و ڕەخنەگرن و بۆ ساتێکیش سازشیان نەکردوەو نایکەن، دەسەڵات بەبەرنامە قوڕگی گرتوون و هەناسەو بڕستی لێبڕیون و دووری خستوونەتەوە لەهەموو کایە مەعریفی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەکان و نەبوونەتە هەواکێشی ساختەی مەنجەڵی توڕەبوونەکەی خەڵک.

دەسەڵات بۆیە ناشیرین بوو لەم دوو زۆنە، ساڵەهای ساڵ خەریکی تۆمەت و نەفرەتکردنی خەڵکی ڕەخنەگرو پاک و بەجەوهەرو بەخێوکردنی خەڵکی ناکارامەو بودەڵە بوو، دژی نوسەران و چالاکوان و کەسایەتیە نیشتیمانپەروەرو ڕۆشنبیرو بیریارە جددیەکان وەستابوونەوە بەپێدانی داتاو ڕاپۆرتی حیزبیی نادروست. ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا بەو شەش حەوت باڵ و ڕەوتەوە کە ناتوانن پێکەوە پانزە کورسی کۆبکەنەوە وا لەخۆیان گۆڕاون لاسایی نەریتە خراپەکانی دەسەڵات دەکەنەوەو خەریکی هەمان قەوان و بالۆرەو شوێنپێ هەڵگرتنی حیزبە دەستڕۆشتوەکانن.

ئەمانە یەک حیکمەتی سیاسی و فیکریی و میتۆدێکی دروستیان نییە وەک کارنامەی ئەخلاقیی بۆکارکردن جگە لەتۆمەت و هاوارو زەنا، ڕۆژانە کەسی دوەم و سێهەمیان هەڵدێن و تێدەگەن ئەمە هەر ئایدۆلۆژیاو مەدرەسە کۆنەکەی دەسەڵاتن، دەی کاتێک ئێمە پشتگیریی پڕۆژەکەیان ناکەین و دژی دەوەستین و داتای راستیان پێئەدەین دەکەوینە بەردەم لێشاوێک لە تۆمەت و بوختانی ناراست.

هەرگیز لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردن نیم لەهیچ هەڵبژاردنێکی عێراق، بگرە هانی دۆستەکانیشم ئەدەم بچنەسەر سندوقەکانی دەنگدان و بیکەن بەکەرنەڤاڵ تا کورسیەکانی کورد لەهەموو ڕەنگەکان مسۆگەر بکەین و بەربگرین لەو دیدو فاشیزمە نوستوەی عێراقیەکان و دەوڵەتی قووڵی وەلائی کەبەردەوام هەڕەشەن بۆسەر کوردو قەوارەی هەرێم، ئەسڵەن پێم باشە خەڵکانی باش و پاک و نیشتیمانپەروەر لەهەر ڕەوت و لیستێک، بچێتە سەنگەری بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و کورسی خۆی وەدەستبخات.

بەڵام ئۆپۆزسیۆنێک وەک دیوی دوەم و پشتەوەی دەسەڵات، دەستە دووی هەمان ئەو جیهانە کۆنە، دیسان خەون و پڕۆژەو هیواو هەست و دەنگی ئەو خەڵکە بفرۆشێتەوەو نائومێدی دروست بکاتەوەو توڕەیی شەقام بگۆڕێتەوە بەئیمتیاز بۆخۆی و ماڵباتەکەی، بۆئەوە باشە هەر لەئێستاوە نەفرەتی لێبکەین و ڕێگا دروستەکەیان نیشان بدەین، باشە خێرە لەم تەرزو ڕەوتەی ئۆپۆزسیۆندا هیچ پڕۆژەیەکی ڕوون و جددی نییەو نابینی بۆ گۆڕانکاریی و بەدیل، بۆچی پڕۆژەی بەدیلتان نییە بۆ جێگرەوەی دەسەڵات، پڕۆژەی عەقڵانی و زانستی و نەتەوەیی و خاوەن دیدگاو ئەخلاقپەسەندو متمانەدار، نەک قسەو گوتاری میدیایی و لایڤ و پاڵەوانبازیی بۆ یەک دوو کەس، دەسەڵات ئیحراج بکەن نەک موجامەلەیان بکەن لە ژێرەوە لەپشتەوەش دەستلەملان، یەک تاکە پڕۆژەی بەدیل نەنوسراوە تا ئێستا من سەرسام بکات ئیتر دەنگدان بۆ ئێوە چی دەگۆڕێ و چی سەربارئەخا تەنانەت ناتوانن دوای هەڵبژاردن پارێزگاری لەدەنگی ئەو خەڵکە ڕەش و ڕووتەش بکەن و بەناوی دیزاینکردن و هاکی سۆفتوێرەوە شکستی خۆتان دادەپۆشن.

یەک دوو براو خوشکی بەهەڵوێست نەبێ کەدیارن دوو بانگخوازو مەلای بەسەنگی ئاینی و کەسایەتی بەهێزو خاوەن ستراتیژو خەباتگێری تێدانییە ئەم ئۆپۆزسیۆنە کۆپیەو ئەوانیشتان ڕەنجاند، ئایا ڕەمزە کاریگەرەکانی نێو مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی و دەستەبژێرەکەی شەقام کوان بۆ دیارنین؟

ڕەمزی باش و بەهەڵوێستم بۆ تەرح بکە بۆ گۆڕانکاریی با پڕ بەگەرووم بڵێم بژی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆو جددی و بڕوخێ دەسەڵاتی گەندەڵ، بەڵام بەڕاستی ڕەمزی ناڕۆشن و براندی ساختەم قبوڵ نییە.


PM:04:34:11/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی