کەی شەممە دێت ؟!!

‌د. ئەمیر حسێن

لە نەخۆشخانەیەکی دەرونی پزیشکەکە لە نەخۆشەکەی پرسی

ئەمڕۆ چ ڕۆژێکە ؟
وەڵام ئەمڕۆ هەینییە 
پزیشک ئەی بەیانی ؟
وەڵام هەر هەینییە 
بە سەر سوڕمانەوە ئەی کەی شەممە دێت ؟

زۆر بە هێمنی نەخۆشەکە لە وەڵامدا وتی:

شەممە ئەوکاتە دێ ئەمڕۆمان جیاوازبێت لەگەڵ دوێنێ ، ئەوکاتەی هەنگاوێک لە دادپەروەری نزیک دەبینەوە ، ئەوکاتەی دادپەروەری ئەمڕۆ لە دوێنێ زیاتربێ و ستەمی دوێنێ لەهی ئەمڕۆ کەمتر، تەنها ئەوکاتە شەممە دێت دکتۆر .

ئەگەرچی لە ڕوکەشدا ئەم دیالۆگە زۆر سادە خۆی پێشاندەدات ، بەڵام لە جەوهەردا فەلسەفەیەکی قوڵ دەشارێتەوە : نەخۆشەکە دەربارەی تێکچونی هاوسەنگی لە بیرەوەری و تێڕوانینی شێواوی خۆی بۆ کات قسە ناکات ، بەڵکو باس لە تێکچونی هاوسەنگی و تێڕوانینی شێواوی جیهان دەکات ، لە بەرامبەر غیابی هۆشیاری دادپەروەرانەو کاریگەریەکانی چەمکی گۆڕان . لەم دایالۆگەدا کات تەنها تێپەڕینی کاتژمێرەکان و چرکە ساتەکان نیە ، بەڵکو درێژبونەوەیەکی مۆڕالیە ، جارێکیتر دەخزێتەوە نێوان بۆشاییەکان و بەهەڵوێست پڕیان دەکاتەوە، هەڵوێست بەرامبەر ئەوانیتر ، هەڵوێست بەرامبەر بوون تا دەگاتە هەڵوێست بەرامبەر سروشت و گەردون ، ئەم هەڵوێستانە تا ئاوس نەبن بە گۆڕان ، هەمیشە بە پوچی دەمێننەوە وهەرگیز هیچ  مانایەکی مۆڕاڵی قوڵ ، بە کات نابەخشن . بۆیە داماڵینی گۆڕان لە هەڵوێست تەنها بە تاڵ کردنەوەی نیە لە مانا ، بەڵکو فڕێدانی کاتە بۆ نێو بەستەڵەکی مێژوو .

   لێرەوە کات لە پێوانە و بژاردنی نێوان  مەسافەوە ، دەگۆڕێ بۆ بابەتێکی مۆڕاڵی بە ئیمتیاز ، هیراکلیتیس دەڵێت : " هەموو شتێک دەگۆڕێ و هیچ شتێک وەکو خۆی نامێنێ " بەڵام کاتێک دوبارە بونەوە دەبێتە یاسا ، ئەوکاتە گۆڕان دەبيتە وەهم وخەونێکی ئەبەدی ، ئێمە دەکەوینە بەردەم کاتێکی مردوو ، وەک نیچە لە بیرۆکەی گەڕانەوەی سەرمەدیدا باسی دەکات ، مرۆڤ ئیتر دەکەوێتە دوبارە بەرهەم هێنانەوەی هەڵەکان و کڵۆمدانی ئاسۆی چارەسەری ناسۆری و ئازارەکانی .

   لە بەرامبەردا کاتی زیندوو بەسەر دووبارەبونەوەدا تێدەپەڕێ و بازدەدات ، ئەمەش وادەکات بەیانی ڕۆژێکی نوێ و ڕوداوێکی تازەبێت لە ئاگامەندیماندا ، نەک تەنها ژمارەیەکی ئاسایی سەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکان ، ئەوە ئەو کاتەیە تیایدا ڕۆژەکانی ، تەنها بە بڕی ئەو دادپەروەریە پێوانە دەکرێ ، کە بۆ بەیانی مسۆگەری دەکەی و بەدەستی دەهێنێ ، یان بە بڕی ئەو ستەمەی دەتوانی لەسەر خۆتی لابدەی و بیسڕیەوە . فۆکۆ پێیوایە " مێژوو بە گوتاری سیاسیەکان و ئاڵوگۆڕی ڕوخسارەکان جوڵەناکات ، بەڵکو بە گۆڕانی ڕێشەیی نەخشەڕێی دەسەڵات و زانین بەڕێوەدەچێ " ئەوکۆمەڵگایەی دەسەڵاتدارەکانی ئاڵوگۆڕ پێدەکات بەبێ دەست بردن بۆ بونیادی کۆنکرێتی سیستەمی دەسەڵات ، گرەوی گۆڕانکاری و ژیانێکی باشتر لە دوێنێ ناباتەوە ، بەڵکو دوێنێ بە بەرگێکی نوێوە دوبارەدەکاتەوە . ستەم کات دەکات بەژێر دەستو پێی دەسەڵاتدارانەوە ، لە پنتێکی جێگیرو نەگۆڕدا ، وەکو بتێکی ناشیرین دایدەکوتێ ، لێرەوە چیرۆکی دوبارەبونەوەیەکی بێزارکەر دەستپێدەکات ، دوبارەبونەوەی ستەم دوبارەبونەوەی نادادی ، دوبارەبونەوەی گەندەڵی و دزی و پێشێل کردنی ماف و کەرامەت و دوبارەکردنەوەی حیکایەتە قێزەونەکانی خیانەت و بازرگانیکردن بە خاک و خۆفرۆشی ، ئیتر فەزای گشتی خۆڵبارانی بێ مۆڕاڵی دایدەگرێ ، تۆزو خۆڵی ئەم کەشە خنکێنەرە ، کێرڤی بێشەرمی دەسەڵاتداران تا ئەوشوێنە بەرزدەکاتەوە ، چارەگە سەدەیەک ، تا نیو سەدە و بگرە زیاتر لە سەدەیەکی پڕ ، لەسەر کورسی ستەم و نادادی دابنیشن . مێژوو لە سێبەری دەسەڵاتی ئەم جۆرە سیستەمانە ، هەر زوو پەتکە دڕکی دەپسێ و بەیەکجاری لە جوڵە دەکەوێ ، شەممە دەبێت بە سەراب و لە مانای ڕۆژێکی نوێ بەتاڵدەبێتەوە و دادەچۆڕێ .

جەلالەدینی ڕۆمی ڕاستی فەرموە کاتێک دەڵێت : " هەر ڕۆژێک لە نوێوە تیایدا لەدایک نەبیەوە ، ئەوە ڕۆژێکە تیایدا نەژیاوی " بێگومان لێرەدا مەبەست دووبارە لەدایکبونەوەی بایۆلۆژی نیە ، بەڵکو بەردەوام نوێبونەوەی ڕوحی و کلتوریە، هەر کۆمەڵگەیەک توانای گۆڕانکاری و نوێبونەوە لەدەست بدات ، ڕۆژەکانی وەک لاپەڕەسپیەکانی مێژووە ، هێشتا هیچی تێدا نەنوسراوە ، چاوەڕوان ناکرێ شەممەش هیچی تێدا بنوسێ .

لە وەڵامی نەخۆشەکەوە شەممە تەنها ڕۆژێک نیە ، بەڵکو دەبێتە سیمبولی گۆڕان و هەستانەوە ، ئەو ڕۆژەیە ئیتر دابڕان دروست دەکات لەگەڵ دوێنێدا ، بازنەی دوبارەبونەوە هەڵدەتەکێنێ و مانایەکی نوێ بە کات دەبەخشێتەوە ، تیایدا مرۆڤ پێش ئەوەی چاودێری کاتژمێرەکەی دەستی و ڕۆژمێرەکەی بەردەمی بکا ، چاودێری هۆشیاری ویژدانی دەکا ، وەک چۆن بەلای ئیدمۆندهوسرڵ وە کات تەنها زنجیرەیەک ( ئێستا )ی جۆراوجۆر نیە ، وەک بابەت لە دەرەوەی خود ، بەڵکو تاڤگەیەکی بەردەوامی بونیادی خودی هۆشیاریە ، تێیدا ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو لەناو ئەزموونی هۆشیاریدا بە تێکەڵاوی هەڵدەڕژێن .  

لە کۆتایدا ، وەڵامدانەوەی پرسیارێکی لەم جۆرە ، لە وڵاتی ئێمەدا وەک سۆنەری هۆشیاری بە کۆمەڵە ، پێش ئەوەی بچینە ژێر سکانی دەستنیشانکردنی دەردە کوشندەکە ، ئێمە لە هەینییەکی بەردەوام و ئەبەدیدا دەژین ، هەینییەکی داخراوی دوبارە ، لانیکەمی زیاتر لە سی ساڵە دروشمەکان دەگۆڕێن ، فۆڕم و ئاڕم و ڕەنگ و سیماکان دەگۆڕێن ، بەڵام هەینی هەر هەینییە : هەمان ستەم ، هەمان نادادی ، هەمان ترس و تۆقاندن و دزی و گەندەڵی و تاڵانی ، هەمان چاوەڕوانی نادیار و بێئومێدی بێزارکەر . ئێمە کۆمەڵگەیەکین پێمان وایە ، هەڵگێڕانەوەی لاپەڕەیەکی ڕۆژژمێر بەسە ، بۆ ئەوەی بچینە ناو ڕۆژێکی نوێ ، ئاهەنگ بۆهاتنی ساڵێکی نوێ دەگێڕین ، بەڵام ساڵی کۆنمان مێخ زنجیر کردوە وەک بتێکی پیرۆز ،هەمیشە لە کڕنۆش دا وەستاوین و دەستەو دوعا بۆ ئەوەی تێنەپەڕێ . شەممە بە نمایشی  کۆمیدی هەڵبژاردن و بڕیاری سیاسی و مژدەی درۆینە نایەت دڵنیابن ، بەڵکو بە وەرگرتنەوەی جڵەوی کات دێ لە دەست دەستەبژێری بێ مۆڕاڵی سیاسی ، ئەوکاتەی چیتر ڕۆژەکان بەوە ناپێوین چی ڕویداوە ، ساڵ بە ڕوداوە دووبارەکان ناناسینەوە ، بەڵکو بە گۆڕانکاریەکان لە خۆماندا ، بە بێدارکردنەوەی هۆشیاری بە کۆمەڵ ، جارێکیتر شوناسی ڕۆژو ساڵەکان دیاریدەکەینەوە . لێرەوە ئیتر کات دەبێتە زنجیرەیەکی گرێدراوی مۆڕاڵی بێدوایەکی ، کۆمەڵگەکەمان لە نەخۆشخانەی دەرونی دوبارەوە دەست بە جوڵە دەکات ، ڕووەو کاتی مێژووی ڕاستەقینە . شەممە چیتر ڕۆژێک نیە دوای هەینی بێت بەڵکو ئیتر دابڕانێکی بە ویقاڕە ، لە پێناو بەدەستهێنانەوەی باڵادەستی کات ، لە خزمەت دادپەروەری مرۆڤایەتیدا .




AM:11:14:11/10/2025

ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی